مامۆستایانی ژن: نەوەیەک پەروەردە دەکەین بەڕووی ستەمدا بووەستنەوە

هەرێم قادر

مامۆستایانی ژن بەردەوامن لە پێشەنگایەتی کردنی خۆپیشاندانەکان و لەڕیزی پێشەوەن بۆ داواکردنى مافەکانى خۆیان و هاوپەیشەکانیان، مامۆستایان دەڵێن: ئێمە بۆیە لەسەر شەقامین تا نەوەیەک پەروەردە و گەورە بکەین کە بە ڕووی ستەم و نادادییدا بووەستێتەوە و بڵێت نەخێر.

لە ماوەی پێنج مانگی خۆپیشاندانەکانی مامۆستایاندا؛ مامۆستایانی ژن ڕۆڵی کاریگەری خۆیان نیشانداوە و پێشەنگایەتی ناڕەزایەتییەکانیان دەکەن و درووشم لە دژی دەسەڵات دەڵێنەوە و داوای ماف و دادپەروەریی بۆ خۆیان و کۆمەڵگەکەیان دەکەن.

لە هەڵەبجەش بەهەمان شێوەی ناوچەکانی بایکۆت دژی پێنەدانی مووچە و ڕاگرتنی پلە بەرزکردنەوە، خۆپیشاندانی مامۆستا و فەرمانبەران بەردەوامی هەیە، لەو بارەیەوە مامۆستایانی ژن لە ڕێی مایکی ڕۆژنیوزەوە بەڵێنیان دووپاتکردەوە تا دەگەن بە ئامانج و جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان بەردەوام دەبن.

نەسرین حەمەئەمین
نەسرین حەمەئەمین

نەسرین حەمەئەمین مامۆستای ناڕازی بە ڕۆژنیوزی وت: ژنانی کورد بە درێژایی لە ھەموو بوارەکاندا مێژوو پێشەنگ بوون، بەتایبەت لە گەیاندنی دەنگی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان، دەبینین ئێستا لە سێ بەشی خۆپیشاندانەکان زۆربەی ژنان بەشداری تێدا دەکەن.

وتیشی: ئەگەر بایکۆت و خۆپیشاندانەکان جارێک قورس بێت بۆ پیاوان سێ جار ناڕەحەت و قورسە بۆ ژنان، لەبەرئەوە داوا لە ژنان دەکەم ماندوو نەبن لەو خەبات شۆڕشەی دەستیان پێکردوە تابەدەستھێنانی مافەکانیان، بۆیە ژنانی کورد لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ بەرھەمھێنەر و کۆڵەکەی ڕاگرتنی کۆمەڵگەبوون، ھەمیشە پێشەنگ بوون لە خۆپیشاندان و کەیسەکاندا ڕۆڵ و گرنگی تایبەتی خۆیان ھەیە.

شنە عەل
شنە عەل

شنە عەلی مامۆستایەکی دیکەیە بە ڕۆژنیوزی وت: ئێمەی ژنان وەک تاکێکی کۆمەڵگە دووجار زوڵمان لێ دەکرێت، یەکەم لەلایەن کۆمەڵگە و دووەمیش لەلایەن پەروەردەکانمانەوە، کاتێک مووچەم پێنەبێت ناتوانم خزمەتی خوێندکار و منداڵەکانی خۆشم بکەم، ئاشکراشە لە مێژەوە ژنانی کورد ڕۆڵی گەورەو کاریگەرییان ھەیە، هەمیشە لە ھەوڵ و تێکۆشاندا بوون و قوربانییانداوە.

وتیشی: ئەم شەقامە شەقامی مەردایەتی و بوێرەکانە، ئێمەی ژنیش ھیچ کاتێک خۆمان لە پیاوان بەکە متر نەزانیەوە، کاتێک ڕووداو پێشھاتەکان ھاتبێتە پێش، نەیەینە شەقام بۆ داواکاری و مافەکانی خۆمان، شانازیش دەکەین دەنگی دلێرمان ھەڵبڕین و لەشەقامدا شانبەشانی مامۆستاو ھاوپیشەو ھاوڕێکانمان دەنگی ناڕەزایەتی بەرزبکەینەوە بۆ دەستھێنانی مافەکانی خۆمان.

شنە عەلی بەھۆی بایکۆتەوە سزا درابوو باسی لەوەشکرد و وتی: بە شانازی دەکەم لەسەر داواکردنی مافی خۆم و ھاوپیشەکانم سزادراوم، بەڵام ئەو سزادانەی دەسەڵات بۆ مامۆستایانی ژن وامان لێ دەکات بەردەوام بین لە خەباتی مەدەنیی پشتی ھاوپیشەکانمان بەرنەدەم سوورترمان دەکات لەسەر بەدەستھێنانی مافەکانمان.

سروشت ھاواری
سروشت ھاواری

 

سروشت ھاواری مامۆستایەکی دیکەی ژنە و بەشداری لە خۆپیشاندانەکاندا کردوە بە ڕۆژنیوزی وت: ھەر شۆڕشێک ژنان تێیدا بەشدار بوو ئەو شۆڕشە بە ئەنجام دەگات، ئێمەی ژنانیش وەک تاکێکی کۆمەڵگە لەسەر شەقامین، داوای مافی خۆماندەکەین نەوەیەک فێردەکەین بڵێن نەخێر.

ئەو مامۆستا ژنە وتیشی: بەردەوامین لەسەر شەقام تا ئەو کاتەی دەسەڵات داواکارییەکانمان جێبەجێ دەکات، ئاشکراشە لە دوو لاوە ستەمان لێ کراوە، لەلایەن کۆمەڵگە و دواتریش لەلایەن پەروەردەوە، پەروەردە بە سزادانی مامۆستایانی ژن دەستی پێکرد، بەڵام ئەوان نازانن لەناو خۆپیشاندانەکاندا پێشڕەوی زۆر بەھێزی ژنمان ھەیە، پێویستە دەسەڵات ئەو ھەڵەیە نەکات.

ش. ئـ

Comments are closed.