تەڤگەری ئازادی هاوخەمی بۆ قوربانیانی ڕووداوەکەی سۆران دەردەبڕێت

ناوەندی هەواڵەکان

دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەی قوربانییانی ڕووداوەکەی سۆران بڵاو کردەوە و ڕایدەگەیەنێت، پێویستە لایەنە ئیداریی و پەیوەندیدارەکانی ئیدارەی سۆران بکەونە بە ئاشکرا سەبەبکاران و گەندەڵکاران سزا بدرێن.

دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەی قوربانییانی ڕووداوەکەی سۆران بڵاو کردەوە.

تەڤگەری ئازادیی لە ڕاگەیەنراوێکدا بەشداری خەم و پەژارەی خانەوادەی قوربانییەکانی ڕووداوە تراژیدیاکەی شەوی ڕابردووی ئیدارەی سۆران کرد و ڕایگەیاند، ئەو ڕووداوە مەرگەساتاوییە کە ١٤ هاووڵاتیی دڵ پڕ لە هیوای کردە قوربانیی لە شارۆچکەی سۆران، دڵی هەموو مانی تاساند، ڕووداوێک کە بە هەر هۆکارێک بێت ڕووی داوە، بەڵام لاوازیی و سستیی و نەبوونی ئامێری تایبەتیی ڕزگارکردن و نەبوونی سەلامەتیی لە باڵەخانەکاندا وای کرد، ژمارەی قوربانییەکان بەم شێوەیە بەرز بێتەوە.

ڕاشیگەیاندووە، ئەگەر ڕووداوەکەی شارۆچکەی حەمدانییە کە دەیان هاووڵاتیی تێدا بوونە قوربانیی، جارێک لایەنەکانی مۆڵەت پێدانی باڵەخانەکە و تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هۆکاری زۆری ڕێژەی قوربانییەکان بووبن، ئەوا ڕووداوی ئاگری باڵەخانەکەی شارۆچکەی سۆران دەیان جار زیاتر، کەمتەرخەمیی تێدایە لە جۆری مامەڵەکردن و ڕزگارکردن و نەبوونی سەلامەتیی لە باڵەخانەکەدا، بۆیە پێویستە لایەنە ئیداریی و پەیوەندیدارەکانی ئیدارەی سۆران بکەونە ژێر ئەو بەرپرسیارێتییە ئەخلاقیی و ئیدارییە و بەئاشکرا سەبەبکاران و گەندەڵکاران سزا بدرێن.

باسی لەوەش کردووە، ئاشکرایە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، لەژێر ستەم نا دادیی دەسەڵاتداراندا ڕۆژانە باجی گران دەدەن، بێ مووچەیی و بێکاریی و هەژاریی بەرۆکی گرتوون و دەسەڵاتدارانیش چاو و گوێ یان داخستووە، لە لایەکی دیکەوە کەمی خزمەتگوزاریی و خراپی ڕێگە و بانەکان و نەبوونی دەرمان و ڕووداوەکانی وەک ئەوەی سۆران و شوێنەکانی دیکە، ڕۆژ نییە هاووڵاتییان و گەنجانی خێر لەخۆ نەدیوی ئەم وڵاتە نەکاتە قوربانیی.

لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەدا ئەوە خراوەتە ڕوو، لەم ڕووداوە ناخ هەژێنەدا، خۆمان بە بەشدار و هاوخەمی یەک بە یەکی قوربانییەکانی ئەو ڕووداوە پڕ لە ئازارە دەزانین و ڕۆحی پاکی کۆچکردووەکان شاد بێت و ئارامیی و ئۆقرەی بۆ خانەوادە بەڕێزەکانیان دەخوازین و هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین.

ر.س

Comments are closed.