مەترسی خەتەنەکردنی مێینە ساڵ لە دوای ساڵ زیاتر دەبێت

ناوەندی هەواڵەکان

بەهۆی خەتەنەکردنەوە سێ منداڵی تازە پێگەیشتوویی کچ گیانییان لەدەست دا و نەتەوە یەکگرتووەکانییش دەڵێت، دیاردەی خەتەنەکردن هەمیشە وەک بۆمبێکی چێندراو هەڕەشە لە ژنان و کچان دەکات.

لەگەڵ بەردەوامی هەوڵەکان بۆ بنبڕکردنی دیاردەی خەتەنەکردنیی مێینە، بەڵام هەمیشە  مەترسییی دووبارە تەشەنەسەندنەوەی هەیە، بەپێی دوایین ئامارییش ساڵانە ملیۆنان ژن دەبنە قوربانیی ئەو دیاردەیە و بەردەوامیش لە بەرزبوونەوەدایە.

ڕۆژی ٦ـی شووبات، کە بە ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی خەتەنەکردنی مێینە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دیاری کراوە، ئەو دیاردەیەی ساڵانە ملیۆنان ژن دەکاتە قوربانیی و لێکەوتە و کاریگەرییەکانیی هەرگیز کۆتاییان نایەت، بۆیە وەک تاوانێکی دژ  بە مرۆڤایەتی دانراوە، کە دەبێتە هۆی کەمئەندامبوونی ئەو ژنانەی بۆیان ئەنجام دەدرێت و سزای توندی لەسەرە.

خەتەنەکردن دەبێتە هۆ گیانلەدەستدانی سێ مێرمنداڵی کچ

مانگی ڕابردوو لە وڵاتی سێرا لیۆنی ڕۆژئاوای ئەفریقا، سێ منداڵی تازەپێگەیشتووی کچ، کە تەمەنیان ١٢ و ١٣ و ١٧ ساڵان بوو، بەهۆی ئەنجامدانی خەتەنەکردنەوە گیانیان لەدەست دا، ئەوەش لە کاتێکدایە، نەتەوە یەکگرتووەکان خەتەنەکردنی مێیینەی، بە کردەیەکیی دژ بە مرۆڤایەتیی لە قەڵەم داوە، چونکە دەبێتە هۆی کەمئەندام بوونیی قوربانییەکە.

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، تائێستا لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەفریقا و بەشێکی ئاسیا دیاردەکە وەک نەریتێک پەیڕەو دەکرێت و لە دوایین ڕاپۆرتی سندووقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان ئاشکرا بووە، لە ساڵی ٢٠٢٣دا زیاتر لە چوار ملیۆن و ٣٠٠ هەزار ژن و کچ خەتەنە کراون و ئەو ڕێژەیە تا ساڵی ٢٠٣٠ بەرز دەبێتەوە بۆ چوار ملیۆن و ٦٠٠ هەزار و تا ١٠ ساڵی داهاتووش دەگاتە سەروو حەوت ملیۆن.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ساڵی ٢٠١٥ مەترسیی خەتەنەکردن لەسەر سێ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار ژن و کچ هەبووە، بەڵام ساڵ لە دوای ساڵ مەترسیەکە ڕوو لە زیاد بوونە.

هەروەها ڕێکخراوی وادی ئەڵمانی، کە چالاکیی و پڕۆژەکانی لە هەرێمی کوردستاندا جێبەجێ دەکات و کار لەسەر نەهێشتنی دیاردەی خەتەنەکردنی مێینە دەکات، ساڵی ڕابردوو ئاماری خەتەنەکردنیی مێینەی لە ناوچەکانی باشووری کوردستاندا بۆ ساڵی ٢٠٢٢ بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، کە زیاتر لە ٢٠٠ حاڵەتیان تۆمار کردووە.

بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوەکە، لەو ساڵەدا ٢١٣ حاڵەتییان تۆمار کردووە، کە لە ڕانیە ۱٤۷ کەیس و لە هەولێر ٦٦ کەیس و ئەوانەی خەتەنەکراون لە تەمەنی سفر بۆ ۱٨ ساڵ بوون.

ماوەی چەند ساڵێکە ئامارەکانی خەتەنەکردنی مێیینە لە باشووری کوردستان بەرەو کەمبوونەوە دەچن، ساڵی ٢٠٢٢ هیچ حاڵەتێک لە گەرمیان تۆمار نەکراوە، بەڵام ئەوەی نیگەرانی لای ڕێکخراوەکان درووست کردووە ئەنجامدانی ئەو کلتوورە خراپەیە بە شێوەیەکی نهێنی و شاراوە، بۆیە تائێستاش بەردەوامن لە هەڵمەتەکانیان بۆ هۆشیارکردنەوەی کچان و ژنان لە مەترسییەکانی ئەو کردەیە.

خەتەنەکردنی مێینە چییە؟

خەتەنەکردنی مێینە، واتە بەشێک لە کۆئەندامی زاوزێى مێینە بە ئامێرێکی تیژ دەبڕن و پاشان دەیدوورنەوە؛ شێوازی دوورینەوەکەش چوار جۆری هەیە، خراپترینیان تەواو داخستن و دوورینەوەی دەرچەی زێی ژنەکەیە، کە لە کاتی میزکردن و سووڕی مانگانەدا ئاستەنگی و گرفتی زۆری بۆ درووست دەبێت بە زۆری لە وڵاتانی ئەفریقا و ئاسیا ئەنجام دەدەرێت.

ئەو کەرستانەی بۆ خەتەنەکردن و بڕینی ئەندامی زاوزێی مێینە بەبێ سڕ کردن بەکارهێنراون بریتی بوون لە (چەقۆ – و گوێزان(مووس)- مقەست – یان پارچە شووشەیەک – تەنانەت نینۆکی تیژ و هەروەها نینۆک بڕیش ) بەکارهێندراوە، کە ئەمانەش کەرەستەی زۆر سادە و مەترسیدارن و زۆر ترسناکن، کە زۆر لە قوربانییەکان بەهۆی خوێن بەربوونی زۆر و هەوکردن و توشبوون بە ڤایرۆس گیانیان لەدەست داوە.

قەدەغەی خەتەنەکردن بە یاسا

لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا خەتەنەکردن بە یاسا قەدەغە کراوە و لە هەرێمی کوردستانیش یاسایەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو تاوانە هەیە و هیچ تاوانێکیش بە بێ بوونی تاوانبار ئەنجام نادرێت، تاوانباری ئەو تاوانە گەورەیەش کە بەرامبەر ژنان دەکرێت خێزان و کۆمەڵگەن.

بەپێی یاسای ژمارە ٨ـی ساڵی ٢٠١١ـی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، خەتەنەکردن قەدەغەکراوە و ئاماژە بەوە کراوە، هەر کەسێک هەوڵی ئەنجامدانی خەتەنەکردنی مێیینەیدا بە پێبژاردن سزا دەدرێت، کە لە یەک ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.

هەر کەسێک کردەوەی خەتەنەکردنی مێینەی ئەنجامدا یان بەشداریی تێداکرد، ئەوا سزای بەندکردنی بۆ ماوەیەک دەیگرێتەوە، کە لە شەش مانگ کەمتر نەبێت و لە دوو ساڵ زیاتر نەبێت، هەروەها پێبژاردنەکەشی لە دوو ملیۆن کەمتر نەبێت و  لە پێنج ملیۆنیش زیاتر نەبێت.

هەر کەسێک کردەوەی خەتەنەکردنی مێینەی ناکامی ئەنجامدا یان بەشداریی تێدا کرد ئەوا سزای بەندکردنی لە ساڵێک کەمتر نەبێت و غەرامەشی لە پێنج ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە ١٠ ملیۆن زیاتر نەبێت.

باری تاوانکارەکە توندتر دەبێت ئەگەر بکەرەکە پزیشک، دەرمانساز، مامان یان یاریدەدەرەکانیان بوو، لەسەر دادگایە فەرمان بدات کارەکەی بۆ ماوەی سێ ساڵ قەدەغە بکات.

ش. ئـ

Comments are closed.