دڵشاد میرانی: شەرمە بۆ حكومەتێك مامۆستا پێی بڵێت كوا مووچەكەم

بنار هیدایەت

دڵشاد میرانى ئەندامی ئەنجوومەنى مامۆستایانى ناڕازیی جەخت دەکاتەوە لەسەر بەردەوامی بایکۆتی پرۆسەى خوێندن و دەشڵێت: شەرمە بۆ حكومەتێك ئەگەر حكوومەت بێت و بڵێیت وەرە مووچەكەم بدەرێ، بڵێی وەرە شكۆم بپارێزە.

لەم دیدارەی ئاژانسی ڕۆژنیوز لەگەڵ یەكێك لە ئەندامانی ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی، دڵشاد میرانی تیشك دەخاتە سەر بەردەوامی بایكۆت و كێشەكانی بەردەم بایكۆت شكاندن و ئەو ڕەخنانەی لەسەر شكاندنی بایكۆت ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، هاوكات ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەیان لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی عێراق باسدەكات، لە تەوەرێكی دیكەی چاوپێكەوتنەكە، میرانی باس لە چوونەوەیان بۆ ناوەندەكانی خوێندن دەكات

ڕۆژنیوز: ئەمڕۆ بەشێك لە مامۆستایان بایكۆتیان شكاند، بەشێكی دیكە بایكۆتیان نەیان شكاند، ئەمە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

دڵشاد میرانی: بە داخەوە هەوڵێكی جدی هەیە لە دەسەڵاتدارانی پارێزگاكانی هەڵەبجە و سلێمانی و ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین و شارۆچكەی كۆیە بۆ ئەوەی دەرگای خوێندن بكرێتەوە، تا ئێستا هەوڵ بووە و دەرگای خوێندنگاكان بە داخراوی ماوەتەوە، ئەوەی ڕۆیشتووەتەوە بۆ خوێندنگاكان تەنها بەڕێوەبەرەكە بووە و مامۆستایان و خوێندكاران بەردەوامن لە بایكۆت و بە دڵنیاییەوە بەردەوام دەبن لە بایكۆت، لەبەر ئەوە لە ساڵی ٢٠١٤ ەوە تا ئێستا كۆمەڵێك داواكاری هەبووە لەلایەن خۆپیشاندەران بە گشتی و مامۆستایان و ڕابەرانی خۆپیشاندەران بە تایبەتی ڕووبەڕووی لایەنە پەیوەندیدارەكان بووەتەوە، بە داخەوە تا ئێستا ٧٩ خۆپیشاندان و پێشكەشكردنی ٧٩ كۆنگرەی ڕۆژنامەنووسی و بەیننامە بینیووەتەوە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا گوێیان لێ نەگرتووین، داواكارییەكانمان لە پێنج خاڵ خۆی بینیوەتەوە ئەو پێنج داواكارییە لە هیچ وڵاتێكی دواكەوتوو نەبووە پێشكەش بە حكوومەتەكەی خۆیانی بكەن، شەرمە بۆ حكوومەتێك ئەگەر حكوومەت بێت بێیت بڵێیت وەرە مووچەكەم بدەرێ، بڵێی وەرە شكۆم بپارێزە و پلە بەرزكردنەوەم بۆ بكە، ئاگادارین پارەیەكی یەكجار زۆر لە هەرێمی كوردستان هەیە، بەڵام ئەو پارەیە بۆ مەرامی تر و بۆ كاری تر و بۆ برسیكردنی زیاتری هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان بەكار هێناوە.

ڕۆژنیوز: باست لە فشار كرد، ئەو فشارانە چین لێتان كراوە دەست بكەنەوە بە دەوام و بایكۆت بشكێنن، زۆر جۆری فشار هەیە تیرۆر و لێدان و فەسڵكردن و دەیان فشاری تر ؟

دڵشاد میرانی: تا ئێستا فشارەكان بە جدی نەكراوە، بەڵام لە پەیجە سێبەرەكان و خەڵكانی خۆیان هێرشی بەردەوام دەكرێتە سەرمان، ئەگەر نا وەك هەڕەشەیەكی جدی لێمان كرابێت هیچ هەڕەشەیەك تا دوێنێ خۆپیشاندانی سەرتاسەری بوو لە ئارادا نییە، بەڵام لەو ناوەندانەی خوێندن كە بەڕێوەبەرەكانیان و مامۆستاكانیان سەر بەحزبن فشارێك كراوە بۆ ئەوەی ناوەندەكانی خوێندن بكرێتەوە، بەڵام فشار بۆ ئەو مامۆستایانەی حزبی نین نەكراوە.

ڕۆژنیوز: بە پێی زانیارییەكانمان پلانێك هەیە بۆ ئەو مامۆستایانەی بەردەوام دەبن لە بایكۆت لەبری ئەوانە وانەبێژان بخرێتە شوێنیان؟

دڵشاد میرانی: ئەمە پێدەچێت بۆ بەڕێوەبەرێكی حزبی ڕێگەی تێبچێت، بەڵام هەموو بەڕێوەبەرەكانی سلێمانی هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین و شارۆچكەی كۆیە مەرج نییە شتێكی وا هەبێت، ئەوەی باسكراوە ڕەنگە شتێكی زۆر تایبەت بێت بۆ ئەو پرسە.

هـ.ح

Comments are closed.