بەکر مەجید: لە کەسایەتیی شەهید ڤیاندا ئاستی ڕێبەرایەتییکردنی ژنان بەرجەستە بوو

باران گەرمیانی

١٨ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر چالاکییە گیانبازییەکەی شەهید ڤیان جاف، ئەو ژنەی بە ئاگری لەشی لە دژی پیلانگیڕیی نێودەوڵەتی وەستایەوە، بەکر مەجید، یەکێک لە هاوخەباتانی ئەو شەهیدەش دەڵێت: شۆڕشگێڕێکی لێهاتوو بوو، لە کەسایەتییدا ئاستی ڕێبەرایەتیی کردنی ژنان بەرجەستە بوو.

شەهید لەیلا والی حسێن ناسراو بە (ڤیان جاف یان ڤیان سۆران)، لە ساڵی ١٩٨١ لە سلێمانی دایکبووە، لە ساڵی ١٩٩٧ بەشداری ڕیزەکانی گەریلاکانیی ئازادییی دەبێت، هەر لەمنداڵییەوە هەستیی بەزوڵم و ستەمیی سیستمیی کۆمەڵایەتیی کردووە و پێی پەسەند نەکراوە، هەربۆیە هەمیشە ڕووبەڕووی ئەو ئەقڵییەتە کۆنەپارێزە بووەتەوە، کە ژنی کۆتگییر و بێ ئیرادە کردووە.

 لە شەوی ١/٢ی شووباتی ساڵی ٢٠٠٦، لە دژی پیلانگێڕییی نێودەوڵەتیی دژی ڕێبەر ئۆجالان، لە ناوچەی حەفتانین لە چالاکییەکی گیانبازییدا ئاگر لەجەستەی بەردەدات و شەهید دەبێت.

لەم چاوپێکەوتنەدا، بەکر مەجید، یەکێک لە هاوخەباتانی شەهیدی شۆڕشگێڕ ڤیان جاف، باس لە کەسایەتیی و هەڵوێستەکانی لەمەڕ پیلانگێڕیی نێودەوڵەتیی لە دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و چالاکییە گیانبازییەکەی شەهید، بۆ ڕۆژنیوز دەکات.

“بە بیروباوەڕی خۆیان بەشداری ڕیزەکانی گەریلا بوون”

لە بارەی سەرەتای بەشداربوونییەوە بەکر مەجید وتی: سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهید ڤیان دادەنەوێنم، نموونەی کەم بوو لەناو ژنانی باشووری کوردستاندا، بە تەمەنێکی کەم لەگەڵ دوو ژنی بنەماڵەکەیدا لە ساڵی ١٩٩٧ بەشداری ڕیزەکانی پەکەکە بوو، لەبەر ئەوەی بنەماڵەکەی عەشایەر و دواکەوتوو بوون، دەستیان بە هێرشی ناڕەوا کرد بۆ سەر ڕێکخستنەکانی بزووتنەوەی ئازادیی کوردستان، پێیان وابوو بە زۆر بردراون، بۆیە وتیان نەخێر بە بیروباوەڕی خۆمان بەشداربووین.

“هەر فیداکارییەک کە دەیکەن لە پێناو گەل و ڕێکخستندایە”

هەروەها باسی لە یەکەمین جاری بینینی کرد و تی: پێش بینینی، زۆر بۆمیان باس دەکرد کە کەسایەتییەکی بەرزی هەیە و شۆڕشگێڕێکی لێهاتووە، یەکەمجاریش بۆ هەندێک کاری ڕێکخستنی پەچەدەکە ڕۆشتینە موسڵ، ئەویش یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی پەچەدەکە، لەوێ بینیم و شۆکبووم، بەداخەوە دواتر دەرفەت نەڕەخسا یەکدی ببینینەوە تا کاتێک هەواڵی چالاکییە گیانبازییەکەی بڵاوبوویەوە، زۆر خەمبار بووم لەگەڵ ئەوەشدا دەمزانی هەڤاڵان هەر فیداکارییەک کە دەیکەن لە پێناو گەل و ڕێکخستندایە.

“لە کەسایەتیی شەهید دا ئاستی ڕێبەرایەتییکردنی ئازادیی ژنان بەرجەستەبوو”

هاوخەباتەکەی شەهید ڤیان، لە بارەی تێپەڕاندنی بەربەستەکانی بەردەمییەوە دەڵێت: شکاندنی ئەو سنوورە کۆمەڵایەتییە سەختەی کە بنەماڵە هەرگیز ڕێگەی نەدەدا، ژنانی باشوور بەشداریی لە تێکۆشانێکی لەو شێوەیە بکەن، شەهید ڤیان توانیی بیکات، ڕووبە ڕوو بوونەوەی ئەو فشارە بۆ خۆی قارەمانێتییەک بوو کە نیشانی دا کە پێشەنگایەتی ژنان دەکات بۆ خەبات و تێکۆشان، هەروەها خوێندکارێکی زۆر لێهاتوو و زیرەک بوو، مامۆستاکانی پێیان ناخۆش بوو کە قوتابخانەکەی جێ هێشت، ئەمانە هەموو سەلمێنەری ئەوەیە کە لە کەسایەتیی شەهید ڤیاندا ئاستی ڕێبەرایەتیی کردنی ئازادیی ژنان بەرجەستەبوو.

“نەبینینی ڕێبەر ئاپۆ یەکێک بوو لە خەمەکانی”

لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەدا، بەکر مەجید باسی لە هۆکاری نەبینینی شەهید ڤیان و ڕێبەر ئۆجالان کرد و وتی: کە بەشداربوو، ڕاستەوخۆ چووە خولی پەروەردە، کاتێک تەواویکرد، بوو بە ساڵی ١٩٩٨، لەو ساڵەشدا بەرەو پیلانگێڕیی نێودەوڵەتیی دەڕۆشتین، جگە لە شەهید ڤیان چەندین هەڤاڵی دیکە خۆیان ئامادەکردبوو کە بنێردرێن بۆ گۆڕەپانی سەرۆکایەتیی، ئیدی ئەو ڕەوشە هاتە پێشەوە، یەکێک لە خەمەکانی شەهید ڤیانیش کە لە نووسینەکانی ئاماژەی پێداوە، نەبینینی ڕێبەر ئاپۆیە، چەند بە عەشقی ئەوەوە بووە کە ڕێبەر ئاپۆ ببینێت و بەشداریی لە پەروەردەکانی بکات، بەڵام باردۆخەکە ڕێگەی ئەوەی نەدا و لە پیلانگێڕییەکدا ڕێبەر ئاپۆ ڕفێندراو و گۆشەگیر کرا.

“بە چالاکییەکەی پەیامی ئاراستەی دوژمن کرد”

لە بارەی پەیامی پشت چالاکییە گیانبازییەکەوە، هاوخەباتی شەهید وتی: ئەمە یەکەمین جارە لە مێژووی گەلی کورد و مرۆڤایەتییدا چالاکییەکی گیانبازیی بەو بڕیار و ئاستە بەرزە، مرۆڤ لە پێناو گەل و نیشتیمان و ڕێبەرەکەیدا گیانی خۆی فیدا بکات، خۆسووتاندن هەروا کارێکی ئاسان نییە و لوتکەی ئیرادەیە، ئەو چالاکییە پەیامێکە بۆ دوژمن کە دەڵێت ئێمە لە پێناو پاراستنی ڕێباز و پرسە گرنگەکەمان و ڕێبەرەکەمان گیانی خۆمان دەکەین بە قوربانی، ڕۆحی ڕادەستبوونمان بەجێ هێشت و ئێستا خاوەنی ڕۆحی فیداکاریی، بەرخۆدان و بەرگریین.

هـ.ح

Comments are closed.