توندوتیژیی بووەتە دیاردە و ئاسۆی چارەسەرییش نزیکە لە ئاوابوون

ناوەندی هەواڵەکان

توندوتیژیی خێزانیی بووەتە دیاردە و ڕۆژانە ئامارەکان لە بەرزبوونەوەدان، سەرباری دەستنیشانکردنی ڕێگەچارەسەرییەکان لەلایەن کەسانی تایبەتمەندەوە، بەڵام ئاستەنگییەکان ڕێگرن لەبەردەم چاکسازییەکاندا.

هاوشێوەی کۆمەڵگەکانی دیکەی ناوچەکە، توندوتیژیی لە عێراقدا لە بەرزترین ئاستدایە، شارەزایانیش پێیان وایە، بۆ نەهێشتنی ئەو دیاردەیە سەرەتا دەبێت بە دانانی یاسایەکی بەهێز و پتەو دەست پێبکات، پاشان هەنگاونان بەرەو کەمکردنەوەی ڕێژەی هەژاریی، کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان و هۆشیارکردنەوەی خەڵکی بۆ پەنابردنە بەر یاسا و دادگان، بەڵام هاتنەدی هەموو ئەوانە لەم دۆخەی ئێستای ناوچەکەدا “بەنزیک لە ئەستەم” دادەنرێت.

ئەندامی لیژنەی ژنان و خێزان لە پەرلەمانی عێراق، مەدیحە مەکسوسی لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ئاژانسی ڕۆژنیوزی وت:  زیادبوونێکی بەرچاو لە حاڵەتەکانی توندوتیژیی خێزانیدا، بەتایبەتی بەرامبەر بە ژنان هەیە و هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی یاسایەک، کە ڕێگری لێ بکات و بووەتە مەترسی لەسەر کۆمەڵگە.

مەدیحە مەکسوسی
مەدیحە مەکسوسی

مەکسوسی دەشڵێت: پەرلەمانی عێراق خواستێکی ڕاستەقینەی هەیە بۆ دەرچواندنی یاسایەکی تایبەت بە ڕێگریکردن لە دیاردەی توندوتیژیی خێزانیی.

هۆکاری دواکەوتنی پەسەند کردنی ئەو یاسایەش تا ئێستا ئەو ئەندامەی لیژنەی ژنان و خێزان ڕایگەیاند، بەهۆی هەبوونی ڕەخنە و ناڕەزایەتی دژی بڕگەکانی یاساکە لەلایەن بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان و ئەندامەکانەوە، دووپاتی کردەوە کە بەردەوام دەبن لە کارکردن بۆ دەرچواندنی یاساکە و کۆکردنەوەی کۆ دەنگیی لەسەری لە پەرلەماندا.

هاوکات هۆشداریی دا لەوەی پەنا نەبردن بۆ یاسا و دادگاکان لەکاتی ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژیی خێزانیی، دەبێتە هۆکارێک بۆ بڵاوبوونەوەی زیاتری ئەو دیاردەیە، لە ئەنجامیشدا پێکهاتە و پەیکەری کۆمەڵگەی عێراقی دەکەوێتە مەترسی گەورەوە، ئەو حاڵەتانەش بەشدارن لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی تاوان، وەک بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان و بازرگانیکردن بە ئەندامەکانی مرۆڤەوە، بۆیە جەختی کردەوە پیویستە بە زووی یاسایەک دەربکرێت و توندوتیژیی خێزایی کۆتایی پێبهێندرێت.

سەرباری ئەوەی لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢١دا دادگای باڵا بڕیاریدا دادگایەکی تایبەت بە کەیسەکانی توندوتیژیی خێزانیی دابمەزرێندرێت، بەڵام ئامارە فەرمییەکانی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق ئاشکرایان کردووە، لە ساڵی ٢٠٢٣دا، زیاتر لە ١٠ هەزار حاڵەتی توندوتیژیی خێزانی تۆمارکراوە، کە ٥٠٠ حاڵەتیان دژی منداڵان بووە، زیاتر لە حەوت هەزار و ٩٠٠ حاڵەتی توندوتیژیی دژی ژنان و زیاتر لە هەزار و ٦٠٠ حاڵەتی دەستدرێژیکردنە سەر بەساڵاچووان هەبوون.

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە میانی بەشداریکردنی لە فێستیڤاڵی “خانمانی زەوی” چەند مانگێک لەمەوبەر، جەختی لەوە کردەوە، کە دیدگا و تێگەیشتنی حکومەت بۆ گرنگی ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگەدا لە کارنامەی حکومەتەکەیدا جێگیر کراوە، ئەوەش لەپێناو بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ ژنان و داننان بەوەی بونیاتنانی کۆمەڵگە لە ژنەوە دەست پێدەکات و تی: دژی هەموو جۆرەکانی توندوتیژیی دەوەستینەوە و لە داکۆکی کردن لە ژنان پاشەکشە ناکەین، پشتگیری لە هەر یاسا و ڕێسایەکی گشتی دەکەین، کە بەرگری لە ژنان بکات.

شایەنی باسە ساڵی ٢٠٢٠ لەلایەن حکومەتی پێشووەوە، ڕەشنووسی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانیی لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بە پەسەندکراوی ئاڕستەی پەرلەمان کرا، بەڵام بەهۆی ڕێگری و ناڕەزایی و ترس لە هێزە سیاسییە باڵا دەستەکانەوە نەتوانرا پەسەند بکرێت.

بیانووش بۆ ئەو ناڕەزایەتییە و پەسەند نەکردنی یاساکە ئەوە بوو، کە لاسایی کردنەوەی یاساکانی ڕۆژئاوایە، و مافی چاودێریی حکومەت دەدات بە ژنان، ئەوەش ئەو خاڵەیە، کە ئەو هێزە باڵادەستە پیاوسالارانە وەک مەترسی بۆ خۆیان و هاندان بۆ یاخی بوونی ژنان دەیبینن.

لەم چەند ساڵەی دوایدا لە عێراق، چەندین تاوانی دڕندانە بەرامبەر منداڵ لەسەر دەستی باوانیان ڕوویان داوە و بە وێنە و گرتە ڤیدیۆ لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە بووە پرسێکی ڕای گشتی.

لای خۆیەوە توێژەری کارووباری کۆمەڵایەتی فالح قورەیشی، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، “ڕۆژانە دەیان حاڵەتی توندوتیژیی خێزانی لە پارێزگا جیاوازەکان تۆمار دەکرێت، هەروەها بەهۆی زاڵبوونی دابونەریت و ئەقڵیەتی عەشایەریی و پیاوسالاریی توند دەیان حاڵەتیش هەیە کە قوربانییەکان دەترسن ئاشکرایان بکەن.

فالح قورەیشی
فالح قورەیشی

بەردەوامی بە قسەکانی دا و وتی: ئەو بارودۆخە ئابوورییەی کە خێزانە عێراقییەکان ئەزموونی دەکەن، لە ئێستادا هۆکارە بۆ پاڵنانی تاکەکان بەرەو توندوتیژیی، هەر لەبەر ئەوەشە هەمیشە جەخت لەوە دەکەینەوە، بەرزی ڕێژەی هەژاری و بێکاری کاریگەریی نەرێنی لەسەر کۆمەڵگە هەیە پێویستە و دەبێت کاری ڕاستەقینە بکرێت بۆ کەمکردنەوەی ئەو ڕێژەیە.

ئاماژە بەوەش کرد، “زۆربوونی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان کاریگەریی زۆری هەیە لەسەر بەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی توندوتیژیی و زۆربوونی تاوانەکانی کوشتنی خێزانی، جەختی کردەوە، ماددە هۆشبەرەکان هەڕەشە لە کۆمەڵگەی عێراق و گشت سەقامگیرییەکی کۆمەڵایەتی دەکات، کارەساتی مرۆیی لێدەکەوێتەوە، بۆیە، دەبێت گرنگییەکی حکومی و ئەمنی هەبێت بۆ نەهێشتنی بەڵای ماددە هۆشبەرەکان و تا بتوانین کۆنترۆڵی حاڵەتەکانی توندوتیژیی خێزانی بکەین، کە ڕۆژانە دەیان حاڵەت تۆمار دەکرێن”.

لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئەو تاوانانەی کە پێیان دەوترێت “تاوانەکانی شەرەف” لە دیارترین ئەو تاوانانەن کە هەڕەشە لە ژنانی عێراق دەکەن، تا ئێستا هیچ ئامارێکی فەرمی لەسەر تاوانەکانی کوشتنی بەناوی “شەرەف” لەبەردەستدا نییە، بەهۆی دەستکاریکردنی ڕووداو و کەیسەکان بەر لە ڕەوانەکردنی بۆ دادگا تایبەتمەندەکان، وەک گۆڕینی هۆکاری مردن، تەنانەت زۆر حاڵەت هەیە هەر لەنێو دەزگا ئەمنییەکان کەیسەکان بزر دەکرێن و دادەخێرن”.

ش. ئـ

Comments are closed.