جەنگ و قەیرانەکان هۆکارن بۆ دووبارە تەشەنەسەندنەوەی خەتەنەکردنی مێینە

سلێمانی

خەتەنەکردنی مێیینە تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتییە و لە جیهاندا قەدەغەکراوە، بەڵام بەردەوام هەڕەشەیە بۆ سەر ژنان و نەتوانراوە بنبڕ بکرێت، چالاکوانانیش پێیان وایە، جەنگ و قەیرانەکان هۆکارن بۆ دووبارە تەشەنەسەندنەوەی دیاردەی خەتەنەکردنی مێیینە.

ڕۆژی ٦ـی شووبات، بە ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی خەتەنەکردنی مێینە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دیاری کراوە، ئەو دیاردەیەی ساڵانە ملیۆنان ژن دەکاتە قوربانیی و لێکەوتە و کاریگەرییەکانیی هەرگیز کۆتاییان نایەت، بۆیە وەک تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتی دانراوە، کە دەبێتە هۆی کەمئەندامبوونی ئەو ژنانەی بۆیان ئەنجام دەدرێت و سزای توندی لەسەرە.

لەبارەی هەوڵەکانی ڕێکخراوی وادی ئەڵمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی خەتەنەکردنی مێیینە و ڕێژەی بەربڵاویی ئەو تاوانە لە باشووری کوردستان، هەریەکە لە شۆخ محەممەد و باخان جەمال، کە سەرپەرشتیاری پڕۆژەکانی ڕێکخراوەکەن، بۆ ڕۆژنیوز دووان.

شۆخ محەممەد
شۆخ محەممەد

سەرەتا شۆخ محەممەد لەبارەی کار و چالاکییەکانی ڕێکخراوی وادی ئەڵمانییەوە قسەی کرد و وتی: ڕێکخراوەکەمان لە ئێستادا بە دوو شێواز کار دەکات، کە بریتین لە ئەنجامدانی سیمیناری هۆشداریی و پێدانی زانیاریی لەبارەی مەترسییەکانی خەتەنەکردنی مێیینە و هەروەها پێدانی هاوکاریی و ڕێنمایی بەو ژنانەی، کە قوربانیی ئەو دیاردەیەن.

ئاماژەی بەوەکرد، ئامانجیان لە ئەنجامدانی سیمینارەکان ڕێگریی کردنە لە دیاردەکە و هاوکات گەیاندنی هۆشیاری یاسایی و تەندرووستییە بە ژنان و پیاوانی ئەو گوندانەی چالاکییەکانیان تێدا ئەنجام دەدەین.

ئەوەشی ئاشکرا کرد، هەولێر و ڕانییە دوو ناوچەن لە باشووری کوردستان تا ئێستا خەتەنەکردنی مێیینەی تێیدا بەشێوەیەکی زۆر نهێنی و شاراوە ئەنجام دەدرێت و لە ناو خەڵکەکەیدا بڵاوە.

ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و نێودەوڵەتییەکان بەردەوام لە هەوڵدان بۆ بنبڕکردنی دیاردەی خەتەنەکردنی مێیینە و کۆتایی پێهێنانی، لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە مەترسییەکەی ئامادەیە و هەڕەشە لە کچان و ژنان دەکات.

بەڵام تائێستا لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەفریقا و بەشێکی ئاسیا دیاردەکە وەک نەریتێک پەیڕەو دەکرێت و لە دوایین ڕاپۆرتی سندووقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان ئاشکرا بووە، لە ساڵی ٢٠٢٣دا زیاتر لە چوار ملیۆن و ٣٠٠ هەزار ژن و کچ خەتەنە کراون و ئەو ڕێژەیە تا ساڵی ٢٠٣٠ بەرز دەبێتەوە بۆ چوار ملیۆن و ٦٠٠ هەزار و تا ١٠ ساڵی داهاتووش دەگاتە سەروو حەوت ملیۆن.

شۆخ محەممەد لەبارەی بەردەوام زیادبوونی مەترسییەکانی خەتەنەکردنی مێیینە ئەوەی خستەڕوو، کە چەند هۆکارێک هەن وادەکەن خەتەنەکردنی مێیینە بنبڕ نەبێت و بەردەوام مەترسی دووبارە بڵاوبوونەوەی هەبێت، لەوانە جەنگ و قەیرانەکانە و وتی: کاتێک وڵاتێک یاخود کۆمەڵگەیەک لە هەوڵی خۆڕزگارکردن و مانەوە لە ژیاندا دەدەن، ئەوەی گرنگە بۆیان دەستخستنی شوێنی سەلامەت و خۆراکە، هەبوونی خەتەنەی منداڵێکی کچ بە کێشەیەکی جدیی نابینێت، بۆیە ناتوانرێت بەرەوپێشچوون لە هەوڵەکاندا بۆ بنبڕکردنی ئەو نەریتەی ڕیشەی داکوتاوە کارێکی هێندە کورتخایەن و سادە نییە.

ئەوەشی بەبیر هێنایەوە، لەو قەیرانانەدا مرۆڤ هەموو شتێک دەکات بۆ دەستخستنی خۆراک و وتی: ئێمە بیستوومانە کەس هەبووە بۆ دەستکەوتنی بژێویی ژیان و نان بەرامبەر بڕێک پارە یاخود ئارد منداڵانی کچی خەتەنە کردووە و کردوویەتی بە سەرچاوەی داهات و بێگومان ئەگەر خەڵکیش داراییەکەی لاواز بێت دەست بۆ هەموو کارێک دەبات.

“بەپێی دوایین ئامار ساڵی ڕابردوو ١٠٠ حاڵەتی خەتەنەکردنی مێینە لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە”

بۆ دەستکەوتنی دواین ئامارەکان ڕۆژنیوز پرسیاری لە باخان جەمال سەرپەرشتیاری پرۆژەکانی ڕێکخراوی وادی کرد و ئەویش تایبەت بە ڕۆژنیوزی ڕاگیاند،  ساڵی ٢٠٢٣ لە چوار ناوچەی هەرێمی کوردستان کاریان لەسەر هۆشیارکردنەوە و بەرەنگاربوونەوەی خەتەنەکردنی مێینە کردووە، کە گەرمیان، هەڵەبجە، هەولێر و ڕانیە بوون، لە بەدواداچوونەکانیشیاندا بۆیان دەرکەوتووە بە کۆی گشتی ١٠٠ حاڵەتی نوێی خەتەنەکردنی مێینە هەن، بە شێوەیەک ٦٠ حاڵەتیان لە ڕانیە و ٤٠یان لە هەولێر بوون.

لەبارەی ئەوەی چۆن ئامار و زانیارییەکانیان کۆکردووەتەوە، باخان وتی: بۆ کۆکردنەوەی زانیارییەکان نموونەی یەک هەزار و ٢٠٠ ژنیان هەبووە، کە لەو ژمارەیە ١٠٠یان پشتڕاستیان کردووەتەوە خەتەنەکراون، تەمەنی هەر ١٠٠ کەیسەکەش خوار ١٨ ساڵ بووە، کە واتای ئەوەیە زۆر نوێن و لەم ساڵانەی دواییدا ئەنجامدراون.

ئەمە لە کاتێکدایە ڕانیە، ساڵی ٢٠٢٢یش بەرزترین ڕێژەی خەتەنەکردنی تێدا تۆمار کراوە، کە ١٤٧ حاڵەت بووە و هەولێریش ڕێژەکە بە شێوەیەک لە هەمان ئاستدا ماوەتەوە، بەوەی لە ٢٠٢٢دا ٦٧ حاڵەت هەبووە و ٢٠٢٣ بووەتە ٦٠ حاڵەت.

باخان جمال
باخان جمال

هاوکات باخان تیشکی خستەسەر ئەو زیانە جەستەیی و دەروونیانەی خەتەنەکردن لەسەر منداڵانی کچ جێی دەهێڵێت و بۆ هەتا هەتایە ئازاری دەدات و وتی: ئەنجامدانی خەتەنەکردن بۆ منداڵانی کچ یەکەم تراومای منداڵییەتی و هەرگیز لە یادی ناچێت، بە جۆرێک ئەگەر بڕۆیتە کۆبوونەوەی ئەو ژنانەی، کە خەتەنەکراوە یەکسەر پێیانەوە دیارە، بە قسەکردن و جل لەبەرکردنیاندا هەست بەوە دەکەیت، کە ئەم ژنە کێشەیەکی هەیە، کاریگەری دەروونی و نەبوونی متمانە بە خۆبوون بەرامبەر بە خێزان و کۆمەڵگاکەی.

هاوشێوەی شۆخ محەمەد باخان جەمالیش، دووپاتی کردەوە، ئەو ئامارانەی دەستیان خستووە تەنها ئەوانەن، کە ئاشکران و بیستراو و بینراون، بەڵام تا ئێستاش ئەو دیاردەیە بە شێوەیەکی تەواو نهێنیی و شاراوە ئەنجام دەدرێت.

ش. ئـ

Comments are closed.