بەهۆی ناكۆكیی لایەنە سیاسییەكانەوە نزیكەی سێ مانگە پەرلەمانی عێراق بێ سەرۆكە

بەغدا

نزیكەی سێ مانگە پەرلەمانی عێراق بێ سەرۆكە، هێشتا بابەتی ناكۆكیی نێوان لایەنە سوننەكان لەلایەك، لەلایەكی دیكەوە ناكۆكیی لە نێوان پارتی تەقەدومی حەلبووسی و چوارچێوەی هەماهەنگیش هەیە، كە ئەوەش بووەتە بەربەستێک لە بەردەم یەكلایی كردنەوەی ئەو پۆستە.

فازڵ زوبەیدی
فازڵ زوبەیدی

چوارچێوەی هەماهەنگی دەڵێت، كێشەكە لای هێزە سوننەكانە، چونكە لەسەر كاندیدێكی دیاریكراو ڕێكنەكەوتوون، شارەزایانیش دەڵێن، چوارچێوەی هەماهەنگی هۆكاری یەكلانەكردنەوەى ئەو پۆستەیە و دەیەوێت سەرۆكی نوێ پەرلەمان لەگەڵ سیاسەتەكەی هاوڕا بێت.

فازڵ زوبەیدی، سەركردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی بە ڕۆژنیوزى ڕاگەیاند، چارەسەركردنی دۆسێیەی سەرۆكی پەرلەمان لە دەستی هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیدا نییە، وەك ئەوەی هەندێك كەس خەیاڵ دەكەن، كە چوارچێوەكە ڕێگرە لەبەردەم یەكلایی كردنەوەی ئەو پۆستە، چونكە ئەم بابەتە پەیوەستە بە كۆدەنگی سوننەوە لەسەر یەك كاندید.

ئاماژەی بەوەش كرد، هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی مافی خۆیانە ناڕەزایەتیی دەرببڕن بەرامبەر بە هەندێك لە كەسایەتییە كاندیدكراوەكان ئەگەر گومان یان تێبینییان لەسەریان هەبێت، بەتایبەتی ئەگەر كۆدەنگی سوننە لەسەریان هەبێت، چونكە ناكۆكیی لە نێوان لایەنە سوننەكانیش لە سەر ئەو پۆستە هەیە.

ڕوونیكردەوە، لە ماوەی ڕابردوودا هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی كاریان كردووە بۆ نزیك كردنەوەی دیدگاكانی نێوان لایەنە سیاسییە سوننەكان، بەمەبەستی یەكخستنی هەڵوێستەكانیان و پاڵپشتیكردنی یەك كاندید، كە لەلای هەموو لایەنە سیاسییەكان قبوڵكراو بێت، بەڵام ناكۆكییە سوننییەكان بەردەوامن.

پەرلەمان بۆ جاری سێیەم لە سەریەك شكستی هێنا لە هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان بۆ جێگرتنەوەی محەممەد حەلبووسی، كە نزیكەی سێ مانگ لەمەوبەر بە بڕیارێكی دادوەریی لە كارەكەی دوورخرایەوە، لە كۆتا كۆبوونەوەی پەرلەمان سەبارەت بە دیاری كردنی سەرۆكی پەرلەمان بڕیاردرا كۆبوونەوەكە دوا بخرێت بۆ كاتێكی نادیار.

عەلی محەممەد حەكیم

عەلی محەممەد حەكیم شرۆڤەكاری سیاسیی بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، چوارچێوەی هەماهەنگی دەیەوێت بۆچوونی خۆی بە هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان بسەپێنێت، هەوڵدەدات كەسێكی نزیك لە چوارچێوەكە ببێت بە سەرۆكی پەرلەمان، بە مەبەستی زیادكردنی هێزی كاریگەری خۆیی و كۆنترۆڵكردنی گۆڕەپانی سیاسیی عێراق.

ئەوەشی خستەڕوو، چوارچێوەی هەماهەنگی نایەوێت ئەزموونی حەلبووسی دووبارە بكاتەوە، بە هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمانێك كە دوور بێت لە ئاراستەكانی چوارچێوەكەوە، بەو پێیەی ئەمە كاریگەریی لەسەر لایەنە سیاسییەكان دەبێت، بەتایبەتی لەگەڵ پرسی پێكهێنانی حكومەت و دۆسێیەكانی دیكە.

دەشڵێت، بەبێ ئەوەی هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پشتیوانی لە كەسایەتییەكی دیاریكراو ڕێكبكەون، هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان یەكلایی ناكرێتەوە، زۆرینەی پەرلەمان لە دەستی چوارچێوەكەدایە، ئەمەش هۆكاری شكستی پەرلەمانە لە هەڵبژاردنی هیچ سەرۆكێكی نوێ.

لە ماددەی ٥٥ـی دەستووردا هاتووە، پەرلەمان لە یەكەم دانیشتنی خۆیدا بە زۆرینەی ڕەهای ژمارەی ئەندامان، واتە نیوەی كۆی یەك، سەرۆكێك هەڵدەبژێرێت، ئەمەش بەو مانایەیە كە هەركەسێك ١٦٥ دەنگ بەدەستبهێنێت، دەبێتە سەرۆكی پەرلەمان.

هـ.ئ

Comments are closed.