چۆن ئامارەکانی توندوتیژیی لە هەڵەبجە نزیک بووەتەوە لە سفر؟

هەرێم قادر

ئامارەکانی توندوتیژیی بەرامبەر بە ژنان لە ھەڵەبجە نزیک بووەتەوە لە سفر، چالاکوانانی مافەکانی ژنانیش باس لەوە دەکەن، بەشێکی توندوتیژییەکانی سەر ژنان لە ڕێگەی دادگاکانەوە یەکلایی ناکرێتەوە، بەڵکوو لە ڕێگەی عەشایەرییەوە کێشەکان چارەسەر دەکرێن، بەو ھۆیەشەوە ئامارەکان وەک پێویست تۆمار ناکرێن.

لە میانی چالاکییەکانی ٢٥ـی نۆڤەمبەر (تشرینی دووەم)ـی ئەمساڵدا، لە پارێزگای هەڵەبجە ”دەستەی خانمانی هەڵەبجە” ئاماری ١١ مانگی ئەمساڵیان بڵاوکردەوە، کە ئەنجامەکەی سەرسوڕهێنەر بوو.

بە گوێرەی ئامارەکە، ڕێژەی توندوتیژیی تۆمارکراو لەو ماوەیەدا لە شاری هەڵەبجە نزیک بووەتەوە لە سفر، لەبارەی چۆنییەتی و ناوەڕۆکی ئامارەکان و گرفتەکانی دەستڕاگەیشتن بە سەرجەم ڕووداو و حاڵەتەکان، مافناسان و چالاکوانانی هەڵەبجە بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

کوێستان ئەکرەم
کوێستان ئەکرەم

کوێستان ئەکرەم چالاکوانی ڕێکخراوەکانی ژنان بە ڕۆژنیوزی وت: سەری ڕێز و نەوازش بۆ ئەو ژنانە دادەنەوێنین، کە بوونەتە قوربانیی و کۆمەڵگە نەیھێشت بگەن بەو ئاواتانەی ھەیانە، لە ھەڵەبجە ئێمەی ژنان ناڵێین توندوتیژیی نییە، ئامارەکان پێمان دەڵێت، توندوتیژییەکان بەرامبەر بە ناوچەکانی دیکەی هەرێم زۆر کەمترە، خەریکە نزیک دەبێتەوە لە سفر.

ئەو ژنە چالاکوانە وتیشی: زۆرجار کێشەکانی ژنان ئەو توندوتیژییانەی بەرامبەریان دەکرێت ناگات بە دادگاکان، لەوێوە یەکلای ناکرێتەوە، بەڵکوو لە ڕێگەی عەشایەری و داب و نەریتی کۆمەڵایەتییەوە چارەسەر دەکرێت، کە گرنگە و پێویستە لە ڕێگەی دادگاکانەوە کێشە خێزانی و توندوتیژییەکان چارەسەر بکرێن نەک بە شێوەی عەشایەریی کە ئێستا بەربڵاوە.

باسی لەوەشکرد، کاتێک ژنێک خاوەنی داھاتی سەربەخۆی خۆی بێت، زیاتر دەتوانێت ڕووبەڕووی کێشەکانی ڕۆژگار بێتەوە، دەتوانێت بە شێوەیەکی ئەرێنی چارەسەری کێشەکانی بکات، ئێستا پێنەدانی مووچە کاریگەری نەرێنی لەسەر ھەموو تاکەکانی خێزان درووست کردووە، ئامارەکان پێمان دەڵێن، نەدانی مووچە ھۆکارێکی سەرەکی توندوتیژییەکانە و گرفتی خێزانی درووست دەکات.

گوڵستان ئەحمەد
گوڵستان ئەحمەد

ھاوکات گوڵستان ئەحمەد بەرپرسی نووسینگەی مافەکانی مرۆڤ لە ھەڵەبجە بە  ڕۆژنیوزی وت: ڕێژەی توندوتیژییەکان لە پارێزگای ھەڵەبجە ناڵێین نەماوە بەراورد بەساڵانی ڕابردوو ئامارەکان ڕوویان لە کەمبوونەوە کردووە، بەڵام بارودۆخە ئابوورییە دەستکردەکان بوونەتە تەنگەژەیەکی گەورە لەبەردەم خێزانەکاندا، نەدانی مووچە بۆخۆی توندوتیژییە، چوونکە سەرچاوەی کێشە خێزانیەکان و توندوتیژییەکان بەرامبەر بە ژنان بەشێکی بۆ کەمی داھات دەگەڕێتەوە.

وتیشی: ئێستا بارودۆخەکە پێچەوانە بووەتەوە، حکومەت خۆی توندوتیژیی بەرامبەر بە کۆمەڵگە دەکات، بەو ھۆیەشەوە ڕێژەی توندوتیژییەکان لە خراپی بارودۆخی ئابوورییدا زیاتر بووە، کە ھۆکارەکەی حکومەتە نەک ھاوڵاتییان.

ش. ئـ

Comments are closed.