کەژەکە: لە شوێنی بومەلەرزەکەی ٦ـی شوبات دەبێت ژیان بنیات بنرێتەوە

ناوەندی هەواڵەکان

لە یەکەمین ساڵیادی بومەلەرزەکەی ٦ـی شوبات، کەژەکە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا سەرەخۆشی لە گەلانی ناوچەکە دەکات و داوایان کردووە، کە سەرلەنوێ ژیانی نوێ دەستپێبکەن، دەشڵێن، لە شوێنی بومەلەرزەکەی ٦ـی شوبات دەبێت ژیان بنیات بنرێتەوە.

کۆردیناسیۆنی کۆمەڵەی ژنانی کوردستان-کەژەکە، لە بارەی یەکەمین ساڵیادی بومەلەرزەکەی ٦ـی شوباتی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

ڕاگەیاندراوەکەی کەژەکە بەم شێوەیەیە:-

لە یەکەم ساڵیادی بوومەلەرزەکەی ٦ی شوباتی ٢٠٢٣ کە ناوەندەکەی مەرەش بوو، یادی هەموو گەلەکەمان دەکەینەوە کە لە بوومەلەرزەکەدا گیانیان لەدەستدا، هاوکات پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی کەسوکاریان و سەرجەم گەلان دەکەین.

مەرەش، سەمسوور، مەلەتی، دیلۆک، ئامەد، هاتای، شارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا، کە هەزاران ساڵە ماڵی شارستانییەتەکان بوون، بوونەتە جوگرافیایەک کە کورد و عەرەب و تورک و ئەرمەن و موسڵمان و عەلەوی و مەسیحی و هەمووان لەخۆدەگرێت، هەمیشە پێشەنگ بووە لە بنیاتنانی شارستانییەتێکی دیموکراسی، بەهۆی ئەم پێشەنگایەتییەشەوە هەمیشە ڕووبەڕووی هێرشی هەموو دەوڵەتە دەسەڵاتدارەکان بووەتەوە، دەوڵەتی تورکی فاشیست بە سیاسەتی کرێ و تاڵان ڕێگەی لە بەردەم زۆرێک لە کارەساتەکان کردووەتەوە، بوومەلەرزەکەی وەک دەرفەتێک بینیوە و بووەتە تەماشاکەری مردنی خەڵک، دووبارەش سیاسەتەکانی تاڵانکاریی جێبەجێ کردووەتەوە.

ئەو منداڵانەی کە پێشکەشی مەزهەبەکان کراوە

هەموو ئەو ئامارانەی کە بڵاوکراونەتەوە دوورن لە ڕاستییەوە، هەرچەندە هەزاران خێزان زیانیان بۆ ئەو منداڵانەیکە لە ژێر داروپەردوو ڕزگاریان بووە، ڕایدەگەیەنن کە منداڵەکان ون بوونە، بەڵام دەوڵەتی فاشیست ئەوە ڕەتدەکاتەوە، چونکە لە منداڵی ناو بێشکە تا منداڵە پێنج ساڵە کوردە عەلەوییەکان، هەزاران منداڵ پێشکەش بە مەزهەبەکان کرا، وەک سیستەمێکی نەریتیی عوسمانی، منداڵانی ناوچە داگیرکراوەکان لە خێزانەکانیان جیا دەکرێنەوە، پاشان پەروەردە دەکرێن و بۆ خزمەتکردنی دەوڵەت بەکاردەهێنرێن، ئەم سیاسەتەش لەسەر ئەو منداڵانە جێبەجێ کرایەوە کە لە بومەلەرزەکە ڕزگاریان بوو.

ماڵەکانی مردن

ئەو بوومەلەرزەیەی کە ڕوویدا دەریخست کە هۆکاری مردنی ئەو ژمارە زۆرە لە بوومەلەرزەکەدا ڕووداوێکی سروشتی نییە، هۆکاری سیاسەتەکانی حکومەتی ئاکەپە – مەهەپەش بەکرێدان و تاڵانکردنە، بەو تەندەرانەی پێشکەشی لایەنگرانی کردووە و ئەندازیاری پڕۆژە و بینای کردووە کە گەلەکەمان دەکوژێت، هەزاران کەس لە گەلەکەمان دوای بوومەلەرزەکە کە چەند ڕۆژێک لە ژێر داروپەردوودا چاوەڕێی ڕزگارکردن بوون لە ئەنجامدا گیانیان لەدەستدا، لە کەشێکی وادا حکومەتی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە هاوکاری بەسەر لایەنگرانیدا دابەشکرد و زۆربەی گەلەکەمانی بۆ مردن هێشتەوە، چادرەکانی مانگی سوور بە گەلەکەمان فرۆشرا کە ساڵانێک بوو باجی بوومەلەرزەیان دەدا، تەنانەت خوێنی فرۆشت و دەرگای بەکرێدانی نوێی کردەوە، دەوڵەتی تورک لەگەڵ بوومەلەرزەکەی ٦ی شوباتدا لە ژێر داروپەردووەکاندا مایەوە و ڕووخساری فاشیستی خۆی بە هەموو دامودەزگاکانیەوە نیشان دا، دوژمنایەتی ئاکەپە و مەهەپە لە دژی کوردانی عەلەوی لەگەڵ بوومەلەرزەکە گەیشتە لوتکە.

تەنانەت دوای بوومەلەرزەکەش سیاسەتی کرێی بەردەوام بوو،  بە زۆرداری خاکی گەلی عەرەبی ئێمە کە خەڵکی کۆنی هاتاین لێیان وەرگیرا، بیناکان بەسەر گەلەکەمانەوە وێران کران، دووبارە دروستکرانەوە بۆ ئەوەی وەک کەرەستەیەک بۆ هەڵبژاردنی ناوخۆیی بەکاربهێنرێن، دایکێک کە لە بوومەلەرزەکەدا کەسوکارەکەی لەدەستداوە سەبارەت بە بینا وێرانبووەکان دەڵێت “ئێمە بەدەستەکانمان خۆمان ڕزگار کردووە”، پێویستە گەلەکەمان گوێ لە دەنگی ئەم دایکە بگرێت و جارێکی تر نەچنە ناو ئەو ماڵانەوە کە بۆ پروپاگەندەی هەڵبژاردن دروست دەکرێن.

هاوکاری ژنان

هەرچەندە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە، بەڵام بوومەلەرزەکە زیاتر کاریگەری لەسەر ژنان و منداڵان کرد، هاوکات لەگەڵ کارەساتەکانی کاتی بوومەلەرزەکە، ژنان لە دوای بوومەلەرزەکەوە تووشی کێشەی تەندروستی و پاکوخاوێنی و هیوا و خۆراک بوونەتەوە و زۆرێک لە ژنانی دووگیان لە سەر شەقامەکاندا لە بارودۆخی خراپی زستاندا منداڵەکانیان هێنایە دونیاوە، ئەو زەبر و زەنگەی لە کۆمەڵگادا ڕوویدا، خۆی وەک توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان نیشان داوە، تەنانەت لە چادرەکانیشدا، ئەو خێزانانەی کە لە دۆخێکی ئابووریی خراپدان، ڕوویان لە نەریتە دواکەوتووەکانی وەک هاوسەرگیری پیشوەختەی کچان کردووە، هەموو ئەمانە ئەرکدارمان دەکات کە دژی دەسەڵات و نەریتە فاشیستییە پیاوسالارییەکان بوەستینەوە.

سەرەڕای هەموو ئەمانە، لە ناوچەی بوومەلەرزەکە، لەلایەن کۆمەڵیک خوێندکاری کچی خۆبەخش کە قوتابخانەکانیان بەجێ هێشت و هەوڵیاندا هاوکاری ژنان بکەن و زەردەخەنەیەک بخەنە سەر ڕووی منداڵان، کامپەینی خێمەی هاوکاری ژنان و چەندین بارهەڵگر هاوکاریی و لەگەڵ هەڵمەتێک بۆ ناردنی سەبەتەیەک نان بۆ هەر ماڵێک لە سلۆپییەوە تا سەمسووریان ئەنجامدا، بوو بە مانادارترین دیمەنەکان، بە هاوکاری ژنان بەرەنگاری دەوڵەتی فاشیستی پیاوسالاری دەبنەوە، هاوکاری کۆمەڵگەیی چەندین جار بۆ هەموو جیهانی سەلماندووە کە دژایەتی دەوڵەت بە واتای ژیانی ڕاستەقینە دێت.

بانگەواز بۆ بنیاتنانی ژیان

بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات برینێکی گەورەی لەلای گەلەکەمانی دروستکرد و توڕەیی گەورەی لێکەوتەوە، بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات بۆ ئێمە ڕۆژی ماتەمینییە، ڕۆژی ماتەمینییە بۆ نەتەوەی دیموکراسیی کۆن، ئازارەکانمان زۆرن، بەڵام پێویستە بە ڕێگەی ڕێکخستن و هاوکارییەوە مانا بە ئازارەکانمان بدەین، وەک کەژەکە داوا لە هەموو دامودەزگاکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان و کۆمەڵە و یەکێتییەکان و پارتە سیاسییەکان و ژنان و گەنجان و شۆڕشگێڕان و خەڵکی دیموکراسی و سۆسیالیستی و هەموو گەلانی کورد و تورک و عەرەب دەکەین کە کارەساتی بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات بکەنە بنیاتنانەوەی ژیان.

داوا لە هەموو ژنان دەکەین، بەبێ ئەوەی ئەو کەسانە لەبیر بکەین کە لە بوومەلەرزەکەدا گیانیان لەدەستدا، بەبێ هاوکاری دەوڵەت، با توڕەیی خۆمان بۆ بنیاتنانی ژیانێکی ڕێکخراو و دیموکراسی و ئازاد بەکاربهێنین، ئێمە داوا دەکەین سیستەمی دیموکراسی و ئیکۆلۆژی و ئازادی ژنانمان لە بەرامبەر سیاسەتە کوشندەکانی دەوڵەتدا بنیات بنرێت.

ب. جـ

Comments are closed.