سەدر: ئەگەر ئێمە هێرش بکەینە سەر باڵیۆزخانەى ئەمریکا شانازییە

ناوەندی هەواڵەکان

ڕەوتى سەدر ڕەتیکردەوە، کە ئەوان هێرشیان کردبێتە سەر باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە عێراق و دەشڵێت: ئەگەر ئێمە هێرش بکەینە سەر ئەمریکا شانازی پێوەى دەکەین.

ڕەوتى سەدر ڕاگەیاندراوێکى سەبارەت بە هێرشی دوێنێی سەر باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە بەغدا بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ڕەوتى سەدر دەڵێت: هەندێ کەس و لایەن ئێمەیان تۆمەتبار کردووە بە هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەى ئەمریکا، بەڵام ئەمە دوورە لە ڕاستییەوە، ئەمە کاری ئێمە نییە هێرش بکەینە سەر نوێنەرایەتییە دیبلۆماسییەکان.

ئاماژەى بەوەش کردووە، ئەو تۆمەتانە لە چوارچێوەى بانگەشەى گەندەڵانە بۆ هەڵبژاردنەکان و دەیانەوێ خۆیان بە سەدرەوە گەورە بکەن.

هاوکات ڕەوتى سەدر ڕاشیگەیاندووە: ئێمە بەرپرسیار نین لەو هێرشەى دوێنێی سەر باڵیۆزخانەى ئەمریکا، ئەگەر ئەو هێرشە ئێمە کردبێتمان ئەوا جێگای شانازییە بۆ ئێمە.

هەروەها سەدر جەختیکردووەتەوە، حکومەتى عێراق بەرپرسیارە لە بەرامبەر پاراستنی نوێنەرایەتییە دیبلۆماسییەکانى وڵاتان لە عێراق.

ئەمە لە کاتێکدایە کە دوێنێ هەینى گرووپە چەکدارە شیعەکان هێرشیان کردە سەر باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە بەغدا و دوا بەدوای ئەوەش سەرۆک وەزیرانى عێراق ڕایگەیاند، دەبێت لێپێچینەوە لەو کەسانە بکرێت ئەو هێرشەیان ئەنجام داوە، هەر دوای ئەوەش دووبارە گرووپە چەکدارەکان هێرشیان کردە سەر ئاسایشی نیشتیمانى عێراق و بنکەی سەربازی ئەمریکا لە عەین ئەسەد و فڕۆکەخانەى هەولێر.

هـ.ح

Comments are closed.