ڕۆژی جیهانیی مافی مرۆڤە و مافەکانی هاوڵاتییانی هەرێم زەوتکراون

ناوەندی هەواڵەکان

ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانیی مافەکانی مرۆڤە، بەڵام لە هەرێمی کوردستاندا بەهۆی قەیرانە سیاسیی، ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکان، ڕۆژانە مافی مرۆڤ پێشێل دەکرێن و ڕووداو و ئامارەکان دەیسەلمێنن، کە پێشێلكارییەكان بەرامبەر بە چالاكوانان، ڕۆژنامەنووسان و ژنان، لە ڕیزی پێشەوەی پێشێلكارییەكانن.

جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ ڕۆژی ١٠ـی کانوونی یەکەمی ١٩٤٨ لە کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ٤٨ دەنگی بەڵێ و هەشت دەنگی بێ بڕیار پەسەندکرا و پاشان ئەو ڕۆژە بە ڕۆژی جیهانی مافی مرۆڤ دیاری کرا.

بەڵام لە هەرێمی کوردستان پێشلکارییەکانی مافی مرۆڤ تا دێت زیاتر دەبێت و بەهۆی سیاسەتی داپڵۆسێنەری پەدەکەوە ماف و ئازادییەکان بەرتەسک کراونەتەوە، لێرەدا ڕۆژنیوز بەشێک لەو پێشلکارییانەی لەمساڵدا بەرامبەر هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان کراون دەخاتە ڕوو.

ئازادیی ڕۆژنامەنووسی و ڕادەربڕین

ڕۆژنامەنووسان بەهۆی ئەوەی، کە هەمیشە لە ناو ڕووداوەکاندان و لە ڕیزی پێشەوەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکن زۆرجار دەبنە قوربانی پێشێلکارییەکان، لە هەرجێیەک دەنگێکی ناڕازیی هەبێت هەوڵی کپکردنی دراوە.

لە دواین نموونەشدا ڕفاندن و بێسەروشوێنکردنی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەدە، هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسی ڕۆژنیوز، کە تا ئێستا ڕێگەیان بە هیچ کام لە پارێزەکانی نەداوە دۆسییەکەی بخوێننەوە یاخود لە شوێن و دۆخی تەندرووستی دڵنیابن، کە ئەمەش هاوشێوەی زیندانیانی بادینان هەوڵدەدرێت تۆمەتی بێ بنەمای بۆ هەڵبەسترێت و سزای بەسەردا بسەپێندرێت.

بەپێی ڕاپۆرت و بەیاننامەی ڕێکخراوەکانی تایبەت بە ئازادی ڕادەربڕین و مافەکانی مرۆڤ، تا ئێستا لە هەرێمی كوردستان لێدان و هەڕەشەی تیرۆر لەسەر گیانی ڕۆژنامەنووسان هەیە و حكومەتی هەرێمی كوردستان-یش نەی توانیوە بەسەر ئەم مەترسییانەدا زاڵبێت، لە كاتی ڕووداوە سیاسیی و كۆمەڵایەتییەكان لەلایەن خودی دەزگا ئەمنییەكانەوە هێرش دەكرێتە سەر دەزگاكانی ڕاگەیاندن.

ژنان قوربانییەکی دیکەی سەرەکی پێشێلکارییەکانن

لە هەرێمی کوردستان تا دێت توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان ڕوو لە زیادبوونە، بەڵام ساڵ لە دوای ساڵ گۆرانکاری بەسەر شێواز و جۆرەکانیاندا دێت، کە ئەمساڵ زیاتر بەهۆی گێچەڵی ئەلکترۆنی و هەڕەشە و فشارکردنەوە ژنان ڕووبەڕووی توندوتیژیی بوونەتەوە، کە بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان و خێزان لە ماوەی ١٠ مانگدا زیاتر لە چوار هەزار حاڵەتی توندوتیژیی تۆمارکراوە کە زۆربەیان توندوتیژیی ئەلکترۆنین.

هەروەها ڕێکخراوەکانی داکۆکیکردن لە مافی ژنان باس لەوە دەکەن بەهۆی تۆخبوونەوەی دیاردەی “سوڵحی عەشایەریی”، کەیسەکانی توندوتیژیی و تاوانەکان بەرامبەر ژنان ون دەبن.

هاوسەرگیری پێشوەختە ڕوو لە هەڵکشانە و بەپێی ئامارێکی سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان لە عێراق، ئاماری گرێبەستەکانی هاوسەرگیریی لە هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٢ بڵاوکردەوە و ئەوەی ئاشکرا کرد، لەو ساڵەدا ٥٥ هەزار و ٨٩٦ گرێبەستی هاوسەرگیریی واژۆ کراوە، لەو ڕێژەیە هەشت هەزار و ٤٨ گرێبەستیان، کە دەکاتە ١٤.٤٪  کەسانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ بوون.

هاوکات وەزارەتی کارووباری کۆمەڵایەتی هەرێم، لە هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان ڕایگەیاند، لە ساڵی ٢٠١٧ەوە تا شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ، لە ناوچە و شارە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان ٥٤٩ ژن ناچار بە خۆکوشتن کراون.

زەوتکردنی مووچە، یەکێک لە سەرەکییترین مافە لە پێشینەییەکانی خەڵک

حکومەتی هەرێم، لەم کابینەیەدا زۆرترین مووچەی دواخستووە و ئەمساڵیش ژمارەیی پێوانەیی لە زەوتکردنی و پێشیلکردنی ئەو مافەی خەڵکدا شکاندووە، کە سەرەکییترین و لەپێشینەترین مافی کارمەند و مووچەخۆرانە.

ماوەی سێ مانگ زیاترە مامۆستایان و مووچەخۆرانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین و شارۆچکەی کۆیە، بایکۆتی خوێندنیان کردووە و داوای سەرەتایی ترین مافیان دەکەن، کە پێدانی ماف و شایستە داراییەکانیانە، بەڵام حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم نەک وەڵامی داخوازییەکانی مامۆستایان ناداتەوە، بەڵکو وبەبێ جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان و هەنگاونان بەرەو چارەسەر دەیەوێت بیانگەڕێنێتەوە هۆڵەکانی خوێندن.

لە سنووری هەولێر و دهۆک، کە هاوشێوەی ناوچەکانی دیکە گیرۆدەی قەیرانی درووستکراوی دارایین، بەڵام بەهۆی بڵاوکردنەوەی تیرۆر و هەڕەشەکردن ڕێگەنادرێت بێنە سەرشەقامەکان و دەنگی ناڕەزایەتی بەرز بکەنەوە.

نموونەی ئەو تیرۆر و چاوترسێنکردنەش، بە پشتراستکردنەوەی بنەماڵەکەی، ڕووداوی گیان لەدەستدانی مامۆستای وانەبێژ و ناڕازیی جیهان تەها-یە، کە لە ڕووداوێکی کوتوپڕی و گوماناوییدا، لە سەر ڕێگای بارزان ئۆتۆمبێلەکەی وەردەگەڕێت و پاشان گڕ دەگرێت، بەو هۆیەشەوە مامۆستا جیهان گیان لەدەست دەدات.

جێگای ئاماژەیە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا، خاوەن واژۆیە لەسەر جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ و بەرپرسیارە بەرامبەر فەراهەمکردنی هەموو بەندەکانی ئەو جاڕنامەیە، بەڵام ئامارەکان پێمان دەڵێن بەپێچەوانەوە هەرێمی کوردستان یەکێکە لە مەترسیدارترین دەسەڵاتەکان بۆ پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ.

ش. ئـ

Comments are closed.