سبەی مامۆستایانی ناڕازیی گردبوونەوەى فراوان ئەنجام دەدەن

ناوەندی هەواڵەکان

ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازیی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا ڕایانگەیاند، دەسەڵات بە فشار، هەڕەشە و سزا لە بەرامبەر خەباتی مەدەنیی مامۆستایان و فەرمانبەران وەستاوەتەوە، دەشڵێن، سبەینێ کاتژمێر ١٠ـی بەیانی، لە چەندین ناوچەى هەرێمى کوردستان خۆپیشاندانی بەرفراوان ئەنجام دەدەن.

ئەمڕۆ، لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانی، ئەنجوومەنی سەرتاسەریی مامۆستایانی ناڕازیی، لە بارەی بەردەوامیدان بە دەربڕینى ناڕەزایەتیەکان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییان ئەنجامدا.

لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا، مامۆستایانی ناڕازیی ڕایانگەیاند، دەسەڵات بە فشار، هەڕەشە و سزا لە بەرامبەر خەباتی مەدەنیی مامۆستایان و فەرمانبەران وەستاوەتەوە، تا لە ڕێگەی بە کۆیلەکردنەوە کۆتایی بە بایکۆت و ناڕەزایەتییەکان بهێنێت، ئەم کردەوەیەش بە کارکردنی زۆرە ملێیانە ئەژمار دەکرێت.

ئاماژە بەوەش دەکەن، سبەینێ لە کاتژمێر ١٠ـی بەیانی لە ناوچەکانی سنووری بایکۆت خۆپیشاندانی بەرفراوانی مەدەنیی ئەنجام دەدەن.

ئەمە لە کاتێکدایە، دەبوایە لە ناوەڕاستی مانگی نۆى ساڵى ڕابردوو، پرۆسەی خوێندن لە تەواوی هەرێمی کوردستاندا دەستی پێ بکردایە، بەڵام بە هۆی پێنەدانی شایستە داراییەکان، وەستاندنی پلە بەرزکردنەوە و دانەمەزراندنی مامۆستایانی وانبێژ، تا ئێستا لە بەشێک لە ناوەندەکانی خوێندنی سنووری پارێزگای سلێمانیی، هەڵەبجە، گەرمیان، ڕاپەڕین و کۆیە پرۆسەی خوێندن دەستی پێ نەکردووەتەوە.

ب. جـ

Comments are closed.