عێراق داوای چەند داواكراوێك لە ئەمریكا دەكات

ناوەندی هەواڵەكان

سەرۆكی دەستەی دەستپاكی عێراق ڕایگەیاند، لیستی ناوی ئەو تۆمەتبارانەی عێراقین و داواكراون و لە ئێستادا نیشتەجێی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكان، ڕادەستی وەزارەتی دادی ئەمریكا كراوە، بۆ ئەوەی بیان گێڕنەوە بۆ عێراق، بەشێك لەو تۆمەتبارانە بە دۆسییەی گەندەڵییەوە تێوەگلاون.

دادوەر حەیدەر حەنون سەرۆكی دەستەی دەستپاكی عێراق لەبارەی كۆبوونەوەی دەستەكەیان لەگەڵ وەزارەتی دادی ئەمریكا و ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە بۆ میدیا عێراقییەكان دەدوێت.

حەیدەر حەنون بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند، دوێنێ دەستەیەك لە شارەزایانی دەستەی دەستپاكی لەگەڵ وەزارەتی دادی ئەمریكا كۆبوونەوە، باس لە پێكهێنانی لیژنەیەك كرا، لەنێوان هەردوولادا بۆ لێكۆڵینەوە لە دۆسییە هاوبەشەكان، بە جۆرێک ئەگەر تۆمەتبارێك تۆمەتەكەی بەسەردا سەلمێندرا ئەوا لە ڕێگەی لیژنەكەوە تۆمەتبارەكان ڕادەستی دەسەڵاتی دادوەری دەكرێت.

ئاماژە بەوەشكراوە، دەستەی دەستپاكی عێراق لیستێكی ڕادەستی وەزارەتی دادی ئەمریكی كرد، كە تیایدا داوای هاوكاری یاسایی و ڕادەستكردنی ئەو تۆمەتبار دەكات، كە سزادراون و لە ئێستادا نیشتەجێی ئەمریكان و لەلایەن عێراقەوە داواكراون.

حەیدەر حەنون گەشبینی خۆی سەبارەت بە یاداشتێكی لێكتێگەیشتن لەگەڵ وەزارەتی دادی ئەمریكا دەربڕیووە، بە مەبەستی ئاڵوگۆڕكردنی زانیاری و هاوكاری تەكنیكی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، هەروەها ئەنجامدانی خولی ڕاهێنان لە بارەگای ئەكادیمیای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی عێراق بۆ ئەندامانی دەزگاكانی عێراق.

ئەوەش خراوەتە ڕوو، شارەزایانی دەستپاكی لە وەزارەتی دادی ئەمەریكا ئاماژەیان بە ئاگاداربوونی خۆیان لە مەترسی گەندەڵی بۆ سەر دامەزراوە حكومییەكان لە عێراق و درووستكردنی كێشە لە بواری ئەمنیی و ئابووریی و ئاستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بۆ خەڵك خستووەتە ڕوو، هەروەها ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە كاربكەن، بۆ تەواوكردنی ڕەشنووسی یاداشتەكە لەگەڵ لایەنی عێراقی بۆ پێشكەشكردنی پشتیوانی و ئاڵوگۆڕی ئەزموونەكان.

هـ.ئ

Comments are closed.