كاتی هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دیاری كرا

ناوەندی هەواڵەكان

پەرلەمانتارانى عێراق وادەی یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراقیان دیاری كرد، دەڵێن، ڕێككەوتنی سەرەتایی لە نێوان هێزە سیاسییەكاندا هەیە، بۆ ئەوەی ڕۆژی سێشەمەی ئەم هەفتەیە دانیشتنێكی نائاسایی ئەنجامبدرێت و تێیدا سەرۆكی نوێی پەرلەمان دیاری بكرێت.

دکتۆر بڕیار ڕەشید ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی یەنەكە، لەبارەی وادەی كۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی پەرلەمانی عێراق بۆ ئاژانسی ڕۆژنیوز دەدوێت.

بڕیار ڕەشید ڕایگەیاند، ڕۆژی سێشەمەی ئەم هەفتەیە دانیشتنێكی نائاسایی لەبارەى دیاریکردنى کەسێک بۆ پۆستى سەرۆکى پەرلەمان ئەنجامبدرێت.

لە هەمان كاتدا محەمەد بەلداوی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح لە ڕاگەیاندراوێكدا بڵاوی كردەوە، ڕۆژی سێشەمەی ئەم هەفتەیە پەرلەمان دانیشتنێكی نائاسایی ئەنجام دەدات، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی پەرلەمانی عێراق، دەشڵێت، بڕیاربوو ئەو كۆبوونەیەوە بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی ئاهەنگگێڕانی سەركەوتنی سوپای عێراق بەسەر چەتەكانی داعش دواخرا.

ئاماژەی بەوەشكرد، هێزە سوننەكان هێشتا یەك هەنگاویان نەناوە بۆ جێگیربوون لەسەر دیاریكردنی كەسایەتییەك بۆ ئەو پۆستە، هەربۆیە ئێمە یەكێك لەو كاندیدانە هەڵدەبژێرین، كە بە گونجاوی دەزانین، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئەو پۆستە موڵکى هەموو عێراقییەكانە، نەك بۆ لایەنێك یان پێكهاتەیەكی دیاریكراو.

ڕۆژی ١٤ی مانگى ڕابردوو، دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاریدا بە دوورخستنەوەی محەمەد حەلبووسی سەرۆك پەرلەمانی عێراق بە تۆمەتی ساختەكردن و گەندەڵی، حەلبووسی جگە لە سەرۆكی پەرلەمان، لە هەمان كاتدا سەرۆكی حزبی تەقەدووم و هاوپەیمانی سیادەیە، لە ساڵی ٢٠١٨وە لە پۆستی سەرۆكایەتی پەرلەماندایە.

هـ.ئ

Comments are closed.