گەریلا هەموو پیلان و لێکدانەوەکانی دەوڵەتى داگیرکەری تورکی تێکشکاند

ناوەندی هەواڵەکان

دەوڵەتى داگیرکەری تورک چۆن لێکدانەوەی بۆ هێرشەکانى بۆ زاپ کردبوو؟ هەڵسەنگاندنەکانی چۆن بوون و ویستى بگات بەچی؟ گەریلا چۆن هەموو پیلان و لێکدانەوەکانى دەوڵەتی ئاکاپە و مەهەپەی تێکشکاند؟

بەر لە ئۆپەراسیۆنەکەى بۆسەر باشووری کوردستان و بەتایبەت زاپ، دەوڵەتی داگیرکەری تورک وا لێکدانەوەى کردبوو کە بە ڕێگە و رێبازێکی ئاسان و بەو هێز و چەکەی هەیەتی، دەتوانێت هەر شوێنێک بیەوێت داگیری بکات و بنکەو بارەگای لەسەر دابمەزرێنێت و ئاڵای خۆی لەسەر داکوتێت، پێی وابوو کە گەریلا پاکتاو بکات؛ لەو ڕێگەیەوە تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد لەناو ببات، ئەمە تەنیا پلانی سەربازی سوپای شکستخواردووی تورک نەبوو، بەڵکو ئەندێشە و پیلانی دەوڵەتی فاشیستی ئاکەپە و مەهەپەش بوو، بەڵام کاتێک سوپای داگیرکەر هاتە زاپ هەموو شتێک تێکچوو، خەون و خەیاڵ و پلانە سەربازییەکان وەکو خوری هەڵوەشانەوە.

گەریلا چۆن خەیاڵ و لێکدانەوەکانی دەوڵەتى تورکی شێواند؟

کاتێک دەوڵەتى تورک بە هەموو توانا سەربازییەکەى خۆیەوە کە بە ئابووری وڵاتەکەی و لەسەر حسابی قوت و ژیانی گەلانی تورکیا هاتە باشوور و ویستى ئەوەى بیەوێت لە زاپەوە بیکات، بەڵام ڕووبەڕووی باهۆز و زریانێکی گەورەی گەریلاکانى ئازادیی بۆوە، کاتێک بینی ئەو تەنیا بەرامبەر گروپێک لە گەریلا شەڕ ناکات، بەڵکو بەرامبەر چیایەک لە ئیرادە و بەرخۆدان وەستاوەتەوە، ئەمە تەنیا قسە نییە، بەڵکو ئامارەکانى زاپ قسە دەکەن، ئەو تەرمانە قسە دەکەن کە ڕۆژانە دەچنەوە بۆ تورکیا، کوشتنى ٦١ سەرباز تەنیا لە چەند چالاکییەکی یەک ڕۆژدا.

سەرەتای ئەم ئۆپەراسیۆنە لە ساڵی ٢٠٢١ وە لە گارەوە دەستی پێکرد، ئەو کات ئەردۆغان وتی: ئێمە بۆ کۆتایی هێنان بە پەکەکە چووینەتە عێراق و گەورەترین شەڕی کۆمارەکەمان دەکەین، بەڵام دوای بەرخۆدانێکی مێژوویی سوپای داگیرکەر لە گارەش تێکشکا.

دەوڵەتى داگیرکەری تورک لە ساڵی ٢٠٢١ وە هەموو توانا ئابوری و داراییەکەى و توانا سەربازییەکەی خۆی لە ئۆپەراسیۆنى گارە و هەفتانین و زاپ بەکارهێنا، بەڵام دیسان تێکشکا و نەیتوان لە گارە دەرباز بێت، هەموو ئەو تێکۆشانە شۆڕشگێڕییە بە وێنە و ڤیدیۆ و ئامار تۆمار کراون و بۆ ڕای گشتى بڵاوکراونەتەوە، بەلام دەوڵەتى تورک زیان و شکستەکانى خۆی بەرامبەر گەریلا دەشارێتەوە.

ئامانجەکانی داگیرکەر بەتاڵبوونەوە

دەوڵەتى داگیرکەری تورک لە ساڵی ٢٠٢١ وە بە هەموو ڕێ و ڕێبازێک لەدژی گەریلا و گەلی کورد بە گشتى وەستایەوە، ئۆپەراسیۆنی سەختى دەست پێکرد و کۆمەڵکوژی ئەنجامدا، چەکی قەدەغەکراوی کیمیایی بەکارهێنا، هاوڵاتییانى مەدەنی کردە ئامانج، وڵاتپارێزان و ئازادیخوازانى تیرۆر کرد، لە ڕۆژئاوای کوردستانیش هەمان ڕێبازی پەیڕەو کرد و بە بۆردوومان ژێرخانی ژیاری و ئابووری کردە ئامانج.

ئامانجی دەوڵەتى داگیرکەری تورک لە هەموو ئەم سیاسەتى قڕکردنە، ئەوەبوو کە لەلایەک گەریلا بەتەواوەتی لەناو ببرێت، لەلایەکى دیکەوە تێکۆشانی ئازادیی لەباربەرێت و لەبەر یەک هەڵبوەشێنێتەوە، بۆ ئەوەش کاتی دیاری کردبوو کە ساڵی ٢٠٢٢ بوو، ئەوە ٢٠٢٤ـە دەوڵەتی تورک نەک بەو خەونەی نەگەیشت بگرە بەسەر خۆیدا شکایەوە و شکستى هێنا.

ئاماری شەڕی سێ ساڵە و توانایەکی بەهەدەرچوو

لەساڵی ٢٠٢١ وە دەوڵەتى تورک بە هەموو توانای دارایی و سەربازی خۆیەوە ناتۆوە دژی گەریلاو شەڕڤانان و گەلی کورد وەستایەوە، ئابووری تورکیای وێرانکرد و ژیانى گەلانى تورکیای هێنایە سەر ئاستى هەژاری، لەسەر حسابی ئەوان کەوتە شەڕێکی دۆڕاو لەگەڵ گەریلا، ئەم شەڕەی لە ٢٠٢٣ گەیاندە لوتکەی خۆی، بەڵام سوپاکەی لە چیاکان لەسەر دەستى گەریلا تووشی شکست و کوشتن هات، تەنانەت گەیشتە ئەوەی سوپای داگیرکەر سەربازەکانی خۆی دەستووتاند ئەمە بە بەڵگە لەلای گەریلا تۆمار کراوە، لە هەمان کاتدا گەلانى تورکیاشی هەژارتر کرد بە جەنگێکی دۆڕاو.

بەم ئامارە شکستى سوپای داگیرکەری تورکیاتان بۆ دەسەلمێنین، کە لە شەڕی ساڵی ٢٠٢١دا لە ئاڤاشین، زاپ و مەتینا بەدەست و مەچەکی گەریلاکانی ئازادی ٨٦١ سەرباز کوژراون ١٢٨ سەربازیش بریندار کراون، بەڵام ٢٩٨ گەریلا شەهید بوون، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێگە بەوە نەدراوە سوپای داگیرکەر هەنگاو بۆ پیشەوە بنێت و ناچار بە پاشەکشە کراوە.

ساڵی ٢٠٢٢ شەڕ سەختتر بوو ئۆپەراسیۆن و هێرشەکان بۆسەر باشووری کوردستان و گەریلا زیاتر بوون، دوو هەزارو ٩٤٢ سەربازی تورکی داگیرکەر کوژران و ٤٠٨یش برینداربوو،٣٠١ گەریلا شەهید بوون.

لە ٢٠٢٣دا بە هەمان شێوە ئۆپەراسیۆن و هێرشەکان بەردەوام بوو، بەرخۆدانى گەریلاش گەیشتە لوتەکەى ئازایەتی خۆی، بۆیە لەو ساڵەدا بەدەستى گەریلاکان ٩١٩ سەربازی تورک کوژران و ١٢٨ی دیکەش بریندار بوون، لەبەرامبەردا ١٧٩ گەریلا شەهید بوون.

لەو ئامارەوە دەردەکەوێت کە سوپای تورک بە چی قورساییەک دژی گەریلا و گەلی کورد وەستاوەتەوە چۆن بەرامبەر گەریلاش تووشی گەورەترین شکستى مێژوویی خۆی بووە، ئەمەیە وایکردوە کە دەوڵەتى تورک هاری بیگرێت و بە هەرچوار دەوری خۆیدا بانگەواز بۆ هاوکاری دەکات لەدژی پەکەکە.

هـ.ح

Comments are closed.