وەزارەتی نەوت گرێبەستی غاز لە سەرجەم کێڵگەکانی عێراق واژۆ دەکات

ناوەندی هەواڵەکان

وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، گرێبەستی بۆ بەرهەمهێنانی غاز لە سەرجەم كێڵگەكاندا واژۆ كردووە و دەشڵێت: ئەوەش هەنگاوی گرنگی بڕیوە، کە بەشێکە لە بەرنامەى ئەم حکومەتە.

عاسم جیهاد، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، هەنگاوی گرنگمان بڕیووە بۆ زیادكردنی بەرهەمهێنانی غاز وەك بەشێك لە جێبەجێكردنی بەرنامەی حكومەت.

ئاماژەى بەوەش کردووە، وەزارەتی نەوت چەندین گرێبەستی پڕۆژەكانی بەرهەمهێنانی غازی لە سەرجەم كێڵگە نەوتییەكان كە غازی هاوەڵیان لێ دەردەچێت، واژۆ كردووە.

وتەبێژی وەزارەتى نەوت ڕوونیکردەوە، لە گرنگترینی ئەو پڕۆژانە، ئەو گرێبەستەیە كە لەگەڵ كۆمپانیای توتاڵ-ی فەرەنسی واژۆ كراوە بۆ بەرهەمهێنانی ٦٠٠ ملیۆن پێ سێجای ڕۆژانە لە پێنج كێڵگەی پارێزگای بەسرە.

عاسم جیهاد وتوشیەتى، وەزارەتەكەیان پێشكەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە لە وەبەرهێنان لە كێڵگەی غازی حلفایە، كە ڕۆژانە نزیكەی ٣٠٠ ملیۆن پێ سێجا بەرهەمدێنێت، لە كێڵگەی زیقاریش بەرهەمی ڕۆژانەی نزیكەی ٢٠٠ ملیۆن پێ سێجایە.

وتەبێژەکەى وەزارەتى نەوتى عێراق ئەوەى خستە ڕوو، گرێبەست بۆ وەبەرهێنانی غاز لە بەسڕە دەگاتە ١٠٠٠ ملیۆن پێ سێجا لە سێ كێڵگەی گرنگ.

هـ.ح

Comments are closed.