پلاسخارت: گەندەڵی گەورەترین ئاڵنگارییە کە ڕووبەڕووی عێراق دەبێتەوە

ناوەندى هەواڵەکان

نێردەی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق ڕایگەیاند، گەندەڵی یەکێکە لە گەورەترین ئەو ئاڵنگارییانەی ڕووبەڕووی عێراق دەبێتەوە، دەشڵێت، حکومەت پابەندییەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی جێبەجێ دەکات و نەتەوەیەکگرتووەکان هاوکاری دەبێت.

جێنین پلاسخارت نێردەی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

جێنین پلاسخارت نێردەی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان دەڵێت: گەندەڵی یەکێکە لە گەورەترین ئەو ئاڵنگارییانەی ڕووبەڕووی عێراق دەبێتەوە، کە کاریگەری خراپ لەسەر سەقامگیری و بەرەوپێشچوون درووست دەکات.

وتیشی: گەندەڵی سامانە نیشتمانییەکان کەمدەکاتەوە و ڕێگری لە گەشەپێدان و گەشەسەندنی ئابووری دەکات.

پلاسخارت ئاماژەى بەوە کرد، حکومەتی عێراق دەستیکردووە بە جێبەجێکردنی پابەندییەکانی لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، لەم جەنگەشدا نەتەوەیەکگرتووەکان بە ئامادەییەوە لەگەڵ عێراق دەوەستێتەوە.

نێردەى نەتەوەیەکگرتووەکان باسی لەوەشکرد، وەک دیارە لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی هەر توێژە و بەرپرسیارێتی خۆی هەیە، بەڵام لە کۆتاییدا بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ئەرکی هەمووانە.

ئەمڕۆ ٩-١٢ ڕۆژی جیهانی بەرنگاربوونەوەى گەندەڵییە لە جیهاندا و ساڵانە وڵاتانی جیهان لەبارەى گەندەڵییەوە پلان و بەرنامەی نوێ دادەڕێژن بۆ ڕووبەروونەوەى ئەو دیاریدە ترسناکە، هاوکات نەتەوەیەکگرتووەکانیش یەکێک لە ئەرکەکانى هاوکارییکردنى وڵاتانە بۆ ڕووبەروونەوەى گەندەڵی.

هـ.ح

Comments are closed.