لە سلێمانی مەراسیمێک بۆ کۆچى دوایی هونەرمەند توانا فەرەج بەرێوەچوو

سلێمانی

ئەمڕۆ، بە ئامادەبوونی کەسوکار و هونەرمەندان و هاوڕێیانی، لە مەراسیمێکی شایستەدا، هونەرمەندی کۆچکردوو توانا فەرەج بە بیرهێنرایەوە.

ئەمڕۆ، لە کارگەی جگەرەکەی شاری سلێمانی، بەشی هونەرەکانی میوزیکیی کارگەکە، مەراسیمێکی ماتەمینی بۆ بە بیر هێنانەوەی هونەرمەند توانا فەرەج، کە لە ٢٧ی ئەم مانگە بە هۆی جەڵدەی مێشكەوە گیانی لەدەست دا، ئەنجامدا.

سەرەتای مەراسیمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ ڕێزلێنان لە ڕۆحی هونەرمەند توانا فەرەج دەستیپێکرد، پاشان سەرگوزەشتەیەک بە ژیاننامەیدا کرا، کە هونەرمەند تا ئێستا کاری دەنگیی و ئاوازی بۆ نزیکەی لە هەزار گۆرانیی و چیرۆک و میوزیکی وێنەیی کردووە.

پاشان لە لایەن هەریەک لە ئارام عوسمان، لێپرسراوی بەشی کارگێڕیی هونەرە میوزیکییەکانی کارگەی جگەرە، موحسین ئەدیب، بەڕێوەبەریی گشتی هونەر و ڕۆشنبیریی سلێمانی، نیاز نوری، نەقیبی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان و ئارا ئەحمەد، هاوڕێی نزیکی هونەرمەند وتەیان پیشکەش کرد و باسیان لە هەوڵ و تواناکانی توانا فەرەج کرد و کەسایەتییان بەرز هەڵسەنگاند.

دواتر، هونەرمەند لوقمان سەلیم، لاوانەوەیەکی پێشکەشکرد، هەروەها بە ئامێری میوزیکی پیانۆ و نەی، بە ژەنینی چەند پارچە میوزیکێک هونەرمەند توانا فەرەجیان بە بیر هێنایەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، سەر لە بەیانی ٢٧ی ئەم مانگە، هونەرمەند توانا فەرەج، دوای ئەوەی بە هۆی جەڵدەی مێشکەوە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە نەخۆشخانە لە بەشی چاودێری چڕدا بوو، بەڵام سەرەنجام دڵە مەزنەکەی لە لێدان کەوت و بۆ هەمیشە ژیانئاوایی لە هونەرمەندان و دۆستانی کرد.

ئ.م

Comments are closed.