بەشدارییکردنى ژنان لە ماراسۆنی بەسرە قەدەغە کرا

ناوەندی هەواڵەکان

لە پارێزگای بەسرە بە مەبەستی گەیاندنی پەیامی پێکەوە ژیانی ئاشتیانە و زیندووکردنەوەی ڕووگەی گەشتیاریی شارەکە، بڕیاربوو ماراسۆنێک بەڕێوەبچێت، بەڵام دەستەی سەرپەرشتیاری چالاکییەکە ڕایگەیاند، کە تەنها بۆ پیاوانە و ژنان ناتوانن تێیدا بەشداربن.

بڕیاربوو سبەی ڕۆژی هەینی، بۆ نیشاندانی ڕووگەی گەشتیاری بەسرە و گەیاندنی پەیامی ئاشتی و سەقامگیریی و پێکەوە ژیان، ماراسۆنێک بە بەشداری وەرزشوانان و هاوڵاتیانی پارێزگاکە ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتی گرووپە عەشایەریی و ئیسلامییە توندڕەوەکان و لەسەر ڕێنوێنیی پارێزگاری بەسرە، بە شداربوونی ژنان قەدەغە کرا و دەستەی سەرپەرشتار ڕایگەیاند، بەشداری تەنها بۆ پیاوانە.

ئەوەی جێی سەرەنجە چالاکییەکە لەپێناو گەیاندنی پەیامی ئاشتی کۆمەڵایەتیی و پێکەوە ژیان و سەقامگیریی پارێزگاکەیە، بەڵام لە یەکەم هەنگاودا بەشداربوونی بەشێکی کۆمەڵگەکەیان قەدەغە کرد، لە کاتێکدا ژنانی عێراق خاوەنی توانا و لێهاتووییەکی زۆرن لە وەرزشدا و چەندین دەستکەوتی گرنگیان هەبووە.

ش. ئـ

Comments are closed.