نان

شێرکۆ کرمانج

کە دێمەوە کوردستان یەکێک لەو شتانەی زۆر تامی لێدەکەم نانە، جا نانی مەزرەقە (ساج) بێت یان سەموون. ماوەیەکیشە کە زوو زوو دەچمە زانکۆ خۆشەویستەکەی کۆیە، لە گەڕانەوە لەلای باجی ڕووناک دوو سێ بەستە نان لەگەڵ خۆم دێنمەوە بۆ خیشک و براکانم، جارجاریش سبیانان زوو، بەیادی منداڵی، یان نیوەڕۆ و ئێواران لەگەڕانەوەم بۆ ماڵ، چەند کولێرەیەک، یان سەموونێک، دەکڕم. ئەوەی زانا و دانا، ھەژار و دەوڵەمەند، کرێکار و کاربەدەست بێت لەم شارە و لەم وڵاتە و لە ھەموو شتێک زیاتر ھەستی پێ بکرێت ھەرزانیی نرخی نان و سەموونە.

ئێستا ئەمن تێناگەم ئەو حکومەتە لەو ھەموو شتە گرانە، لە خانوو و شوقە بگرە (کە ھەمووی ھی خۆیانە)، تا دەگاتە دەرمان و عیلاج و نەشتەرگەری (کە زۆربەی ھی خۆیانە)، لەوێشەوە بۆ بەنزین و نەوت و گاز (کە کۆمپلیتلی ھی خۆیانە) لۆ نانی ھەرزان دەکەن.

چاکسازی لە ھەرزانکردنی ھەرزانترین شتدا ناکرێت بەڵکو لە قۆرغکردنی دەسەڵات و میدیا دەکرێت، لە خۆھەڵنەقورتاندن و دەستوەردان و بەکۆیلەنەکردنی پێشمەرگە و ئاسایش و پۆلیس دەکرێت؛ لە وازھێنان لە مۆنۆپۆلکردنی بازرگانی و پیشەسازی و عیقارات دەکرێت؛ لە بەرفراوانترکردنی ئازادییەکانی خەڵک و گێڕانەوەی کەرامەت بۆ ھاووڵاتی و فەراھەمکردنی یەکسانیی و ھەلی یەکسان بۆ ھەمووان دەکرێت؛ لە کۆتاییھێنان بەو زەواجەی ناشەرعییەی نێوان سیاسەتمەدارانی ترۆپکی دەسەڵات و بیزنێس و سەرمایەگوزاریی دەکرێت؛ لە دەستوەرنەدان لە کاروباری دادگا و سەروەریی یاسا دەکرێت؛ لەوانەش گرنگتر بە وازھێنان لە دزینی ئاشکرا و بەدزی سامان و داھاتی گشتی دەکرێت.

ئێوە ئەوانەتان بۆ ناکرێت چونکە ھەر دەسەڵات و مانەوەتان لە ڕێگریکردن لەو جۆرە چاکسازییانەیە، بۆیە دەست بۆ شتی لاوەکی و چەواشەکردنی خەڵک دەبەن.

هـ.ح

Comments are closed.