تەرمی قوربانییانی سۆران بە خاک سپێردران

سۆران

شەوی ڕابردوو بەهۆی ئاگر کەوتنەوە لە یەکێک لە باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون لە شارۆچکەی سۆران، ۱٨ کەس بوون بە قوربانی، کە ۱٤ کەسیان گیانی لەدەستدا و چوار کەسی دیکەشیان برینداربوون، ئەمڕۆ بەشێوەی جیاجیا و لە شوێنی جیاواز بە خاک سپێردران.

لەناو قوربانیانی ڕووداوەکەی شەوی ڕابردووی شارۆچکەی سۆران، ١٠ پیاو و چوار ژنی تێدا بووە کە دوو کەسیان خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دوو کەسی دیکەشیان هاوژینی یەکتری بوون و خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان بوون لە ڕووداوەکەدا گیانیان لەدەستدا بوو.

لە مەراسیمێکدا تەرمی بەشێک لە وانەی کە خەڵکی سنوورەکە بوون و بەمەبەستی خوێندن لە زانکۆی سۆران لەو باڵەخانەیەدا نیشتەجێبوون، لە گۆڕستانەکانی هەریەک لە (دەرگەڵە، ئیسقەڵا، خەلیفان و سۆران) بە خاک سپێردران.

بەوتەی پزیشکی دادی سۆران، تەرمی یەکێک لە قوربانییەکان بە ڕەگەز عەرەبە و ڕەوانەی هەولێر کراوە و دوو تەرمیش ڕادەستی کەسوکاریان کراوەتەوە کە خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانن، پاشان دوو تەرمی تریش کە بەمەبەستی سەردانی کردن هاتبوونە باشووری کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕادەستی کەسوکاریان دەکرێتەوە بەمەبەستی بردنەوەیان بۆ زێدی خۆیان.

هاوکات هەر ئەمڕۆش لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، هەڵگورد شێخ نەجیب، بەرپرسی یەکەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕایگەیاند، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە پێکهێنراوە و تا ئێستا دوو کەسیش دەستگیرکراون، کە یەکێکیان خاوەنی باڵەخانەکەیە و ئەوی تریان خاوەنی مۆبیلیاتێکە کە کاری لە ژێر زەمینی باڵەخانەکە کردووە، ئاگرەکە لەوێوە تەشەنەی کردووەتە ناو بەشەکانی باڵەخانەکە.

ر.س

Comments are closed.