ژنە نووسەرێکی کورد خەڵاتێکی نێودەوڵەتی لە بواری مافی مرۆڤی پێدەبەخشرێت

ناوەندی هەواڵەکان

ژنە نووسەرێکی کورد لەسەر ئاستی جیهان لەگەڵ ١٢ کەسایەتی جیهانی بە فەرمی خەڵاتی (فەرەنسی ئەڵمانی بۆ مافی مرۆڤ)ی پێ بەخشرا، یەکێکە لەو خەڵاتانەی بەو کەسانە دەبەخشرێت کە بوێرانە کاریان بۆ بەرگریکردن و پاراستینی مافی مرۆڤ کردووە لە وڵاتەکانی خۆیاندا.

ئەمشەو دکتۆرە چۆمان هەردی، نووسەر و مامۆستای زانکۆ لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوی کردەوە بە فەرمی خەڵاتی (فەرەنسی ئەڵمانی بۆ مافی مرۆڤ)ی پێ بەخشراوە.

سەبارەت بە وەرگرتنی خەڵاتەکەی ئاماژەی بەوە داوە، ئەمڕۆ بە فەرمی باڵیۆزخانەی ئەڵمانی و فەرەنسی لە عێراق ناوی براوەکانی ساڵی ٢٠٢٣ی خەڵاتە هاوبەشەکەیان بۆ مافی مرۆڤ و سەروەری یاسا، ئاشکرا کرد، لە ساڵی ٢٠١٦ەوە ئەم دوو دەوڵەتە لە ڕۆژی جیهانیی مافی مرۆڤدا، خەڵاتی (فەرەنسی ئەڵمانی بۆ مافی مرۆڤ و سەروەری یاسا) دەبەخشنە دەستەبژێرێک لە کەسایەتیی و دەزگا لە سەرتاسەری جیهاندا، کە لە وڵاتەکانی خۆیاندا بوێرانە و لە بارودۆخێکی سەختدا خەباتیان بۆ پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ و بەرگریکردن لە مافەکانی و سەروەری یاسا کردووە.

دەشڵێت: ئەم خەڵاتە بە دوو قۆناغ تێ دەپەڕێت، سەرەتا چالاکوان یان ڕێکخراوێک لەسەر ئاستی هەر وڵاتێک دەپاڵێورێت، دواتر ئەم کەسە دەچێتە پێشبڕکێوە لەگەڵ پاڵێوراوانی سەرتاسەری وڵاتانی جیهاندا، لە کۆتاییدا دەستەبژێرێکی براوە خەڵاتەکانیان پێدەبەخشرێت.

باسی لەوەش کردووە، لە ساڵانی ڕابردوودا هەر یەک لە ژینا ئەمینی، بزووتنەوەی (ژن – ژیان – ئازادی) و نێرگز محەممەدی، کە دواتر خەڵاتی نۆبڵی نێودەوڵەتیی بۆ ئاشتی پێ بەخشرا، لە براوەکانی خەڵاتی (فەرەنسی ئەڵمانی بۆ مافی مرۆڤ) بوون، ئەمساڵیش من یەکێکم لەو ١٢ کەسایەتییە جیهانییەی کە براوەی خەڵاتەکەن.

ر.س

Comments are closed.