لە باڵەکایەتى ڤێستیڤاڵی یاریەكانی سەر بەفر بەڕێوەچوو

باڵەکایەتى

ساڵانە لە وەرزی زستان و لە كاتی بەفر باریندا لە باڵەكایەتی فێستیڤاڵی بەفر لە بەرزاییەكانی ئەو ناوچەیە لە لایەن گەشت و گوزاری چۆمان بە ئامانجی راكێشانی گەشتیاران بۆ ناوچەكە و چێژ وەرگرتن لە سیمای ناوچەكە ئەنجام دەدرێت.

ئەمرۆ، لە بەرزاییەكانی گوندی وێزەی دەڤەری باڵەكایەتی لە سنوورى پارێزگاى هەولێر، بە بەشداری چەندین یاریزانی ناوخۆیی و بیانی چەندین یاری سەر بەفر ئەنجامدران و پێشبركێی یارییەكانی سەر بەفر بەڕێوەچوو.

لەوبارەوە، شەماڵ مستەفا یەكێك لە بەشداربووانی فێستیڤاڵەكە بۆ ڕۆژنیوز وتى؛ ئەم ناوچەیە ناوچەیەكی لە بارە بۆ یاریەكانی سەربەفر و كۆکردنەوەی یاریزانان و ئارەزوومەندانی یاریەكانی سەربەفر، بۆیە ئەمرۆ بەشداربووین لەم چالاكییە، كە تایبەتە بە یاریەكانی سەر بەفر لە سنوورەكە.

ئاماژەى بەوەشکرد، ئەگەر گرنگی زیاتر بە ناوچەكە بدرێت دەتوانرێت لە هەموو وەرزەكاندا و بە تایبەت لە وەرزی زستاندا ئەم یاریە ئەنجام بدرێت و گەشتیارى زیاتریش سەردانى ناوچەکە بکات ئەوەش دەبێتە هۆی بوژانەوەی ناوچەكە لە لایەنی ئابورییەوە .

هەروەها، عومەر محەمەد یەكێك لە سەرپەرشتانی چالاكی سەر بەفر لە باڵەكایەتی  بۆ ڕۆژنیوز دەڵێت: ئامانج لەم چالاكییە خزمەتكردنە بە بواری گەشتیاری لە سنوورەكەدا، كە گەشتیارى بیانیی و ناوخۆیی سەردانی دەكەن و چێژ لە دیمەنەكانی ئەو ناوچەیە دەبینن.

ئەوەشى خستەڕوو، لەم ڤێستیڤاڵەدا چەندین یاری جیاواز، كە تایبەتن بە یاری سەر بەفر و زستان ئەنجامدران و پێشبركێیەك لەنێوان یاریزانانی ناوخۆیی و بیانیی ئەنجامدرا و یاریزانى بیانیى و ناوخۆیى تێیدا بەشدارن .

ڤێستیڤاڵی یاریەكانی سەر بەفر لە باڵەكایەتی ساڵانە لە وەرزی زستان ئەنجام دەدرێت و ئامانج لێی ڕاكێشانی گەشتیارە بۆ ناوچەكە لە لایەن گەشت و گوزاری سنوورەكە ڕێک دەخرێت و ئەمڕۆش سێیەم ڤێستیڤاڵى ساڵانە لە سنورەكە ئەنجام درا.

ئ.م

Comments are closed.