ئازادییخوازان بۆ ڕۆژی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ ڕێپێوانێکیان ئەنجام دا

ناوەندی هەواڵەکان

لە ڕۆژی جیهانیی مافی مرۆڤ و هەروەها ٢٥ــەمین ساڵڕۆژی کوژرانی ژمارەیەک چالاکوانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، کژار و سێ ڕێکخراوی دیکە لە شاری بەرلین چالاکییەکیان ئەنجامدا.

ڕۆژی شەممە، بە پێشەنگایەتی کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کژار و سێ ڕێکخراوی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژی جیهانی مافەکانی مرۆڤ و ٢٥ــەمین ساڵڕۆژی کوژرانی ژمارەیەک چالاکوانان و بەرهەڵستکارانی سیاسی و لە دژی پێشێلکاری سیستماتیکی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، لە بەرلین ڕێپێوان و گردبوونەوەیەک بەڕێوەچوو.

چالاکییەکە لەلایەن هەریەک لە کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کژار- بەرلین، ناوەندی پەنابەرانی سیاسیی ئێران- بەرلین، کۆمیتەی پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسیی-بەرلین و کۆمیتەی پشتیوانی لە خەباتی دیموکراتیکی خەڵکی ئێران- بەرلین ڕێکخرا بوو.

لە کۆتایی گردبوونەوەکەدا ڕاگەیاندراوێکی هاوبەش خوێندرایەوە کە لە بەشێکیدا هاتووە، “سڵاو لە سەرجەم زیندانیانی سیاسی و ئازادیخوازان لە زیندانەکانی ئێران دەکەین” و هەروەها ئاماژە بە زەینەب جەلالیان ژنە زیندانی سیاسی کورد کراوە و لەو بارەوە ڕایانگەیاندووە، “دەمانەوێت دەنگی خۆمان بە زەینەب جەلالیان بگەیەنین، کە زیاتر لە ١٦ ساڵ بە تێکۆشانی خۆی لە زیندانە سامناکەکانی ئێران، زیندانی گۆڕیوە بۆ سەنگەرێکی بەرخودان و خۆڕاگریی”.

لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا باس لە ڕفاندن و بێسەروشوێنکردنی بەرهەڵستکاران لەلایەن ڕژێمی ئێران و هەروەها پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و ئەشکەنجەدانی بنەماڵەی قوربانیان کراوە و تیایدا هاتووە، “لە نمونەکانی ڕفاندن و بێسەروشوێنکردن دەکرێت ئاماژە بە پەخشان عەزیزی، ئیدریس فەقیهی و وریشە مورادی و زۆر کەسی دیکە بکرێت، وریشە مورادی چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان کە زیاتر لە چوار مانگە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ڕفێندراوە، وەک ژنێک یەک لە پێشەنگانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادییە، کە بە چالاکییەکانی لە بواری مافەکانی ژنان زیاتر لە هەموو کات کۆڵەکەکانی دواکەوتوویی و پیاوسالاریی ڕژێمی ئێرانی هەژاندووە”.

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوە هاوبەشەکەدا هاتووە، ” داواکارین لە سەرجەم چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ بە تایبەتی چالاکوانانی مافەکانی ژنان و هەروەها سەرجەم ئەو کەسانەی خوازیاری ژیانێکی یەکسان و ئازادن، کە ببنە دەنگی زیندانیان و دەنگی ئەوان بگەیەننە گوێی ڕای گشتیی جیهان بۆ ئەوەی ئازادی و ڕزگاری تەواوی زیندانیانی سیاسی مسۆگەر بکرێت”.

ش. ئـ

Comments are closed.