مامۆستایانی ئایینی کەرکووک: هەڵبژاردنی ئەمجارە چارەنووسسازە

ناوەندی هەواڵەکان

لە چوارچێوەی پاراستنی مافە دەستوورییەکانی گەلی کورد لە شارەکە، مامۆستایانی ئایینی داواکارن کوردی کەرکووک بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردن بکەن و تەعریب و ناحەقی کۆتایی پێ بهێنن.

ئێوارەی ئەمڕۆ لە شاری کەرکووک، مامۆستایانی ئایینی و بەشێک لە چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بە ناوی ئەنجوومەنی پاڵپشتیکردن لە هەڵبژاردنی کەرکووک،، لە سەنتەری ڕۆشنبیری شارەکە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان ئەنجامدا و داوایان کرد گەلی کورد بۆ پاراستنی مافەکانیان دەنگ بە لیستە کوردییەکان بدەن، چونکە پێیان وایە هەڵبژاردنێکی چارەنووسسازە و پەیوەستە بە شوناسی شارەکەوە.

لەو بارەیەوە فاخر جابر، مامۆستای ئایینی بەیاننامەی ئەنجوومەنی پاڵپشتی لە هەڵبژاردنەکانی کەرکووکی خوێندەوە و وتی: وەکوو ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانی، لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی، ئەم ئەنجوومەنەمان پێک هێناوە بۆ پاڵپشتی لە هەڵبژاردنی کەرکووک، پێمان وایە لە ١٨ ساڵی ڕابردوودا قۆناغی وا هەستیاری بە خۆیەوە نەبینیوە، جگە لەوە هەڵبژاردنێکی دیموکراسییە، بۆ ئێمەی کورد چارەنووسسازە، پەیوەستە بە شوناسی شاری کەرکووکەوە.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتبوو، داوا لە هاووڵاتییانی کوردی شاری کەرکووک و دەوروبەری دەکەین، بڕۆنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگ بەو لایەن و لیستە بدەن، کە پێیان باشە.

داوایان لە کوردی شارەکە کرد بڕۆن کارتەکانی دەنگدانیان وەربگرنەوە، لە بەر ئەوەی ڕێژەیەکی بەرچاو لە کارتەکانی دەنگدان لە بنکەکان ماون و هاووڵاتییان وەریان نەگرتووەتەوە.

ئاماژەی بەوەدا، پێویستە کوردی شارەکە لە هەستیاری دەنگدانی ئەمجارە تێ بگەن، هەر دەنگێک کاریگەری زیاتری لە سەر ئایندەی نەتەوەکەمان دەبێت، داوا لەو هاووڵاتییانە دەکەین کە نیشتەجێی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستانن و مافی دەنگدانیان هەیە، بگەڕێنەوە بۆ کەرکووک دەنگ بدەن، نابێت لە بەر هیچ پاساوێک هەڵبژاردن دوا بخرێت، چونکە دواخستنی هەڵبژاردن ستەمێکی گەورەیە لە خەڵکی شاری کەرکووک دەکرێت، لە پێناو پاراستنی گوندە کوردییەکانی خوارووی کەرکووک لە داگیرکردن بۆیە پێویستە دەنگ بدەن.

ر.س

Comments are closed.