نەوەکانی بارزانی بە پارەی قوتی خەڵک سەری ساڵ لە کوێ بەسەردەبەن؟

بنار هیدایەت

مووچەخۆرانی هەرێم مووچەی سێ مانگیان وەرنەگرتووە، گرانیی، برسێتیی، بێکاریی و هەژاریی هەموو هەرێمی گرتووەتەوە، بەڵام نەوەکانی بارزانی بۆ ئاهەنگی سەریساڵ ڕۆشتوونەتە نەمسا و لە هۆتێلی (هایت سەنتەر) دەمێننەوە کە کرێی یەک شەوی بۆ یەک نەفەر ٥٢٨٠ دۆلارە.

ڕۆژ لە ڕۆژ قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان قوڵتر دەبنەوە، هاوکات سێ مانگە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان نەدراوە، ئەمەش گرانیی و برسێتیی و هەژاریی و بێکاریی بڵاوکردووەتەوە، تاکە بیانوویی دەسەڵاتیش نەبوونی پارەیە، کەچی نەوەکانی بارزانی بە پارەی قوتی خەڵک، لە گرانبەهاترین هۆتێلەکانی جیهان سەرقاڵی ئاهەنگگێڕانن.

سەرچاوەیەكی تایبەت لە ڤییەنای پایتەختی وڵاتی نەمسا بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، ماوەی چەند ڕۆژێكە، چەند نەوەیەکی بنەماڵەی بارزانی بۆ ئاهەنگگێڕانی سەریساڵ و بەسەربردنی کاتەکانیان، هاتوونەتە ڤییەنا و لە هۆتێلی (هایت سەنتەر) دەمێننەوە و پاسەوانەكانیان لە بەردەرگا پاسەوانییان دەكەن.

بەپێی بەدواداچوونێکی ڕۆژنیوز، (هۆتێل هایت سەنتەر) یەكێكە لە گرانترین هۆتێلەكانی ئەو وڵاتە، بۆ یەك شەو مانەوە لە هۆتێلەکە بۆ یەک کەس ٥٢٨٠ دۆلارە و لەناو سەنتەری بازرگانیی ڤییەنایە و لە ساڵی ١٩١٥ درووستكراوە، لەلایەن خانەوادەی پریت زاكێری ئەمریكییەوە خاوەندارێتی لێ دەكرێت.

لە کاتێکدا نەوەکانی بارزانی پارەی قوتی خەڵک دەبەنە دەرەوەی وڵات و لە ئاهەنگگێڕان و قومار و کاتبەسەربردندا خەرجی دەکەن، هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی مووچەی خوراوی سێ مانگی خۆیانن، کە سەرەتاییترین مافە.

ب.گ

Comments are closed.