سەید عەلی ئەسغەرى کوردستانی.. چریکەیەکی نەمر لە قوڵایی مێژووی کوردەوە

ناوەندى هەواڵەکان

ئەمڕۆ ٨٧ ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر کۆچی دواییی هونەرمەندێک کە دەنگ و چریکەی ئاوازەکانی لە قوڵایی مێژووی کوردەوە هاتووەتە دەرەوە و تائێستاش نەوە دوای نەوە ئاوازەکانیی دەیڵێت و دەیڵێتەوە و نامرێت، ئەو هونەرمەندە  سەید عەلى ئەسغەرى کوردستانییە.

سەید عەلی ده‌نگێك له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستانه‌وه‌ و لە حوجره‌و ته‌كیه‌وه‌ به‌ خوێندنى قورئان قوڕگی کردەوە، دواتر بە وشە و ئاوازەکانیی گەنجینەیەکی بۆ کورد جێهێشت کە ئێستاش بووەتە نێرگەزەجاڕێک بۆ هونەری کوردی دوای خۆی.

سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی کوڕی سەید نیزامەدین کوڕی سەید جامی کوڕی سەید محەممەد جەواد کوڕی سەید ئیبراهیمە، لە گوندى سەڵوەتاوا لە نزیک شارى سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵى ١٨٨١ لە دایکبووە .

بنه‌ماڵه‌ی سەید عەلی خۆی له‌بنه‌ڕه‌تدا سەر بە بنه‌ماڵه‌ی (باباتاهیری هه‌مه‌دانی) شاعیری ناوداری كوردە، بۆیە ئەو شاعیرەش کاریگەری زۆر لەسەر درووست کردووە.

سەید عەلى ئەسغەر لە ساڵی ١٩٠٥ لەگەڵ مەحشەرەف خانم ژیانى هاوبەشى پێکهێناوە و سێ کوڕ و دوو کچیان بووە، نازناوی کوردستانیش مەبەست پارێزگای سنەیە، چونکە فارسەکان بە سنە دەڵێن، کوردستان و ئەوەش شۆڕبووەتەوە بۆ ناو کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێران .

 لە ژیانى حوجرە و فەقێیەتی سەرسامی بابا تاهیر بووە، شیعرەکانى ئەوی بە ئاوازەوە خوێندوە و قورئانیشی بە دەنگە بەرزەکەی خۆی خوێندوە موناجات و مەقام و سروودی دینی ووتووە، ئەمە بەرە بەرە دەستیى سەید عەلی هێناوەتە ناو دونیای هونەرەوە کاتێک خەڵک بە بەبەردەوامە وەسفیان کردوە و هانیان داوە ئەو دەنگەى وون نەکات و بەکاری بهێنێت.

سه‌ید عه‌لى ئه‌سغه‌رى كوردستانى به‌ چڕینی شاکارەکانی وەک( جانی جانم وه‌ره‌، ئه‌ى ره‌فیقانى ته‌ریقه‌ت، غه‌مگین و دڵپه‌شێوم، هه‌ى نابێ نابێ) پایەیەکی بەهێزی هونەری بۆ کورد جێگیر کرد و خەت و خاڵی هونەرێکی نەمری بۆ کورد درووست کرد کە ئێستا وەک فێرگەیەک هونەرمەندانی گەنجی کورد لێییەوە فێر دەبن.

سەید عەلی لە ژیانیدا بەوە ناسراوە بە کۆمەڵێک شێواز گۆرانی و مەقام و ئاوازی چڕیوە کە کەم کەس توانیویەتى ئەدایان بکات، هەروەها شارەزای تەواوی مۆسیقا و ئاوازە فارسییەکان بووە وەک(سێگاه‌، هومایۆن، شور، به‌یاتی زه‌ند، ئه‌فشاری، شوشته‌ری، ئه‌بو عه‌تا ، ده‌شتی، ئیسفه‌هان)، بۆیە ئەمە وایکردوە هونەرمەندانی وەک شەجەریان و عەباسی کەمەندی و موجەتەبای میرزادە بڵێن سەید عەلی بە مانای ووشە شارەزایی لە زانستى مۆسیقا هەبووە.

سەید عەلى لە ساڵانى ١٩٢٨ و ١٩٢٩ ى سەدەى ڕابردوو لەگەڵ نوێنەری کۆمپانیای گرامۆفۆن پۆلۆن گرێبەستێک واژۆ دەکات و ١٠ گۆرانی بۆ کۆمپانیاکە لەسەر شاشە تۆمارکرد، کە بەناوبانگرتینیان گۆرانى یار غەزەل و گۆرانی هەی نەبێ نەبێ و چەندین گۆرانى دیکەش بەجێماون لەوانەش ڕەفیقانى تەریقەت و جانانى جانانم .

سەید عەلى گۆرانیبێژێكی گه‌وره‌ و یه‌كێك له‌ شانازییه هونەرییەکانى گه‌لی كوردە، ئەو هونەرەکەى تەنیا لەناو سنووری کوردستاندا پەنگی نەخواردووە، بەڵکو سنوورەکانى تێپەڕاندووە و هونەرمەندانى فارس و تورک و ئازەر و تەنانەت عەرەیش ئاوازەکانیان وتووەتەوە، هونەرمەندی گەورەى فارس شەجەریان هەمایۆنی یەکێکە لەو هونەرمەندانەى زۆر سەرسام بووە بە سەید عەلی و لە چاوپێکەوتنەکانیدا باسی لەوە کردوە کە ئەو سودی زۆری لە ئاوازەکانیى سەید عەلی وەرگرتووە، بۆیە بە شانازییەوە گۆرانییەکانى وتووەتەوە.

یەکێک لە تایبەتمەندییە گرنگەکانى ئەو هونەرمەندە مەزنە ئەوەیە کە پشتی بە هونراوە و شێعری شاعیرانی کورد بەستووە و سوودی لە شێعرەکانى مەولەوی و وەفایی بینیوە، بە دەگمەن نەبێت ووشەى بیانی لە هۆنراوەی گۆرانییەکانیدا بەکار نەهێناوە، لەکاتێکدا لەو ڕۆژگارەدا زمانى فارسی و عەرەبی باڵی بەسەر هەموو نووسین و هونەرێکدا کێشابوو، یه‌كه‌م كه‌سیش بووە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌ کە مه‌قاماتی كوردی خسته‌ سه‌ر گرامافۆن (قه‌وان).

ئەوەى سەرنجڕاکێشە ئەوەیە زۆرینەى ئەو موزیکژەنانەى مۆسیقایان بۆ سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی ژەنیوە فارس بوون، بەڵام ئەو بۆن و بەرامەیەکی تایبەتی کوردانەى داوە گۆرانییەکانی بەجۆرێک نەیهێشتووە ئاوازەکەی بەلای فارسیدا پەلکێشی بکات.

سه‌ید عه‌لی ئه‌سغه‌ر كه‌سێكی ساده‌ و خاكى بووه‌، جل و به‌رگی کوردی سەرنجڕاکیشی لەبەر کردوە وەک كه‌وا و شه‌ڕواڵی كوردی و  مێزه‌ری سه‌وز و شەدەی بەستووە، گرنگی تایبەتى بە کلتور و بابەتە نەتەوەییەکانى کورد داوە و فەرامۆشی نەکردون بەتایبەت لە نەورۆزدا.

لەهەموو ئەوانەوە دەتوانین بڵێین سه‌ید عه‌لی ئه‌سغه‌ری کوردستانی دەنگ و زایەڵەیەک بووە لە قوڵایی مێژووی کوردەوە سەری هەڵداوە و لە پێناو کوردو نەتەوەکەیدا گەنجینەیەکی ئەڵماسی لە هونەر بۆ کورد جێهێشتووە.

سەید عەلى ئەسغەرى کوردستانى لە چوارى شوباتى ١٩٣٧ کۆچى دوایی کردووە و لە گۆڕستانى گوندەکەى بەخاک سپێردراوە.

ئ.م

Comments are closed.