وەزارەتی دارایی: گرێبەستی وەرگرتنی ٢٥٠ ملیار دیناری قەرزمان واژۆ كردووە

ناوەندی هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاشکرای کرد، ئەمڕۆ گرێبەستی وەرگرتنی ٢٥٠ ملیار دیناری وەک قەرز لە ڕێگای بانکی ڕافیدەینەوە واژۆ کرد.

ئەمشەو وەزارەتی دارایی حکومەتی ماوە بەسەرچووی هەرێم، لەبارەی ناردنی ٧٠٠ ملیار دینارەکەی بەغدا ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە.

وەزارەتەکە ڕایگەیاند، چاوەڕوانین لە داهاتوویەکی نزیکدا پارەکە بگاتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتمان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.

فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم تا ئێستا مووچەی مانگی ئەیلوولیان وەرنەگرتووە، لە کاتێکدا خەریکە مانگی ١٢نیوەی کۆتایی دێت و هێشتا پارەکەی بەغدا نەگەیشتووە و هیچ وادەیەکیش بۆ بڵاو کردنەوەی خشتەی مووچە ڕانەگەیەنراوە.

حکومەتی هەرێم پێشتر ڕێککەوتنی لەگەڵ حکومەتی ناوەندی کردووە بۆ وەرگرتنی سێ گوژم بە بڕی ٧٠٠ ملیار دینار بە شێوەی قەرز، بە مەبەستی دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم بۆ مانگەکانی (٧، ٨، ٩)، بەڵام تا ئێستا مووچەی مانگەکانی تەممووز و ئاب دابەش کراوە و مانگی ئەیلوول نەدراوە و چارەنووسی مووچەی مانگەکانی (١٠. ١١. ١٢) بە نادیاری ماوەتەوە.

ر.س

Comments are closed.