سەرۆك كۆمار: نابێت هاوڵاتییان لە دەنگدان سارد ببنەوە

ناوەندی هەواڵەكان

د. لەتیف ڕەشید سەرۆك كۆماری عێراق داوا لە هاوڵاتییان دەكات بەشدارییەكی كارایان هەبێت لە هەڵبژاردنەكانی چەند ڕۆژی داهاتوو و بچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان.

بەبۆنەی نزیكبوونەوە لە وادەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی وڵاتەكەی، سەرۆك كۆماری عێراق پەیامێكی بڵاوكردەوە.

لە پەیامەكەدا سەرۆك كۆماری عێراق ڕایگەیاندووە، بەشداری کارای ھاوڵاتییان لە ھەڵبژاردن جگە لەوەی دەبێتە ھۆی چەسپاندنی دەستوور و بنەماکانی دیموکراسیی، گرنگترین ھۆکاریشە بۆ ئاڵوگۆڕی ئاشتییانەی دەسەڵات و دەربڕینی ویستی ئازادانەی ھاوڵاتییان.

سەرۆک کۆمار داوا لە سەرجەم ھاوڵاتییان دەکات بەشدارییەکی چالاکانە و گرنگ بکەن لە پڕۆسەی ھەڵبژاردندا، چونکە بەشداری کارای ھاوڵاتییان لە ھەڵبژاردن و چاودێری بەردەوامییان بۆ دەسەڵاتە جیاجیاکان، ھاوکار دەبێت لە پێشکەشکردنی خزمەتێکی باشتر و زیاتر ئاوەدانکردنەوەی وڵات.

لە پەیامەکەیدا د. لەتیف ڕەشید داوای لە ھەموو ئەوانەکردووە سەرقاڵی بەڕێوەبردنی پڕۆسەی ھەڵبژاردنن بەردەوام بن لە ھەوڵەکانیان بۆ بەدیھێنانی پڕۆسەیەکی سەرکەوتووی ھەڵبژاردن کە ویستی دەنگدەران بەدیبێنێت و دادپەروەری و یەکسانی و پابەندبوون بە بنەماکانی دەستوور و یاساکانەوە مسۆگەر بکات.

ب. هـ

Comments are closed.