“تاپڕەکەی شێروان و سارووخەکانی ئێران”

زاگرۆس هیوا

هێزەکانی ئاسایشی سەر بە پەدەکە لە ئۆپەراسیۆنێکی سەرکەوتووانەدا توانییان شێروان شێروانی دەستگیر بکەن و دەست بگرن بە سەر قەڵەم و مۆبایلەکەی و هەروەها تاپڕەکەی، کە لە باپیریەوە بۆی بە یادگاری مابووە دەستبەسەر بکەن و بەم شێوەیە مەترسییەکی زۆر گەورەی ئەمنییەتی لە سەر هەرێمی کوردستان بڕەوێننەوە.

سەرۆکی حکومەتی سەر بە پەدەکەش لە لێدوانێکی فەرمی چاپەمەنیدا شێروان شێروانی و هاوڕێیەکانی بە تیرۆریست، تێکدەری ئاسایشی نیشتمانی، سیخوڕ و هتد… تۆمەتبار کرد، خۆی خستە شوێنی داواکاری گشتیی و بە بێ ئەوەی کە گوێ لە ناڕەزایەتی ڕای گشتی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بگرێ، ناڕاستەوخۆ فەرمانی بە دادگای هەولێر کرد کە سزاکەی شێروان و هاوڕێیەکانی گرانتر و گرانتر بکات.

پاش زیندانیکردنی دەیان ڕۆژنامەنووس و چالاکوان، بەڕێز سەرۆک وەزیر ئیدی دڵنیا بووە کە هیچ مەترسییەک لە سەر هەرێمی کوردستان نییە و شەقام و کۆڵانەکانی هەرێمی پڕ کرد لە بیلبۆردی وێنەی خۆی کە گوایە بەهێز و خۆڕاگرە. بە زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان و دەست بە سەرداگرتنی تاپڕێک و چەند مۆبایلێک ئیدی ئەمن و ئاسایش بۆ هەرێم گەڕابووە.

ئەم ئەمن و ئاسایشە بەردەوام بوو تا ئەو کاتەی کە ساڕوخە بالیستیکەکانی ئێران لە ناوەڕاستی هەولێر کەوتن. هەمان سەرۆک وەزیری بەهێز و خۆڕاگر، بانگەشەی بیلبۆردەکانی خۆیی لەبیر چووبووە و سەرەتا هەر نەیدەوێرا بڵێی کە کێ لە پایتەختی دەسەڵاتەکەیی داوە. دەسەڵاتدارانی پەدەکە وێنەی هێرشەکانی ساڵی ٢٠٢٢، هێرشکارەکەیان سەرەتا وەکوو “وڵاتێکی دراوسێ” پێناسە دەکرد. ڕای گشتی مەراقی دەکرد کە ئایا ئەم وڵاتە دراوسێیە سووریایە، ئەردەنە یان عەرەبستانە؟ یان تانزانیا و مۆریتانییە؟ تا ئەو کاتەی کە سوپای پاسدارانی ئێران بە هانایەوە هات و گوتی درۆ ئیدی بەسە، خوا هەڵناگرێ با زۆر لای خەڵکی ئیحراج نەبن، خۆ هەموو کەسێک دەزانێت. با منیش بیڵێم، ئەوە من بووم لێتانم دا. سەرۆک وەزیران و دەسەڵاتی پەدەکە لە جیاتی ئەوەی کە جارێکی دی داواکاری گشتیی بخەنە جووڵەوە و لە دژی کۆنسۆڵخانە و کارمەندە ڕەسمییەکانی ئێران سکاڵا تۆمار بکەن و بە تیرۆریست و سیخوڕ و تێکدەری ئاسایشی نیشتمانی تۆمەتباریان بکەن و بچنە بەردەم کۆنسۆلخانە و پرۆتۆستۆ بکەن، تەنانەت نەیانهێشت خەڵک خۆڕسکانە لە بەرامبەر کۆنسۆڵخانەی ئێران ناڕەزایەتییەکی بچووکیش دەرببڕێت. هاتن هەموو ئیعلام و هێزی رێکخستنی خۆیانیان خستە گەڕ و ڕۆیشتن لە بەردەم بارەگایەکی چۆڵی UN خۆپشاندانیان کرد. وەک بڵێی UN هەولێری مووشەکباران کردووە، نەک ئێران.

سەرۆک وەزیران، وەک بڵێی لە گەڕەکی بەحرەکە ماتۆرسیکلێک دەعمی کردبێت هەر خۆی تێکنەدا و زەحمەتی نەکێشا لە داڤۆسەوە بگەڕێتەوە کوردستان، بەڵکوو پاش داڤۆسیش ڕۆیشت بۆ کۆلیژی شاهانەی بەریتانیا کوڕەکەی بەسەر بکاتەوە کە بە پارەی دزراوی گەلی باشووری کوردستان، بە بێ ئەوەی کە خەمی بایکۆتی مامۆستایانى ناڕازی و دواکەوتنی پەروەردەی هەبێت، بە باشترین کواڵیتی پەروەردە دەبینێت.

لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە، نەدەبوو لە بابەتی شێروان شێروانی و هاوڕێکانیدا لە جیاتی ئەوەی زیندانییانیان بکەن، خەڵکتان کۆ بکردایەوە و بچوونایە بەردەم UN و لەوێ لە دژی شێروان سکاڵایەکتان تۆمار بکردایە؟ یان نەدەبوو هەر وەکوو چون لە کەیسی مووشەکبارانەکەدا خودای پەروەردگارتان کردە داواکاری گشتی و لێ پاڕانەوە کە سزای ئێران بدات، پاڕانەوەتان کردبایە کە سزای شێروان شێروانی و هاوڕێیەکانیشی بدات و ئێدی ئێوە زیندانییان نەکەن؟ ئەو خودایەی کە ئەوەندە بەهێز بێت لە سەر پاڕانەوە و داوای ئێوە ئێران سزا بدات مەگەر ناتوانێت شێروان شێروانی و هاوڕێیەکانی سزا بدات؟ دیارە یان ئێوە هیچ بڕواتان بە خودا نییە یان لە بەرامبەر گەلدا خۆتان بە خودا دەزانن و  بە گوتەی خۆتان “حیساب بۆ رەئی یەک بەشەر ناکەن”، تا ئەو کاتەی کە دەسەڵاتێکی ستەمکاری بەهێزترتان لێ پەیدا دەبێت.

دەسەڵاتی پەدەکە بوەتە درێژکراوەی دەسەڵاتی تورکیا و ئەردۆغان و ئیدی وای لێهاتووە کەسایەت و سیاسەت و  زیهنییەتیشیان لە یەک دەچن. تورکیا لە ژێر دەسەڵاتی ئەردۆغاندا بووەتە گەورەترین زیندانی رۆژنامەنووسان لە جیهاندا و هەموویان بە تۆمەتی تیرۆر و سیخوڕی  سزادراون. ئەم جۆرە دەسەڵاتانە لە بەرامبەر خەڵکی خۆیاندا ستەمکارن و لە بەرامبەر هێزی دەرەوشدا ترسنۆک. ئەگەر لە بیرتان بێ، کاتی خۆی سوپای ڕووسیا لە ئیدلیبی سووریا لە سوپای داگیرکەری تورکیای دا و بە سەدان عەسکەری لێ کوشتن. کاروانی تابوتی عەسکەری تورک لە سووریاوە بەرەو تورکیا جادەکانی تەنیبوو.

ئەو ئەردۆغانەی کە خۆی وەکو بەهێزترین کەس و دەسەڵاتی تورکیا پێناسە دەکات، لە ترساندا نەیدەوێرا تەنانەت بڵێی پۆتین لێ داوم. دەیگوت بەشار ئەسەد لێ داوم و پاش مانگێک بازی بە سەر هەموو تابووتەکاندا دا و  چوو بۆ کرێملین و دوای دوو خولەک چاوەڕوانی لەبەر دەرگادا دەستی پۆتینی ماچ کرد. سەرتان سوڕ نەمێنی کە دەسەڵاتدارانەی پەدەکە پاش ماوەیەکی تر بۆ پاڕانەوە ڕوو لە تاران بکەن و بە شان و باڵی ئێراندا بێنەوە کە چەندە دراوسێ و دۆستیکی باشه، یان ٢٠٢٥ لە ساڵیادی قاسم سولەیمانیدا هەموویان لە کۆنسوڵخانەی ئێران ڕەش بپۆشن.

ئەم تۆڕانەی ئێستای پەدەکەش لە ئێران کاتی و مووەقەتییە. چونکە هەردووکیان هاوپەیمانی سەردەمی قیادە مووەقەتن. کاراکتەری دەسەڵاتی ستەمکار و سەرکوتکەر وەهایە، بیانوو بە خەڵکی خۆی دەگرێت و لە بەرامبەر هێزی دەرەکیشدا بێ ئیرادە و داماوە. کورد وتەنی: شێری ماڵە و ڕێوی دەرەوە. لە لای ئەم جۆرە دەسەڵاتەوە تاپڕەکەی شێروان شێروانی لە ساڕوخە بالستیکییەکانی ئێران مەترسیدارترە، هێرشە درۆنییەکانی تورکیاش بۆ سەر خەڵکی بێ تاوان هیچ ناکۆکییەکیان لەگەڵ شەرعی ئیسلامدا نییە.

ئ.م

Comments are closed.