“دەسەڵات بەرپرسیاری یەکەمە لە هەر ڕووداوێکی کوشتن یان خۆکوشتنی ژنان”

سلێمانی

لە یەکەم مانگی ساڵی نوێدا، شەش ژن لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێم کوژران یاخوود بە شێوازێکی گوماناویی کۆتاییی بە ژیانیان هات، شارەزایان و چالاکوانان دەسەڵات و حکومەت بە بەرپرسیاری یەکەم دەزانن بەرامبەر هەر ڕووداووێکی کوشتن یاخود خۆکوشتنی ژنان.

لەگەڵ بوونی چەندیین یاسا بۆ پاراستنی مافی ژنان، چالاکوانانی مافی مرۆڤ و ژنان و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری، بەڵام تا ئێستاش ڕۆژانە ژنان دەکوژرێن و توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت، لەو بارەیەوە هەریەکە لە لەیلا عەبدوڵا توێژەری کۆمەڵایەتیی و شنە کەریم چالاکوان، بۆ ڕۆژنیوز دوان.

شنە کەریم
شنە کەریم

سەرەتا شنە کەریم چالاکوان لەبارەی زۆربوونی دیاردەکانی کوشتن و ناچار بەخۆکوشتنی ژنان وتی: هەر ژنێک خۆی دەکوژێت دەبێت بڵێین “ژن کوژرەکان کوشتیان”، چونکە هەر ژنێک یان هەر کەسێک  خۆی دەکوژێت پاڵنەرێک هەیە، کە وای لێدەکات خۆیی کۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنێت.

وتیشی: ڕۆژانە ژنان دەکوژرێن یان تیرۆر دەکرێن یان دەسووتێنرێن، ژن کوشتن دیاردەیەکی زۆر بەربڵاوە، هۆکاری سەرەکی نەریت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە، کە وا لە کەسێک دەکات پەنا بەرێتە بەر خۆکوشتن.

جەختی کردەوە، دەسەڵات و حکومەت و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بەرپرسیاری یەکەمن لەوەی ژنان دەکوژرێن و تیرۆر دەکرێن، چونکە لە بەرامبەر دیاردەکەدا بێدەنگن و هەڵوێستیان نییە.

ئەو چالاکوانە تیشکی خستە سەر یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانیی و وتی: لە ساڵی ٢٠١١ یاسایی توندوتیژی خێزانیمان هەیە، بەڵام  جێبەجێ نەکرا، کە ئامڕازێکە بۆ بنبڕکردنی توندوتیژیی بەرامبەر ژنان، بۆ جێبەجێ کردن و کارابوونی یاساکە پێویستە وەک ڕێکخراوەکان لەسەر حکومەت و پەرلەمان و دەسەڵات فشاری بەهێز درووست بکەین، چونکە ڕۆژانە هەواڵی کوشتنی ژنێک ناخی هەمووان دەهەژێنێت.

لە کۆتایی وتەکانیدا ئاماژەی بە چەند هۆکارێکی یری زۆربوونی ڕێژەی ژن کوشتن و ناچاربە خۆکوشتنی ژنان کرد و وتی: جیا لە توندوتیژیی جەستەیی توندوتیژیی دەروونیش هۆکارێکە بۆ زۆربوونی دیاردەکە، لە پاڵ قەیرانە ئابوورییەکان و کاریگەرییەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هاوسەرگیریی پێشوەختە.

لەیلا عەبدوڵا
لەیلا عەبدوڵا

لەلایەکی دیکەوە مامۆستا و توێژەری کۆمەڵایەتیی لەیلا عەبدوڵا ئەرکی چارەسەریی خستە ئەستۆی حکومەت و لایەنە پەیوەندیی دارەکان و وتی: کاتێک دیاردەیەکی خراپ یاخود نەرێنیی لە کۆمەڵگەیەکدا دەردەکەوێت ئەرکی حکومەتە، ڕێگە چارەیەکی بۆ بدۆزێتەوە و بەربەستی بۆ دابنێت، ئێستاش کاتێک گرفت و قەیرانی زۆر بەرۆکی کۆمەڵگەکەی ئێمەی گرتووە، وایانكردووە كوشتن و خۆكوشتن بگاتە ئاستێكی مەترسیدار.

ش. ئـ

Comments are closed.