سلێمانی
ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازیی سلێمانی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا ڕایانگەیاند، کە بەردەوامی بە خەباتی مەدەنیی دەدەن و بایکۆت بەردەوام دەکەن، ئاماژەشیان بەوەدا، حکومەت تەنها لە زمانی چەک و بڕیاری سەپێندراوی دەرەکیی دەگرن، لە بەرامبەر کارە نایاساییەکانیان بە یاسا ڕووبەڕووی حکومەت دەبنەوە.
ئەمڕۆ، لە بەردەم دادگای گشتی شاری سلێمانی، ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازیی، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییان سەبارەت بە بەردەوامییدان بە بایکۆت و داواکردنی مافە سەرەتاییەکانیان ئەنجامدا.
ڕاگەیاندراوی ئەنجوومەنەکە لە لایەن عوسمان گوڵپی خوێندرایەوە و تێیدا هاتبوو: لە پێنج مانگی ڕابردووە، مامۆستایان و فەرمانبەران لە خەباتیکی مەدەنیی و فراواندا بوون بۆ بەدەستهێنانەوەی مافە سەرەتاییە زەوت کراوەکانمان، بە شێوەی بایکۆت و خۆپیشاندان لە ١٣ ناوچەی جیاوازدا، بەڵام بەداخەوە خەباتی مەدەنییمان بەرامبەر حکومەت و حزبێکدا هەڵبژاردووە کە لە زمانی مەدەنیی تێناگەن و نازانن گوێگرتن لە خەڵکی واتای چییە، بەڵكو تەنها لە زمانی چەک و بڕیاری سەپێندراوی دەرەکیی تێدەگەن.
ڕاشیانگەیاند، حکومەت لە بری ئەوەی ململانێ لەگەڵ نەیارانی ئەم هەرێمەدا بکەن، دێن ململانێ لەگەڵ مامۆستایانی ماف خوراودا دەکەن، بۆیە جوانترین درووشمی “حکومەتی کاربەڕیکەر، شێری ماڵ و ڕێوی دەر”بوو، بە دەسەڵاتی خۆسەپێنی دوور لە دیموکراسیی دەڵێین، هەموو ئەو دەسەڵاتانەی گوێیان بە ڕای خەڵکەکەیان نەداوە، هەر کە دەستی دەرەکیی پشتیان لاوازبوو، بەرگەی چەند ڕۆژێکی خەڵکیان نەگرتووە و ڕووخاون.
ئاماژەیان بەوەشداوە، سەبارەت بە هەموو ئەو سزایانەی لە مانگی ڕابردووەوە گیراونەتەبەر دژی مامۆستایان و فەرمانبەران، لە ڕێگەی تیمێکی پارێزەری خۆبەخشەوە بە ڕێگەی یاسایی ڕووبەڕووی هەموو کارە نایاساییەکان دەبینەوە.
جەختیانیش کردەوە، کە پێداگیریی لەسەر داخوازییەکانمان دەکەین و لەبەرامبەر فشار و کارە نایاساییەکاندا بێدەنگی هەڵنابژێرین، درێژە بە خەباتی مەدەنیی دەدەین و ڕێگەی جیاواز بۆ کاریگەربوونی دەگرینە بەر، بایکۆت و خۆپیشاندانەکانیش بەردەوامی پێ دەدەین.
ب. جـ
Comments are closed.