بڕیاری دوورخستنەوەی هێزە بیانییەكان لە عێراق هێزەكانی دەوڵەتی توركیش دەگرێتەوە؟

بەغدا

لەگەڵ پرسی دوورخستنەوەی هێزەكانی ئەمریكا، دوورخستنەوەی هێزەكانی دەوڵەتی داگیركەری توركیش لە عێراق دەوروژێنرێت، چونكە بوونی ئەوان لە بە هەنگاوێکى مەترسیدارتر دەبینرێت، ئەوەش بەهۆی ئەنجامدانی هێرشە داگیركەرییەكانیانی لە خاكی عێراق، كە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ فراوانتر دەبن و خەڵكی مەدەنی دەكەنە ئامانج و تەواوی گوندەكانی سەر سنوور وێران دەكەن.

ئەم پرسە مەترسیدارە، ساڵانێكە دەوڵەتی عێراق نەیتوانیوە چارەسەری بكات، بەڵام عەسائیب ئەهلی حەق هەوڵەكان چڕتر كردووەتەوە بۆ دەركرنی هێزە بیانیییەكان لە خاكی عێراق، لە ئێستادا پەرلەمان سەرقاڵى دەركردنی بڕیارێكی نوێیە بۆ دەركردنی هێزە بیانییەكان و لە نێویاندا هێزەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك.

ئەحمەد موسەوی
ئەحمەد موسەوی

ئەحمەد موسەوی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی سادقوون بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، بوونی هێزەكانی توركیا لە ناو خاكی عێراقدا نایاسایی و ناشەرعییە، ئەو هێزانەش بە داگیركەر دادەنرێن، دەبێت ئەو خاكە بەجێبهێڵن، كە ماوەیەكی زۆرە داگیریان كردووە.

ئاماژەی بەوەشكرد، بڕیارەكەی پەرلەمان بۆ دوورخستنەوەی هێزە بیانییەكان لە عێراق بە دڵنیاییەوە هێزەكانی توركیاش دەگرێتەوە، چونكە ئەوان لەنێو ئەو هێزانەدان، كە خاكی عێراقیان داگیر كردووە، بەهۆی ئەو مەترسییەی لەسەر ئاسایش و سەروەری عێراق درووستییان كردووە، دەبێت ئەو هێزانە دوور بخرێنەوە.

ڕوونیشیكردەوە، پێویستە حكومەتی عێراق لە چوارچێوەی ڕێكارە دیپلۆماسی و سیاسی و یاساییەكاندا هەنگاو بنێت بۆ دەركردنی هێزە داگیركەرەكانی تورك، چونکە ئەو هێزانە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بە شێوەیەكی گەورە و مەترسیدار دەچنە قووڵایی خاكی عێراقەوە، هەربۆیە دەبێت ئەم بابەتە بە خێرایی كۆتایی پێبهێنرێت.

قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق، چەند ڕۆژێك لەمەوبەر دژاییەتی خۆی بۆ بوونی هێزەكانی توركیا لە عێراق دەربڕی، بەهەر هۆكارێك بێت، چونكە ئەمە پێشێلكردنی ئاشكرای سەروەریی عێراقە، هەروەها ئاماژەی بە ئامادەیی حكومەتی عێراق كرد، بۆ ئەوەی دەستوور جێبەجێ بكات، ڕێگری لە بەكارهێنانی خاكی عێراق بكات، بۆ هەڕەشەكردن لە وڵاتانی دراوسێ یان دەستپێكردنی هێرش بۆ سەریان، هەروەها داوای لە ئەنقەرە كرد خێرا پشكی ئاوی عێراق بەربداتەوە و ڕێز لە ڕێككەوتن و پەیمانە نێودەوڵەتییەكان بگرێت.

پێشتر عەلی بەنداوی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاندبوو، لیژنەكەیان بۆ پشتیوانیكردنی لە هێزە ئەمنییەكانی عێراق سەرقاڵى ئامادەكردنی بڕیارێكی نوێن بۆ دەركردنی هێزە بیانییەكان لە عێراق، دەبێت ئەو بڕیارەی پەرلەمان بڕیارێك بێت حكومە پابەند بكات.

توركیا لەم ماوەیەی دواییدا هێرشەكانی لە عێراق بە شێوەیەكی بەرچاو زیادكردووە، بە تایبەتی لە گوندەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی، كە دامەزراوە گرنگەكان دەكاتە ئامانج، ئەمە جگە لەوەی بۆردوومانەكانی بۆ سەر خاكی سووریاش چڕتر كردووەتەوە.

كازم حاج
كازم حاج

كازم حاج، شرۆڤەكاری سیاسی بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، هێزەكانی توركیا لەناو خاكی عێراقدا بە پێی هەموو یاساكان داگیركەرن و دەبێت ئەو هێزانە دوور بخرێنەوە، ئەم هێزانە ناوبەناو لەلایەن گرووپە عێراقییەكانەوە دەكرێنە ئامانج، چونكە ئەو هێزانە بەبێ ڕەزامەندی و ئاگاداری حكومەتی عێراق هاتوونەتە ناو وڵاتەوە.

دەشڵێت، پێویستە عێراق هەنگاو بنێت بەرەو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی بڕیارنامەیەكی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان دەربكات، كە توركیا پابەند بكات بە كشانەوەی هێزە داگیركەرەكانی لە عێراق، چونكە ئەم ئامادەبوونە سەربازییە هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی عێراق و بە ئاشكرا پێشێلكردنی سەروەری و بنەماكانی دراوسێیەتییە.

ئەوەشی خستە ڕوو، توركیا پرۆژەیەكی مەترسیداری لەناو خاكی عێراقدا هەیە، هەر بۆیە دەبێت كۆتایی بە بوونی ئەو هێزانە لە ناو خاكی عێراقدا بهێنێت، بۆ ئەوەی هەموو پرۆژەكانی پووچەڵ بكرێتەوە.

ساڵانێكە هێزەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك هاتوونەتە ناو خاكی عێراقەوە و بنكە و كامپیان درووست كردووە، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا هێرشەكانیان چڕتر كردەوە، بۆردوومانەكانی زیاتر كردووە، تا ئێستا حكومەتی عێراق و هەرێم هیچ وەڵامێكی كاریگەریان نەبووە بەرامبەر ئەم هێرشانەی دەوڵەتی تورك.

هـ.ئ

Comments are closed.