هەژان خالید: بوونی هۆشیاری پێویستە بۆ ژنان تا بەرەنگاری توندووتیژییەکان ببنەوە

سلێمانی

هەژان خالید توێژەر و مامۆستای زانکۆی سلێمانی لە دواین توێژینەوەی خۆیدا ئاماژەى بە توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان کردووە لە دەزگاکانى ڕاگەیاندندا و  ئاشکرای کردووە نیوە زیاتری ژنان لە دەزگا ڕاگەیاندنەکاندا ڕووبەڕووی توندوتیژیی دەبنەوە، دەشڵێت: بوونی هۆشیاری زۆر پێویستە بۆ ژنان تا بتوانن بەرەنگاری توندووتیژییەکان ببنەوە.

هەژان خالید، توێژەر و مامۆستا لە زانکۆی سلێمانی، لەبارەی ڕەوشی ڕۆژنامەنووسانی ژن و ئەو توندوتیژییانەی بەرامبەریان ئەنجام دەدرێت لە ڕاگەیاندنەکانی باشووری کوردستاندا دەڵێت: ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆژنامەنووس و میدیاکارانی ژن ڕووبەڕووی بەرهەڵستی و هەراسانکردنی جیاواز دەبنەوە، بەشێکی کەمی دەزگاکان سیاسەتیی جێندەرییی نووسراویان هەیە، بوونی هۆشیاریی پێویستە بۆ ژنان تا بتوانن بەرەنگاری توندووتیژییەکان ببنەوە.

حاڵەتەکانی پێشێلکاری بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان بە گشتی و ڕۆژنامەنووسانیی ژن بەتایبەت ڕوو لە زیادبوونەوە و دۆخەکە بۆ ژنانی ڕۆژنامەنووس جیاوازە، بەوەی ڕووبەڕووی توندوتیژی و هەراسانکردن دەبنەوە و بە هێندەی حاڵەتەکان کەیسەکان تۆمار ناکرێت، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی ئەو ئازادییەی ڕۆژنامەنووسانی ژن لە کارەکانیان پێویستیان پێیەتیی، لە لایەکی دیکەوە سیاسەتی حزب و ئەو دەزگایەی کاری لێ دەکەن بووەتە بەربەست و ڕێگری لەبەردەم ڕۆژنامەنووسان بە گشتیی و ژنان بەتایبەت.

ئەو توێژەرە دەربارەی ڕەوشی ڕۆژنامەنووسانیی ژن و ئەو توندوتیژییانەی بەرامبەریان ئەنجام دەدرێت لە هەمانکاتدا باس لەو توێژینەوەیە دەکات، کە سەبارەت بە ڕەوشی ڕۆژنامەنووسانیی ژن ئەنجامدراوە، ئەو توێژینەوە زانستییە، بە پشت بەستن بە ڕێبازی (ڕاپێویی) لە دیدگای ٩٢ ژن بە شێوەیەکی هەڕەمەکی لە دامەزراوە ڕاگەیاندنەکاندا ئەنجامدراوە، بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

لە سەرەتا چاوپێکەوتنەکەدا، هەژان خالید وتی: ئەم ساڵ ڕاپۆرتێکمان ئامادە کردووە، کە توێژینەوەیەک لە خۆ دەگرێت، بۆ زانینی ئەو ئاڵەنگاریانەی ڕووبەڕووی ژنان و کچان دەبێتەوە لە ناوەندەکانی ڕاگەیاندنی هەرێمی کوردستاندا، ڕاپرسیمان لە دیدی ٩٢ ژن بە شێوەیەکی هەڕەمەکی ئەنجامدا، کە بەداخەوە بۆمان دەرکەوت ژمارەیەکی زۆر لە میدیاکارانی ژن ڕووبەڕووی بەرهەڵستی جیاواز دەبنەوە لە سەر ئاستی ناوخۆی دامەزراوەکان و لە دەرەوەی دامەزراوەکانیشدا.

ئەو توێژەرە، لە بارەی ئەو کێشە و هەراسانکردنانەی ڕووبەڕووی ژنانی ڕۆژنامەنووس دەبێتەوە، ئاماژەی بەوە کرد، یەکێک لەو کێشانی ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە، هەراسانکردنە لەناو دامەزراوە و لە کاتی دەرچوون و ڕووماڵکردندا، هەروەها کەمی ڕۆڵی ژنان لە ناوەندەکانی بڕیارداندا، یەکێک لە باسە هەستیارەکان، ئەو ژمارانەی دەستیان خستووە بۆی ئاشکرا کردوون، کە کەوتووە ژنان نەیان توانیوە لە ناوەندەکانی ڕاگەیاندندا لە پۆستی باڵادا بەشداری کارایان هەبێت و دەڵێت: ژمارەیەکی زۆر کەم لە ژنانمان هەیە کار دەکەن، لە بەشەکانی، تەکنیک، گرافیک دیزاین، مۆنتێردا، هەر بۆیە بەشداری ژنان سنووردارە.

لەبارەی ئەو توندوتیژییانەی بەرامبەر بە ژنان دەکرێت، ئەو توێژەرە ئەوە دەخاتەڕوو، ئەو توندوتیژییانەی بەرامبەر بە ژنان دەکرێت، بەپێی ئەو ڕێژانەی لە ڕاپۆرتەکەدا ڕوونکراوەتەوە، لە کاتێکدا ژنان ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە دەرچەیەکیان نییە بۆ ڕزگار بوون، هەروەها پەنا نابەن بۆ ئەوەی ئەو داوایەی هەیانە و بەسەریاندا هاتووە بەرزی بکەنەوە بۆ لایەنی پەیوەندیدار، هەروەها هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی متمانی ژنان، پێیان وایە ئەگەر داوایەکی یاسایی تۆمار بکەن لە دەرەوەی دەزگاکەدا، بەدەمەوە هاتنێکی وانییە و ئاسان نییە، کە بتوانرێت کەیسەکەی چارەسەر بکرێت، بەو هۆکارە ژنان متمانەیان بە دامەزراوە و دەزگا پەیوەندیدارەکان نییە.

هەژان خالید باسی لەوەش کرد، میدیا و ناوەندە ڕاگەیاندنەکان لە لایەن پیاوانەوە دەستی بەسەردا گیراوە یاخود گوتارێکی پیاوانەی تێدا بەرجەستە دەبێت، بە تایبەت لە هەرێمی کوردستاندا بەشێکی کەمی دەزگاکان سیاسەتیی جێندەریی ئەنجام دەدەن، بەڵکوو سیاسەتیی هەراسانکردنییان هەیە، تا ئێستاش ئەو ژنانەی کە منداڵیان دەبێت یاسایە یاخود گرێبەستێکیان بۆ ڕێک نەخراوە کە مۆڵەتی دایکایەتیی وەربگرن.

ئەوەشی خستە ڕوو، هۆکاری ئەوەی ژنان متمانەیان نییە، کە ئەو توندوتیژی و هەراسانکاریانەی بەرامبەریان دەکرێت ئاشکرا بکەن لەلای بەڕێوەبەر و کەسە نزیکەکانیان پەیوەستە بەوەی تا چەند ژنان هۆشیاری پێویستیان هەیە، هەر چەندە هەراسانکردن و توندوتیژییەکان کە دەکرێن ژنان هۆشیاری پێویستیان نییە و نازانن کە چی بکەن لەو کاتانەی تووشی ڕووداوێکی وا دەبنەوە، دەبێت چی بکەن و پەنا بۆ کێ بەرن، هەر بۆیە هۆشیارکردنەوەی ژنان گرنگە واتا بەشێکی پەیوەستە بە هۆشیاریی کۆمەڵگە، بەشەکەی تریش پەیوەستە بە هۆشیاری ژنان.

وتیشی: هەمانکاتدا بەشێک لەو ژنانە پێیان وایە ئەگەر بێت و دەنگیان هەڵبڕن و ئەو توندوتیژی و هەراسانکردنانە ڕەت بکەنەوە، ڕەنگە لە بری ئەوەی کێشەکەیان چارەسەر بکرێت، کێشەکەیان بە لاڕێدا دەبرێت و پێیان وایە لە ئەنجامدا خزمەت بە ئەجێندای دامەزراوەکان دەکات هێندە خزمەت بەو کەیسە ناکات کە مافەکانی خۆیان بەدەست بهێنن.

لە کۆتاییشدا هەژان خالید ڕوونیشی دەکاتەوە، دەزگاکا ڕاگەیاندنەکانی حزب، دەکرێت وەک یەکێک لە هۆکارەکان کاریگەری هەبێت بەڵام ناکرێت وا لێی بڕوانین، کە هەراسانکردن و توندوتیژی تێیدا ڕێژیەکی بەرزە، ئەمە پەیوەندی هەیە بە بیرکردنەوە و تێڕوانین لە تواناکانی ژناندا، هەر بۆیە گرنگە تواناکانی ژنان ڕێکبخرێت.

ش. ئـ

Comments are closed.