” کەلار بە ڕێژەی ٨٪ سەوزترین ناوچەی گەرمیانە ”

گەرمیان

چالاکوانانى بواری ژینگە شارۆچکەی کەلار ئاماژە بەوە دەکەن، ڕێژەی سەوزایی لە کەلار لە ٨٪ـە کە ئەمەش بە سەوزترین ناوچەی گەرمیان دادەنرێت، بەڵام هێشتا ڕێژەکەی ستانداری جیهانی نییە، بەڕێوبەری باخچەکانی کەلاریش دەڵێت: لە هەوڵداین بۆ بەرزکردنەوەى ڕێژەی سەوزایی، ئەو نەمامانەمان ناشتووە کە بەرگەی گەرمای زۆر دەگرن.

ئەگەر گەشتێک بکەی بەناو شارۆچکەى کەلاری ناوەندی ئیدارەى گەرمیان دەبینین کە ڕێژەیەکى باشی سەوازیی هەیە، ئەمە بەو مانایە نییە کە هێشتا پێویستى شارۆچکەکە لە سەوزایی پڕ کرابێتەوە، بۆیە بەپێی وتەى چالاکوانێکی بواری ژینگەیی ڕێژەى سەوازیی لەشارۆچکەکە لە ٨%ـە، بۆیە ئەمە نەگەیشتووەتە ڕێژەى ستانداردی جیهانی کە ١٥-٢٥%ـە.

وەک ژینگە پارێزان باسی دەکەن، ڕێژەکە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو بەرزتر بووەتەوە، بەهۆی درووست کردنی دارستانی دەستکرد، دوورخستنەوەی دەستی کارگەکان لە ڕووباری سیروان و درووستکردنی ٣٢ باخچە لە ناو شارۆچکەکە، لە ئێستاشدا کار دەکرێت بۆ درووستکردنی گەورەترین پارکی خێزانی بە ڕووبەری ١٣٢ دۆنم، بەوەش ڕێژەکە  نزیک دەبێتەوە لە ١٠٪.

ڕێژەی سەوزایی لە کەلار لە نێوان ٨-١٠ ٪ ە، لە ناوچەکانی تری گەرمیان ڕێژەکە بەرزترە

ئازاد ئەحمەد
ئازاد ئەحمەد

لەوبارەیەوە، سەرۆکی ڕێکخراوی ژینگە دۆستانی گەرمیان بە ڕۆژنیوزی وت: ڕێژەی سەوزایی لە کەلار لە نێوان ٨-١٠ ٪ ە، لە ناوچەکانی تری گەرمیان ڕێژەکە بەرزترە، بەهۆی درووستکردنی دارستانی سرووشتی، دوورخستنەوەی دەستی کارگەکان لە دارستانی سرووشتی ڕووباری سیروان و ناشتنی نەمامەوە، ڕێژەی سەوزایی بۆ ژینگە و تەندرووستی گرنگە و مەترسی بە بیابان بوون کەمدەکاتەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو درەختانەی ئێستا لە کەلار هەن زیاتر ئەلبیزیا و سەبەح بەحە، کە کاریگەرییان هەبووە لە زیاد بوونی ڕێژەی سەوزایی و لە دەرەوە هێنراون، تا ئێستا ئەوەی دیارە ئەلبیزاکە لەوانیتر باشترە، بەڵام هیچ دراساتێکی بۆ نەکراوە، ئایا ئەم درەختانه چەند ساڵ تەمەن دەکەن.

ئارام نەجمەدین، بەڕێوەبەری بەشی باخچەکان لە شارەوانی کەلار بە ڕۆژنیوزی وت: ڕێژەی سەوزاییمان لە سنوری شارەوانی کەلار گەیاندووەتە ٨٪، بەڵام ئەگەر دەورووبەری کەلار وەرگرین کە دەکەونە دەرەوەی شەستی نزیک دەبێتەوە لە ١٨٪، بەپێی ستانداری جیهانیش ئەبێ ڕێژەی سەوزایی ١٥-٢٥٪ بێت، ئێمە بەردەوام لە هەوڵی بەرزکردنەوەی ڕێژەکەین و ئەوڕێژەیەی ئێستاش هەیە لە

ئارام نەجمەدین
ئارام نەجمەدین

کەلار دڵخۆشکەرە.

وتیشی: بۆ زیادبوونی ڕێژەکەش پێویستە ڕێژەی سەوزایی لە پڕۆژە و ماڵ و شەقامەکان زیاد بکرێت و دارستانی دەستکردی زیاتر درووستبکرێت، تا ئێستاش ئەو جۆرەی نەمامان ناشتووە کە بەرگەی گەرمای زۆر دەگرێت وەک سنەوبەر، ئەلبیزیا، فیکس، واشنتۆنیا،  خەڵکی کەلاریش هاوکارە بۆ پاراستنی نەمامەکان و لەم وەرزەشدا تا بەهار ڕێژەکە بەرزدەکەینەوە بە درووستکردنی چەند پارکێک.

مەحمود محەمەد
مەحمود محەمەد

مەحموود محەمەد، کە کارمەندێکی بەڕێوەبەرایەتی باخچەکانی کەلارە و وتی: ئێستا وەرزی ناشتنی نەمامە بە قەڵەم، ڕۆژانە دێین قەڵەمی  نەمامی مینا و جەهەنمی درووستدەکەین و قەڵەمەکە دەبێت ۱٥ بێت، دوای ئاودانیشی سەوز دەبێت و دەینێژین.

 

هـ.ح

Comments are closed.