بە مەراسیمێک تەرمی هونەرمەندی کۆچکردوو ئیبراهیم نەقدیان ڕەوانەی زێدی خۆی کرا

سلێمانی

ئەمڕۆ، لە مەراسیمێکی شایستەدا، تەرمی هونەرمەندی کۆچکردوو ئیبراهیم نەقیدیان ناسراو بە مام شێر لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە ڕەوانەی زێدی خۆی لە تارانی پایتەختی ئێران کرایەوە و ڕێزلێنان بە خانەوادەی هونەرمەند بەخشرا.

ئەمڕۆ، لە فڕۆکەخانەی سلێمانی، بە دەستپیشخەریی کۆمەڵەی هونەریی میللی کوردستان و ئامادەبووانی هونەرمەندان و هونەردۆستان، بە مەراسیمێک تەرمی هونەرمەند ئیبراهیم نەقدیان ڕەوانەی زێدی خۆی لە ئێران کرا.

لە سەرەتادا، تەرمی هونەرمەند هێنرایە فڕۆکەخانەی سلێمانی بۆ ئەوەى ڕەوانەی زێدی خۆی بکرێت، پاشان ئامادەبووان بۆ ڕێزلێنان لە ڕۆح و ماندووبوونی ئیبراهیم نەقدیان خولەکێک بە بێ دەنگی وەستان، پاشان لە لایەن گرووپی ئۆرکێسترای سلێمانی پارچەیەک میوزیک پێشکەشکرا.

دواتر هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، وتەیەکی پیشکەشکرد، پاشان نەستەران سافیر، هاوژینی هونەرمەندی کۆچکردوو، وتەیەکی پێشکەشکرد و سووپاسی هەموو ئەو کەس و لایەنانەی کرد، کە ئەم مەراسیمەیان ئەنجامداوە و هاوکار بوون بۆ گەڕاندنەوەی تەرمی هونەرمەند بۆ زێدی خۆی لە تارانی پایتەختی ئێران.

دواتر لەلایەن ساڤیا بێستوون، یەکێک لە خوێندکارەکانی هونەرمەند پارچەیەک میوزیک پێشکەشکرا و لەگەڵ ئەوەشدا تاجە گوڵینەی ڕێز و وەفا لەسەر تەرمەکەی دانرا، پاشان تەرمەکەی بە فڕۆکە ڕەوانەی تاران کرا.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە ڕۆژی ٢٧ی ئەم مانگە، ئیبراهیم نەقیدیان، هونەرمەندی میوزیسیانی ئیران، پاش تێکچوونی بارودۆخی تەندرووستی بە هۆی نەخۆشی دڵەوە گیانی لەدەست دا.

جێگەی باسە هونەرمەندی کۆچکردوو ساڵانێکە لە باشووری کوردستان خزمەت بە هونەر و کەلتووری کوردیی دەکات، لە کاتێکدایە خۆی بە ڕەگەز فارسە و زمانی کوردیشی نەدەزانی، بەڵکو لە باشووردا خۆی فێری زمانی کوردی کرد.

ئ.م

Comments are closed.