“نەمانی زمانی هەر نەتەوەیەک بەواتای نەمانی خودی نەتەوەکەیە”

سلێمانی

زمانی کوردیی ئامانجێکی سەرەکی شەڕی تایبەتی دەوڵەتانی داگیرکەرە و بە هەموو ڕێگەیەک ‌هەوڵی شێواندن و سڕینەوەی دەدەن، پرۆفیسۆرێکی زمانی کوردیش دەڵێت: بوونی نەتەوە بە زمانەوە بەستراوەتەوە نەمانی زمانی هەر نەتەوەیەک نەمانی خودی نەتەوەکەیە.

زمان بە پێناسە و بنەمای سەرەکی هەر نەتەوەیەک دادەنرێت و یەکێکە لە پایەکانی ناسینی نەتەوە، بەجۆرێک لە ڕێگای زمانەوە، کەلتوور و فەرهەنگ شووناسی نەتەوەکان لە جیهاندا دەناسرێتەوە.

پرۆفیسۆری زمانی کوردیی شیلان عومەر مامۆستا لە زانکۆی سلێمانی، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ڕۆژنیوز سەبارەت بە گرنگی و دەوڵەمەندی زمان و خوێندن و پەروەردە بە زمانی دایک، لێکدابڕان و کاڵبوونەوەی زمانی کوردی و شێوەزارەکان بە هۆکاری جوگرافیا و سیاسەت وەڵامی چەند پرسیارێکی دایەوە و ئاماژەی بەوەکرد، کاتێک فەرهەنگی زمانیی تاکێک دەشێوێنرێت لەگەڵیدا هەست و بیرکردنەوەی دەشێوێنرێت، جەختی کردەوە بوون و مانەوەی نەتەوە بەستراوەتەوە بە زمانەکەی.

“بوونی نەتەوە بەزمانەوە بەستراوەتەوە نەمانی زمانی هەر نەتەوەیەک نەمانی خودی نەتەوەکەیە”

شیلان عومەر، لە سەرەتای قسەکانیدا، لەبارەی زمانەوە وتی: زمان بریتییە لە بەرجەستەکەری دونیا بینی و ئاوازبەندیی و تێفکرانی تاک و گرووپ و نەتەوەکان، خودی زمان ناوەندێکە بۆ درووستکردنی پەیوەندی و لە یەک گەیشتن و گواستنەوەی زانیارییەکان، هۆکارێکە بۆ دەربڕینی خواست و حەز و خولیاکانی مرۆڤ، ئەم ناساندنە دەمانگەیەنێت بەوەی زمان، بیرکردنەوە و ڕەفتارەکانمانە، واتا زمان تەنها بریتی نییە لە گوزارشت کردن یاخود دەربڕینی کۆمەڵە دەنگێک لە چوارچێوەی وشە و دەستەواژە و دەربڕاو و ڕستەکاندا بۆ ئاڵوگۆڕکردنی زانیارییەکان بەڵکوو زمان زۆر قووڵترە لەو بابەتانەی ئێمە لەسەری بوەستین، زمان دیاریکار، بەجەستەکار و گوزارشت لێکاری بنیاتیی هەر هەبوویەکە، بۆیە بوونی نەتەوەکان بەزمانیانەوە بەستراوەتەوە، نەمانی زمانی هەر نەتەوەیەک نەمانی خودی نەتەوەکەیە.

“کاتێک زمانی تاکێک دەشێوێنرێت لەگەڵیدا زمان و بیرکردنەوەی دەشێوێت”

دکتۆر شیلان، تیشکی خستە سەر کاریگەرییەکانی شێواندنی زمان لەسەر شێوازی بیرکردنەوە و هەستی نەتەوەیی تاکەکان و وتی: کاتێک ئێمە زمانی تاکێک دەشێوێنین لەگەڵیدا فکر و بیرکردنەوەی دەشێوێنین، دەبێت هەستیاریانە و بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ دۆزی زماندا بکەین، بەداخەوەم لای ئێمە تا ئێستا بەپێی ئەو بەها و بایەخەی، کە پێویستە بۆ زمان هەبێت وەک پێویست مامەڵەمان لەگەڵدا نەکردووە، هەم وەک حکومەت و دەسەڵات، هەم وەکوو تاکەکانمان.

وتیشی: لە بنەمای بنیاتی هەر زمانێک، فەرهەنگەکەیەتی، فەرهەنگ ئەو گەنجینەیە، کە هەموو وشەکانی نەتەوەیەک لە خۆ دەگرێت، ئەم فەرهەنگە لە نەتەوەیەکەوە بۆ نەتەوەیەک لە گرووپێکەوە بۆ گرووپێک دەگۆڕێت، بەداخەوە هەتا وەکوو ئێستا، ئێمە فەرهەنگێکی پڕاوپڕی ئاوازبەندی کوردییمان تۆمار نەکردووە، بەڵام ئەوەی کە جێیی دڵخۆشیمانە دیوان و نووسینی شاعیر و زانا، نووسەر، ئەدیبەکانمانە، ئەوانە بۆ خۆیان نا ڕاستەوخۆ بوونەتە فەرهەنگێک بۆ نەتەوەکەمان.

“لە ئێستادا دەبێت کار بکەین بۆ دانانی فەرهەنگێکی کوردیی”

لە بەردەوامی قسەکانیدا بە گرنگییەوە باسی لەوەکرد، کە دەبێت لە ئیستادا کاربکرێت بۆ دانانی فەرهەنگێکی کوردیی و وتی: گرنگە لە ئێستادا کار بکەین بۆ دانانی فەرهەنگێکی کوردیی بۆ کوردیی، کە تێیدا ڕەنگدانەوەی دونیا بینی و ئاواز بەندیی، کەلتوور، فەرهەنگ، شارستانیەتی تاکەکان بێت، کە ئەمەش لە ڕێگایی کۆکردنەوە و گەنج کردنەوەی وشەکان دەبێت، لەم هەنگاوەدا ئێمە دەزانین هەموو سەردەمێک فەرهەنگی خۆی و وشەنامە و زانیارینامەی خۆی دەوێت بۆ تۆمارکردنی وشەکان و پاراستنی لە لەناوچوون.

“ناتوانین بەبێ زمانی دایک پرۆسەی پەروەردە بە ئاکامی خۆی بگەیەنین”

لەبارەی گرنگی پەروەردە و فێربوون بە زمانی دایک و بەهێزکردنی، مامۆستا شیلان عومەر وتی: یەکێکی تر لەو هۆکارانەی ڕۆڵیان لە پاراستن و برەودان، گەشەپێدان، باڵا کردنی زماندا هەیە، بریتییە لە بوونی زمان لە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردنەدا، بە دیاری کراویش زمانی فێرکردن، کە بریتییە لە نووسین یاخود ئەو زمانەی، کە ڕشتەکانی خوێندنی پێ تۆمار دەکرێت و پێی دەنووسرێتەوە و منداڵانی ئەو نەتەوەی پێگۆش دەکرێن، لە پرۆسەی پەروەردەدا، زمان و فێربوون پرۆسەیەکی تەواوکەری یەکترن، ناتوانیین بەبێ زمانی دایک پرۆسەی پەروەردە بە ئاکامی خۆی بگەیەنیین.

لە وەڵامی ئەو پرسیارانەی دەربارەی ئەوە دەکرێن، کە بۆچی پێویستە زمانی دایک لە پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردنی ئەکادیمیدا هەبێت وتی: هەموو منداڵێک کاتێک کۆرپەلەیە لە سکی دایکیدا پرۆسەی زمان پەژان دەست پێ دەکات تا تەمەنی پێنج ساڵی پرۆسەی زمان پەژان بەرەو کامڵ بوون دەڕوات، بەڵام ئێمە کاتێک دەگەینە بنەڕەتی زمانی دایکمان دەخوێنین، لەبەر ئەوەی خودی زمانی دایک تاکە هۆکارێکە ئێمە بە هۆیەوە دەچینە ناو ئاوەز و دونیابینی، مێشک، ناخ، دەروونی تاکەکانەوە دەتوانین زانیارییەکانی پێ بگەیەنین و چۆنیەتی شێوازی بیرکردنەوە پێ دەستنیشان بکەین.

“زمانی دایک هۆکارێکە بۆ گەشەپێدانی بنەماکانی بوونیادنانی کەسێتی و پەرەپێدانی مرۆی لە تاکدا”

ئەو مامۆستایە، باسی لەوەش کرد، زمانی دایک تاکە ئامڕازە، کە دەتوانرێت لە ڕێگەیەوە بنەماکانی بوونیادنانی کەسێتی و پەرەپێدانی مرۆی لە تاکدا بچێنرێت، هەر بۆیە پرۆسەی زمان پژان و ئاکار پەژان لە زانستی زمانی کارەکەیدا بە دووانەیەکی لە یەک دانەبڕاو دانراون و بە جەختکردنەوە وتی: دەبێت هەموو منداڵێک تا تەمەنی ١٠ ساڵی بەو زمانەی لە ماڵەوە قسەی پێ دەکات بەو زمانەش بخوێنێت، چونکە ئەگەر وا نەبێت کۆمەڵێک ئاریشە بۆ درووست دەبێت، وەک ئارێشەی دەروونی و کۆمەڵایەتی، پەروەردەیی، زمانیی و دواتر ئاریشەی جۆرەتیی فێرکردن، بۆیە زمانی خوێندن زمانی فێرکردن کۆڵەکەی زمانی نەتەوەکەیە دەبێت ئەو نەتەوەیە بە زمانی دایکیان بخوێنن.

وتیشی: تەنها لە ڕێگەی زمانی دایکەوە دەتوانین ئاکار پژان و پەرەپێدانی کەسێتی و بنیاتنانی کەسێتی بۆ تاکەکان بکەین، ڕەنگ ڕێژتنی کەسێتی هەموو منداڵێک لە پێنج ساڵی تەمەنی دایە لەگەڵ زمان پەژاندا، هەر ئەمەش وای کردووە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٢١ـی شووباتی هەموو ساڵێک بۆ بەرز ڕاگرتن و پیرۆزکردنی زمانی دایک دەستنیشان بکەن.

بەردەوامی هەیە…

ش. ئـ

Comments are closed.