“نامەیەكی كراوە بۆ بێخەمترین سەرۆك وەزیرانی دونیا”

بنار هیدایەت

جەنابی مەسرور بارزانی ئەم كاتەت باش

نازانم لە كتێبی گینیس دەزانیت یا شارەزاییت لە سەر ئەو پەڕتووكە هەیە بۆ چی كراوە  لە جیهاندا، پەڕتووكی گینس پەڕتووكێكە شتە مەحاڵەكانی سەردەمی تێدا بە ئەرشیف كردن دێت، بۆ نموونە فڵان كەس خاوەنی درێژترین پرچە لە جیهان، ئەگەر بەڕێوەبەرانی ئەو بەدواداچوونە تۆ بناسن دەزانن ناوت دەنێن چی “بێخەمترین سەرۆك وەزیرانی دونیا”.

بەڕێز بارزانی…

ئەگەر لە بیرت بێت بەهاری عەرەبی بە هاواری گەنجێكی تونسی بە ناوی بوو عەزیزی دەستی پێكرد، بە خۆسووتانی عەزیزی چەند وڵاتێك بوونە قوربانی سكێكی بێ نان، گیرفانێكی بێ پارە ز ژیانێكی مەمرە و مەژی، تۆ دەزانی چەند بوو عەزیزی لە ناو كوردستان و بە تایبەتی لە هەولێر بوونیان هەیە، تۆ دەتەوێت ڕێگە لە دەنگی نانەوایەك بگریت و خەفەی بكەیت، ئەی چی لە مقاش و تەنورەكەی ئیدریسی نانەوا دەكەیت، ئەی چی لەو هەویرە دەكەیت كە ئاوی زۆر دەكێشێت.

بابێ ئارین…

لە كاتێكدا نمایشی كوڕە گەورەكە بە ئەسپ و جیكڵاسەوە بڵاو دەكرێتەوە، قەت لە خۆتت پرسیوە گەنجێكی تەعجیل و باداوە، كوران و حەی عەسكەری دینارێكیان لە بەڕكی دا نیە، ئازیز تۆ قەت لە خۆت پرسیوە و خۆت محاسەبە كردووە لەوەی ئارینی كوڕت لە كۆلیژی شاهانەی بەریتانیا دەخوێنێت و سەدان منداڵی پاشماوەی ئەنفال، منداڵە شەهید پارەی خوێندنیان پێنیە، نەك خوێندن ببوورە پارەی پاس و هاتووچۆیان پێ نیە.

بارزانی با نموونەیەكت بۆ باس بكەم، ساڵی پار لە یەكێك لە زانكۆكانی كوردستان، كچێك وازی لە دوا قۆناغی خوێندن هێنا، لەبەر نەبوونی پارەی ڕۆژانە، دەزانی ئەو خوێندكارە ئێستا تووشی نەخۆشی دەروونی بووە، دەزانی ….!

ئازیزم سەرۆكی حكوومەت

لە هەولێر نە نان هەیە نە ئازادیی، با گەڕەكێك هەیە ناوی ئازادییە، بەڵام لە بێ ئازادییدا نقومی پێداكێشان و چەوسانەوە بووە، دەمەوێت بزانم وەك بەعس ڕەفتار دەكەیت یا دیموكراتیت، بەعس ئەگەر هەر كەسێك ناوی سەدام بووایە، ڕێز لە ناوەكەی دەگیرا لەبەر ناوی سەرۆك، تۆ هەم ئیدریسی مامت هەم مەسعودی بابت دەستگیركردووە، بۆ..! لەبەر ئەوەی ناتوانێت هەناسەی ئازادیی هەڵمژێت، كاك مەسرور با بیرت بخەمەوە هەموو شتێك لە باریكیدا دەپسێت ئەمما زوڵم لە ئەستووریدا. دڵنیام ئەمانە هەمووی دەزانیت، بەڵام ئەوەی نایزانیت ئەوەیە چی لە گەنجی ئەم وڵاتە دەكرێت چۆن دەچەوسێنرێنەوە. چییان پێدەكرێت.. ئایا حوكمڕانی بەم شێوەیە بەردەوامی دەبێت..!

جەنابی مەسرور بارزانی

كەركووك و ناوچە دابڕاوەكان تۆ خۆش.. ڕیفراندۆم كرا گەل بێدەنگ بوو، مووچە نادرێت هاووڵاتیان بێدەنگن، بكوژانی ڕۆژنامەنووسان ئاشكرا ناكرێن هەر بێدەنگین، ڕۆژانە لە ژێر ڕەحمەتی درۆن و جەندرمەی توركین هەر بێدەنگین، بەڵام بێدەنگی سنووری هەیە، بێدەنگی سنووری شكان ئیدی نە پیرۆزی و نە سەروەری و نە شكۆمەندی و نە چەكدار و ئاسایش نە زێڕەڤانی و هێزی ڕۆژ، نە پشتیوانی ڕۆژئاوایی نایوەستێنێت، ئێوە نە لە بەعس بەهێزترن، نە لە لیبیا بە خزمەتگوزارترن، نە لە میسر زۆرترن و نە لە تونس باشترن، ئەوانە گەندەڵی و سەركووتكاری بووە هۆی سەر هەڵدانی شۆڕش، لێرەش بوو عەزیزییەكان هەن، بەڵام كات و ساتی زۆری زوڵمەكە لەسەری وەستاوە تا كۆتایی بە پەیڕەوی مەلا مستەفای بارزانی بهێنن و ئیدی ئێوەش ببنە یادگاری و چیرۆكی نەوەكانی داهاتوو.

لە كۆتاییدا دەڵێم كارێك مەكەن سەری ڕەش ببێتە مۆزەخانەی نەوەكانی داهاتوو، كارێك مەكە گەنجی ئەم وڵاتە بڵێن ئاخ بۆ ئاشبەتاڵێكی دیكە، بەخۆدا بچنەوە تا كار لە كار نەترازاوە.. لە كۆتاییدا دەڵێم ” ئێستا خەڵك لە سایەی حوكمڕانیتان ڕەحمەت بۆ بەعس دەنێرێت”.

هـ.ح

Comments are closed.