تۆمەتی چەکهەڵگرتن و وەستانەوە لە دژی دەوڵەت ئاراستەی وریشە مورادی کرا

ناوەندی هەواڵەکان

دوای تێپەڕبوونی چەند مانگێک بەسەر دەستگیرکرنی وریشە مورادی، چالاکوانی مافەکانی ژنان و ئەندامی کەژار، ڕژیمی ئێران تۆمەتی چەکهەڵگرتن و وەستانەوە لە دژی دەوڵەتی ئاراستە کرد.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، لەبارەی دۆخی وریشە مورادی چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ لەناو زیندان و ئاڕاستەکردنی تۆمەتێک لەپێناو هێشتنەوەی لە زیندان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، دوای تێپەڕینی شەش مانگ بەسەر دەستگیرکردنی وریشە مورادییدا، لەلایەن لقی پێنجی داواکاری گشتیی دادگای شۆڕش لە تاران، بە فەرمی تۆمەتی “بەغی” یان چەکهەڵگرتن و وەستانەوە لە دژی دەوڵەتی ڕووبەڕوو کراوە.

هەروەها باسیان لەوەشکردووە، کە وریشە مورادی لەم هەفتەیەدا دووجار، لەلایەن دادگای گشتیی و شۆڕشی تاران لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کراوە.

ئاماژەشیان بەوەداوە، دۆسیەی وەریشە مورادی دوای ئاراستەکردنی تۆمەتەکەی ڕەوانەی لقی ١٥ـی دادگای شۆڕشی ئیسلامی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر سەلەواتی کراوە.

وەریشە مورادی چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان و ئەندامی کەژار لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠٢٣، لەلایەن هێزەکانی ڕژێمی ئێران لە نزیک سنە ڕفێندرا و تائێستاش دەستبەسەرە و بە درێژایی ئەو ماوەیە ڕێگە بە بنەماڵەکەی نەدراوە چاویان پێی بکەوێت.

ب.جـ

Comments are closed.