ناوەندی هەواڵەکان
هاوكێشەكە خۆماندووبونی ناوێ، كە هەیبەتی دەوڵەت نامێنێت و دامەزراوەكانی مۆركی پارێزەری گروپی سیاسیی وەردەگرن نەك پارێزەری كۆمەڵگەو دەوڵەت، هەڵكوتانە سەر ماڵان بەچەكی مۆڵەتپێدراو بەرگی رەسمی هێزە ئەمنییەكان بەمەبەستی دزی و سەرانە وەرگرتن، ئاساییە ببێتە مانشێتی یەكەم هەواڵ كە یاسا لەژێر پێڵاوی خاوەن چەكو هێزبێت، بكوژەو ببڕەو بڕۆ، ئەنجامەكەی ترسناك نییە، چونكە سەرۆكی عەشیرەتو مەكتەبی سیاسیی یان سەركردەیەكی دیاری حزبەكەت، بەسوڵحی عەشایەری، دەتپارێزێت.
ئێمە وەزراەتێكمان هەیە بەناوی وەزارەتی ناوخۆ، شەڕی چەكی بێمۆڵەت دەكاتو دەڵێت كۆیاندەكەمەوە، لەملاوە لێكەوتەو تاوانەكانی چەكی مۆڵەتپێدراو بووە بەتایبەتمەندی دیوەخانی عەشایەری حزبەكان، نە وەزارهت ڕونكردنەوەی لەسەر دەدات، نه داواكاری گشتیش خۆی پێوە ماندوو دەكات.
لەناو ئەم دیمەنانەدا هیچ جێگەی سەرسوڕمان نییە، ئەمجۆرە لە(شەقاوە) سەرهەڵبدات، لەگەڵ هەندێ جیاوازی و تایبەتمەندی شەقاوەكانی سەردەمی پێشوو، كاتێك لەسەردەمی حوكمی عوسمانییەكان كەنەیتوانی لەهەموو پارچەیەكی دەسەڵاتەكەی لەعێراق، یاسا وەك یەك بەسەر هەمووان جێبەجێ بكات، ئیدی سەرانە سەندنو گەندەڵیو دزی تەشەنەی كرد، هاوكات دیاردەییەكی كۆمەڵایەتیی بەناوی (شەقاوە)یش سەریهەڵدا.
شەقاوە بەو كەسە دەوترا، كە یاسای هێزی لەناوچەیەكی دیاریكراو پەیڕەو دەكرد، بێ ترس لەیاسا چەقۆ یان قەمەیەكی هەڵدەگرت كە بۆی هەڵكەوتایە دەیوەشاند، لای خۆمان سەردەمێك قەمە یان چەقۆی ئەبو ئەڵقەی پێبوو، بۆ تۆقاندن.
ئێستا لەم سەری كوردستان بۆ ئەوسەری، لەبری چەقۆی ئەبو ئەڵقە، ئێم فۆڕی پێییەو ئەگەر ئۆتۆمبێلەكەی جام ڕەش نەبێت، یان گولەبڕ نەبێت، ئەوا بەمۆڕەكردنیان لەشوفێرانی تر، یان شكاندنی یاسای هاتوچۆ، یان شكاندنی شكۆی مرۆڤێكی تر لەسەر شەقامەكان، دەناسرێنەوە.
ئەوەی شەقاوەكانی سەردەمی پێشوو لە شەقاوەكانی حزب جیادەكاتەوە، ئەوسا هاوپشتی دراوسێو كوڕو كچانی گەڕەك بون، كێشەكانیان بۆ ناوخۆ كەمتربوو، ئێستا دەست ناپرێزن، بەڵام لەهەندێ میكانیزمی ساختەكردن دوو رووی یەك دراون، بۆ نمونە لەشوێنی وەك قوماركردن و یانەی شەوانە و شوێنی رابواردن، یان لەكۆمپانیاكان (خاوە: سەرانە) وەردەگرن، هەندێكجاریش لەبەرامبەر پارەدا شوێنەكانی لەشفرۆشی دەپارێزن.
بەهۆی پێشكەوتنی ئامرازەكانی پەیوەندی و تەكنەلۆژیا، هەڵسوكەوتی شەقاوە تازەكانی حزب لە نمایشی پاسەوان و ئۆتۆمبێلی گرانبەها و دروستكردنی تەلارو باخی گەورە و ژیانی رۆژانە و پێشێلكردنی ماف و سوكایەتی بەیاساكان بێسنورە، بێدەنگی داڵدەدەرانیشیان سەرنجڕاكێشترە.
دادو هاوار بۆ كێ بەرین؟
ڕهحمان غهریب
هـ.ح
Comments are closed.