دەستەی مافی مرۆڤ فۆرمی ئۆنلاین بۆ تۆمارکردنی سکاڵا ڕادەگەیەنێت

ناوەندی هەواڵەکان

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێم، فۆرمی ئۆنلاینی بۆ تۆمارکردنی سکاڵا ڕاگەیاند و سەرۆکی دەستەکەش دەڵێت، هەرکەسێک لە هەر شوێنێک سەرپێچی بینی، دەتوانێت سکاڵا بکات.

مونا یاقوو، سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ لەبارەی کردنەوەی فۆرمی ئۆنلاین بۆ تۆمارکردنی سکاڵا ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە.

سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ دەڵێت: سکاڵای ئۆنلاین کارئاسانییەکی زۆر دەکات بۆ تۆمارکردنی سکاڵا و پێویست بە جووڵە و چوون بۆ هیچ نووسینگە و دامەزراوەیەکی ئەوان ناکات.

وتیشی: هەندێک کەس نەیاندەزانی بێنە نووسینگەکانمان لە شار و شارۆچکەکان، هەبوو خاوەن پێداویستی تایبەت بوو سکاڵای هەبوو، بەڵام ئێمە لەو شار و شارۆچکەیە نووسینگەمان نەبووە، ئێستا هەر کەسێک لە هەر شوێنێک بێت، دەتوانێت لە مۆبایلەکەیەوە سکاڵا تۆمار بکات.

ئاماژەی بەوەش داوە، دوای تۆمارکردنی سکاڵاکە دەستەی مافی مرۆڤ لای خۆیانەوە سەیری دەکەن و بەدواداچوونی بۆ دەکەن.

ڕوونی کردووەتەوە، دەستەی مافی مرۆڤ ١٠ نووسینگەی لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمدا هەیە، بەم ڕێگایە دەتوانرێت کار ئاسانی زیاتر بۆ هەموو تاکێک بکرێت بۆ گەیاندنی سکاڵاکانیان.

ر.س

Comments are closed.