بەهۆی ناکۆکییەوە ئەگەر هەیە کورد پۆستی پارێزگاری کەرکووک لە دەست بدات

ناوەندی هەواڵەکان

دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، مشتومەڕەکان بۆ بەدەستخستنی پۆستی پارێزگار زیاتر بوون، بە هۆی ناکۆکی و یەکڕیز نەبوونی لایەنە کوردییەکانیش، تا ئێستا کورد هیچ پۆستێکی سەرۆکی ئەنجوومەن یان پارێزگاری هەریەک لە پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین و دیالەی وەرنەگرتووە، ئەوەی کە ماوەتەوە تەنها پارێزگای کەرکووکە، بەڵام بەهۆی ناکۆکی لەسەر کەسایەتییەک بۆ ئەو پۆستە، ئەگەر هەیە کورد پۆستى پارێزگار لەدەست بدات.

لە ١٨ی کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگانی عێراق بەڕێوەچوو، کە  ١٥ ملیۆن و ١٠٨ هەزار و ١٣٥ دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەبوو، دواتر كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بڵاوی كردەوە، ڕێژەی بەشداریكردنی هاوڵاتییان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق ٤١٪ بوو، دەشڵێن، لە كۆی زیاتر لە ١٦ ملیۆن دەنگدەر شەش ملیۆن و ٥٩٩ هەزار و ٦٦٨ دەنگی داوە.

ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و بێبەش کردنی کورد لە پۆستەکان

لەو هەڵبژاردنەدا ڕێژەی بەدەستهێنانی کورسی لە لایەن کوردەوە، لە کۆی ١٦ کورسی لە پارێزگای کەرکووک حەوت کورسی لەگەڵ یەک کورسی کۆتا، پارێزگای نەینەوا لە کۆی ٢٠ کورسی شەش کورسی و بۆ هەریەک لە پارێزگاکانی دیالە و سەڵاحەدینیش یەک کورسی بەدەستهێناوە، واتا کورد لە کۆی ٦٣ کورسی چوار پارێزگا ١٦ کورسی بەدەستهێناوە.

دوا بە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە لایەن کۆمسیۆنەوە و لە سەرەتای ئەم حەفتەیەوە لە زۆرینەی پارێزگاکان پۆستی هەریەک لە سەرۆکی ئەنجوومەن و پارێزگار دیاری کرا و کورد لە پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدین هیچ پۆستێکی پێ نەدرا، لە پارێزگای کەرکووکیش بەهۆی بایکۆتکردنی کۆبوونەوەکەوە لە لایەن تورکمان و عەرەبەکانەوە پۆستەکان دیاری نەکران.

پێشتر بە هۆی یەکڕیز نەبوونی لایەنە کوردییەکان لە هەڵبژاردنەکاندا، ڕێژەیەکی زۆری دەنگ بەهەدەر درا، بە جۆرێک گەر لە پارێزگای کەرکووک هەموو لایەنە کوردییەکان لە چوارچێوەی یەک هاوپەیمانێتییدا بەشدارییان بکردایەت، بە ئەگەری زۆرەوە کورسیەکی دیکەیان بەدەست دەهێنا، بە تەنها دەیانتوانی پۆستەکانی سەرۆکی ئەنجوومەن و پارێزگاری کەرکووک دیاری بکەن.

پۆستی پارێزگاری کەرکووک و ئاستەنگییەکانی بەردەمی

لە ٢٨ی مانگی ڕابردوو، ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای سیخوڕیی تورک، لە سەردانێکیدا بۆ لای بارزانی، باسی لەوە کردووە کە هەرگیز ڕێگە نادەن پۆستی پارێزگاری کەرکووک بۆ یەنەکە بێت، ئەمەش بە واتای ئەوە لێکدەدرێتەوە کە ڕێگریی دەکەن کە ئەو پۆستە بۆ کورد بێت.

هەرچەندە تا ئێستا هەریەک لە پۆستەکانی سەرۆکی ئەنجوومەن و پارێزگاری کەرکووک دیار نەکراوە، بەڵام بە پێی شرۆڤەکان، بە هۆی نەبوونی سیاسەتێکی هاوبەش و یەکڕیز نەبوونی کوردەوە جارێکی دیکەش بێ بەش دەکرێت لەو پۆستانە و لە ڕووی ئیدارییەوە بە تەواوی کورد لە ناوچە دابڕێندراوەکان دەکرێتە دەرەوە.

پێشبینی و مەترسییەکان لەسەر کەرکووک

لە ئەگەری ڕێکنەکەوتنی یەنەکە و پەدەکە لە کەرکووک، ئەوا کورد بە هۆی پەرتەوازەیی و نەبوونی کورسی پێویست، بۆ چوار ساڵی ئایندە، هاوشێوەی ساڵانی دوای ڕیفراندۆمە شکستخواردووەکەی بارزانی و ١٦ی ئۆکتۆبەر، ئەو ناوچەیەش لە دەستی دەردەچێت و دەبێت لە دوورەوە بینەری بەڕێوەبردنی کەرکووک بێت.

پەدەکە لە کۆبوونەوەى دوێنێی ئەنجومەنى پارێزگای نەینەوا دەنگی بە عه‌بدولقادر ده‌خیل وه‌ك پارێزگاری نه‌ینه‌وا دا، بەڵام لە کەرکووک دوای ڕووداوەکانى ١٦ئۆکۆتبەر نەیهێشت پۆستی پارێزگار بۆ کورد بێت و ئێستاش مەرجی بۆ کاندیدی کورد هەیە بۆ پۆستى پارێزگار.

هەروەها ئەمە لە کاتێکدایە، بە پێی بەڵگەنامە مێژووییەکان کەرکووک ناوچەیەکی کوردستانییە و ڕێژەی دانیشتوانی کورد زۆر زیاترە لە تورکمان و عەرەب، بەڵام مونا قەهوەچی سکرتێری پیشووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆكی پارتی چاكسازیی توركمانی ڕایگەیاندووە، کە کەرکووک شارێکی تورکمانییە، لایەنە کوردییەکانیش تەنها بە سیاسەتێکی هاوبەش و یەکگرتووی دەتوانن ببنە وەڵامدەرەوەیەکی گونجاو بۆ ئەو پرسە.

ب. جـ

Comments are closed.