گرنگی خوێندن بە زمانی دایک و مەترسیی پەراوێز خستن

سلێمانی

پسپۆڕانی زمانى کوردی ئاماژە بەوە دەکەن، کە زمانی کوردیی بە چەندین زمانی داگیرکەر گەمارۆ دراوە، دەسەڵاتی هەرێم پلان و کاری نییە بۆ پاراستنی زمانی کوردیی و دەشڵێن: خوێندنگە تایبەتەکان بوونەتە هۆکاری پەراوێز خستنی زمانی دایک.

زمان یه‌کێکه‌ لەو پێکهاتە گرنگانەی، کە هه‌ر نه‌ته‌وه‌ و گه‌لێکی پێدەناسرێتەوە، بەڵام زمانی کوردیی لەلایەک لەژێر چەپۆکی داگیرکەراندایە و لەلایەکی دیکەوە لە لایەن دەسەڵاتدارانی کوردیشەوە تا ئاستی مەترسیدار، پەراوێز خراوە.

ئەگەر لە ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان لە ژێر ستەمی هەردوو دەوڵەتی ئێران و تورکیا زمانی کوردیی قەدەغەیە و خوێندن و نووسین بە زمانی دایک ڕێگەپێنەدراوە، ئەوا لە باشووری کوردستان، کە خاوەنی بەڕێوەبەرییی کوردییە، زمانی کوردیی پەراوێزخراوە و گرنگی پێنادرێت، لەبارەی مەترسی پەراوێزخستنی زمانی دایک و نەکردنی بە بنەمای خوێندن و فێرکردن، پڕۆفیسیۆر شیلان عومەر لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ ڕۆژنیوز وەڵامی چەند پرسێکی تری دایەوە.

خوێندنگە تایبەتەکان بوونەتە هۆکاری پەراوێزخستنی زمانی دایک

لە ڕوانگەی مامەڵەی نادرووستانە بەرامبەر بە دۆزی زمانی دایک، شیلان عومەر، وتی: بەداخەوە ئێمە لە ئێستادا لە دوو ڕوانگەوە زۆر نادرووستانە مامەڵە لەگەڵ دۆزی زمانی دایکدا دەکەین، یەکەمیان کردنەوەی بێ شووماری خوێندنگە تایبەتەکانە، کە زمانی دووەم و سێیەمی تێدا دەخوێنرێت بەبێ ئەوەی هیچ مەرج و پەیوەند و بەندێکیان بۆ کرابێت، ئەمەش وای کردووە منداڵانی ئێمە زۆر کەم بەهایانە لە زمانی دایکیان بڕوانن و لە هەمانکاتدا ئەوەی پێویستە لە بارەی زمانەکەیانەوە بزانن؛ نایزانن.

هەروەها وتیشی: دیاردەیەکی تر، کە ئێستا هاتووتە کایەوە دەیبینین کردنەوەی خولی فێربوونە بۆ زمانی دایک بۆ منداڵانی قۆناغی بنەڕەتیی، کە ئەمە دیاردەیەکی مەترسیدارە دەبێت وەزارەتی پەروەردە بێتە سەر هێڵ و پێداچوونەوە بۆ ئەو پرۆگرامانە بکات، کە لە پرۆسەی پەروەردە پێشکەش بە منداڵانی کورد دەکرێت، بە تایبەتی لە خوێندنگە تایبەتەکاندا، کە کۆت و پەیوەندی تایبەت بە خۆیانیان هەیە، چونکە ئێستا بەداخەوە زمانی کوردی لە خوێندنگە تایبەتەکاندا بووەتە زمانی پەراوێز خراو و زمانی لاوەکی و زمانی دووەم و زمانەکانی تر، کە دووەم و سێیەمن بوونەتە زمانی یەکەم.

لە هیچ ناوەندێکدا گرنگی پێویست بە زمانی کوردیی نادرێت

پڕۆفیسۆر شیلان ئاماژەی بەوە کرد، لە سەرجەم کایەکانی ژیاندا زمانی کوردی پەراوێزخراوە و بە گرنگییەوە مامەڵەی لەگەڵدا ناکرێت و وتی: ئێمە نە لە ڕاگەیاندنەکان و پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن، شوێنە گشتییەکان، تابلۆی سەر شەقامەکان، بەڕاستی لە هیچ کایەیەکدا نە لە یاسا و بڕیارە دەستوورییەکانمان بە بنەماگرتنی زمانی کوردیی جێبەجێ نەکراوە، بۆیە لەم ڕوانگەیانەوە ئێمە کەمتەرخەم بوویین لە ئاست ئەوەی، کە چۆن بتوانیین و هەوڵ بدەیین زمانی کوردی بخەینەوە سەر پێی خۆی و لە ئەو مەترسییانەی، کە هەیە بیانپارێزین.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی ٣٠ ساڵی حوکمڕانیدا سیاسەت و پلانی نەبووە بۆ جڵەوکردنی زمانی کوردی

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو سیاسەتەی، کە ئێستا بەرامبەر بە زمانی کوردیی لەم ٣٠ ساڵەی تەمەنی حکومداری کورد لە باشووری کوردستان سیاسەتێک نەبووە لە ئاستی پێویستدا، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێک، یەکەمیان حکومەتی هەرێم سیاسەت و پلانی زمانی نەبووە بۆ چۆنیەتی جڵەوکردنی زمانەکە و ئەم سیاسەتە و پلانەش، کە نەبووە کاردانەوەی هەبووە لەسەر ئەوەی هەر ناوەندێک و ڕاگەیاندنێک، خۆی بۆ خۆی پاشاگەردانە مامەڵەی لەگەڵ زمانی کوردیدا کردووە ئەمەش وایکردوە، کە ئێستا زمانەکەمان بەرە و ئاقارێکی مەترسیدار دەڕوات.

ئەو مامۆستای زانکۆیە ڕوونیشی کردەوە، کە هۆکارەکان دابەش دەبن بەسەر دوو ئاستدا، ئەویش بریتییە لە ئاستی سەرەوە بۆ خوارەوە، کە دەبێت حوکمەت جڵەوی زەمان بگرێت لە هەموو دونیا وایە دەستە و دامەزراوەیەک، سەندیکایەک، ئەکادیمیایەک، هەیە، کە دەبێت وەکوو سەنتەرێک جڵەوی زمان بگرێت ڕێگە نەدات بەو پاشاگەردان و هەڕەمەکییەی تاکەکانی کۆمەڵگە مامەڵەی لەگەڵدا بکەن لە هەر کایەیەکدا بێت، بەڵام بەداخەوە لای ئێمە ئەکادیمیای کوردیمان هەیە، بەڵام نەیتوانیوە لە ئاستی پێویست جڵەوی زمانەکە بگرێت.

دکتۆر شیلان باسی لە خاڵێکی تر کرد، کە حکومەت بە نەرێنی کردوویەتی بریتی بووە بە نا ڕاستەوخۆ برەودان بە زمانی دووەم و زاڵکردنی بووە بە سەر زمانی دایکەوە و نموونەی بەستنەوەی هەلی کار و دامەزراندن بە زانینی زمانەکانی دووەم و سێیەم و وتیشی: خوێندنی باڵا دەڵێت، تۆ دەبێت تاقیکردنەوەی توانستی زمانی ئینگلیزی بکەیت، کە ئەمە لە هیچ شوێنێکی دونیادا نییە تۆ بە تاقیکردنەوەی توانستی زمانی دایک بکەیت بۆ دەستخستنی کار و بازاڕسازیی، ئەمانە هەمووی حکومەت خۆی بە ناڕاستەوخۆ وا دەکات، کە تاکەکان گرنگی بە زمانی دووەم بدەن ئەمە لە سەر ئاستی سەرەوە.

هاوکات جەختیش دەکاتەوە، لە سەر ئاستی خوارەوەش خێزانەکان هۆشیاریان نییە لەسەر ئەوەی، کە ئەرکیان چییە بەرامبەر بە منداڵ بە تایبەتی لە پێنج ساڵی قۆناغی تەمەنیاندا، بە تایبەتی دایک دایک زۆر ئەرکێکی گرنگی هەیە لەوەی، کە هۆشیارانە و بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ زمانی منداڵەکەدا بکات، چونکە ئەمە بەپێیی سەرچاوە ئایینیی و نەتەوەییی، نێودەوڵەتیی مافێکیی منداڵە دایک و باوک بۆی نییە زمانی منداڵ تێکبدات یاخود بیشێوێنێت و پەیڕەوێکی تر پێشکەش بەو منداڵە بکات بەبێ ئەوەی منداڵەکەی خۆی ئازادانە و سەرپشکانە و ژیرانە خۆی بڕیاری لەسەر بدات.

لە بەردەوامی وتەکانیدا وتی: بەداخەوە ئێمە ئێستا دەزانین خوازیارێکی زۆر هەیە لەسەر خێزانەکان، کە پێیان خۆشە منداڵەکانیان لە لە قۆناغی دایەنگە و بنەڕەتی بچنە خوێندنگە و دایەنگە و باخچەی منداڵان، کە بە زمانی دووەم بخوێنن بۆ فێربوونی زمانێکی تر ئەمەش ڕاستەوخۆ کاردانەوەی هەیە لەسەر لایەنی دەروونیی منداڵ، ئێستا یەک لەو کێشانەی تاک و منداڵی ئێمە پێوەی دەناڵێنێت کێشە دەروونیی و ئاوازییەکانە، بۆنموونە یەکێک لەو نەخۆشییە دەمارانەی، کە هەیە کۆئەندامی دەماری تووشی دەبێت ئۆتیزمە.

ئەرکی حکومەتە، کە پلان و بەرنامەڕێژی هەبێت بۆ گەشەپێدانی زمانی کوردی

لەبارەی ڕۆڵ و کاریگەری حکومەت بۆ گرتنەبەری باشتریین ڕێگەچارە، شیلان عومەر دەڵێت: پێویستە حکومەت پلانێکی تۆکمەی هەبێت بۆ کار کردن لە ئەو پێنج کایەیی، کە ڕۆڵیان هەیە لە پەرەپێدانیی تاکدا، کە ئەوێش، یەکەمیان خێزانە هۆشیاری بدات بە خێزانەکان، کە چۆن مامەڵە لەگەڵ منداڵ و زمانی دایکیاندا بکەن، لە هەمان کاتدا دامەزراوە و پەروەردەییەکان لە دایەنگەوە دەیگرتەوە تا دەگاتە خوێندنی باڵا دەبێت ڕستەکانی خوێندن بەزمانی دایکیان بێت، نابێت منداڵان ڕشتەکانی خوێندن تاوەکو ١٠ ساڵی بە زمانی دووەم بێت، لە هەمان کاتدا زمانی دووەمیش دوای ئەو قۆناغە ئەگەر منداڵ فێر کرا دەبێت مەرج و پێوەری خۆی هەبێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، خاڵێکی تر ئەوەیە ڕاگەیاندنەکان زۆر گرنگە حکومەت، تایبەتی وەزارەتی ڕۆشنبیری سنوورێکیان بۆ دابنێت و لە هەمان کاتدا جڵەویان بگرێت بۆ ئەوەی، کە دەبێت ڕاگەیاندنەکان بە زمانی یەکگرتووی کوردیی بن، هەر بۆیە ئەرکی حکومەتە، کە پلان و بەرنامەڕێژی هەبێت بۆیە ئەمە جارێکی تر خۆمان نەبینەوە بە هۆکاری ئەوەی زمانەکەمان بەرەو لەناوچوون بەریین.

هەر لەو چاوپێکەوتنەیدا شیلان عومەر، ڕایگەیاند، ڕاستە دەڵێین گۆڕانی کەلتووری هەمیشە بەردەوامە و زمان بە بەردەوامی لە گۆڕاندایە، بەڵام دەبێت ئەوە بزانین ئەم گۆڕانانە لە بەها کۆمەڵایەتیەکانیی نەتەوەکەماندا نابێت ڕووبدات، ئەو بەها باڵایانەی، کە کورد هەیەتی دەبێت بیپارێزین و برەوی پێ بدەیین و گەشە بکەن، ئەوانەشی دیاردەیی دزێوون دەتوانیین گۆڕانکارییان تێدا بکەین و گەشەی تێدا بکەیتن نەک بەپێچەوانەوە مامەڵەیی لەگەڵ بکەییین زمان تاکە ئامڕازە، کە ئێمە بە هۆیەوە دەتوانیین نەک تەنها بیرکردنەوەکانمان لە لەناوچوون بپارێزین و پەرەیی پێ بدەیین، بەڵکوو لەو ڕێگەیەوە بەها و کەلتوور و فەرهەنگمان پارێزراو بکەین.

جۆرێکی دیکە لە پاکتاوی زمان هاتووەتە ئاراوە”

بە بڕوای ئەو مامۆستای زانکۆیە، لە ئێستادا زەنگی مەترسیدار ئەوەیە، کە مەترسی گۆڕینی زمان نازانن کاتێک نەتەوەیەک زمانی دەگۆڕیت کەلتوورەکەشی دەگۆڕێت، ئاماژەی بەوەکرد لە ئێستادا دیاردەیەک لەناو زمانەوانیدا پەیدا بووە، وەک چۆن جینۆساید هەیە بە واتای پاکتاوی نەژادیی، “لینک وایی ساید” پەیدا بووە، بەواتای پاکتاوی زمانی یاخود زمان کوژیی و مردنی زمانە، کە بریتییە لە نەمانی دوا ئاخێوەر یاخود دوا قسەپێکەری زمانێک بە مردنی ئەو زمانە دیاریی کراوە.

پرۆفیسۆر شیلان عومەر، ئەو دیاردەیەی پاکتاو یاخود کوشتنی زمانیی بە باسکردنی نموونەی زمانە مردووەکان زیاتر ڕوونکردەوە و وتی: زمانێکی وەک سۆمەرییەکان و ئەکەدیەکان و لاتینییەکان، بەزمانێکی لە کارکەووتوو دیاری کراوە لەبەر ئەوەی ئاخێوەری نییە، بەڵام لە زانستی زمانیی نوێدا ئێستا مردنی زمان بەوە دیاریی دەکرێت، قسەپێکەر هەیە، بەڵام قسەپێکەرەکان سەرپشکانە ئارەزوومەندانە واز لە زمانی دایک دەهێنن و دەچن زمانێکی تر بەکار دەبەن، ئەمەش دەبێتە هۆی مردنی زمانەکە، چونکە لەگەڵیدا کەلتوور و فەرهەنگی نەتەوەکەش لەناودەچێت،.

بۆیە هۆشداری دا لەو بارەیەوە و وتی: دەبێت ئاگاداربین تاکەکانی خۆمان بە دەستی خۆمان زمان و کەلتوور  ونەتەوەکەمان بەرەو ئەو ئاڕاستەیە نەبەین، کە سەرپشکانە واز لە زمانی دایک بهێنن، چونکە دواجار خۆشمان لە ناو دەچین، کە زمان و نەتەوەکەمان  لەناوچوو کەسێتی خۆشمان لەناو دەچێت.

ش. ئـ

Comments are closed.