ژنانی ئەفغانستان: تێکۆشانی ژنانی کورد بووەتە سەرچاوەی هیوا

ناوەندی هەواڵەکان

لە پەیامێکدا بۆ کژار، لەگەڵ ئیدانەکردنی هێرشەکانی دەوڵەتى تورک بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانى کوردستان، کۆمەڵەی ڕاوای ئەفغانستان ڕایگەیاند، شۆڕشی ژنانی کورد بووەتە هیوا بۆ تەواوی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سرووشیان لێ وەردەگرین.

کۆمەڵەی ژنانی شۆڕشگێڕی ئەفغانستان-ڕاوا، لە پەیامێکدا، کە بۆ کۆمەڵەی ژنانی ئازادیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- کژاریان ناردووە، هاوسۆزی خۆیان بۆ کژار دەربڕی و تاوانەکانی ڕژێمەکانی ئێران و تورکیایان بەرامبەر بە گەلی کورد شەرمەزار کرد، هاوکات جەختیان کردووەتەوە، تێکۆشان و شۆڕشی ژنانی کورد بۆ تەواوی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرچاوەی هیوایە و سرووشیان پێ دەبەخشێت.

ڕێکخراوی ڕاوا لەگەڵ بەبیرهێنانەوەی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی دوو شەڕڤانی کورد بە ناوەکانی ئارین ئاری و هێرش بەرخودان، نووسیویەتی، “خەباتی هاوبەشمان دژی هێرشەکان و هەژموونخوازان، ژنانی ئەفغانستان و کوردستان پێکەوە گرێ دەدات.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، “دەوڵەتی فاشیستی تورکیا جاری یەکەم نییە هێرشی لەو شێوەیە ئەنجام دەدات، بەڵکوو ساڵانێکە گەلی کورد دەکاتە ئامانج و ژنانی تێکۆشەری کورد شەهید دەکات، کەچی جێگەی داخە دەوڵەتانی زلهێز هیچ هەڵوێستێک نیشان نادەن و بەرامبەر ئەو تاوانانە و بێدەنگیان هەڵبژاردووە.”

ئاماژەی بەوەش کردووە، ژنانی ئەفغانستان لەگەڵ ژنانی کورد خاوەنی یەک دۆزن، بۆیە ئەوان پشتیوانی لە تێکۆشانی ژنانی کورد دەکەن، کە دژی ستەم و داگیرکاری بەڕێوەی دەبەن.

هەر لە پەیامەکەیاندا ژنانی تێکۆشەری ئەفغانستان، لەسێدارەدانی ئەو چوار زیندانییە سیاسییەیی کوردیان شەرمەزار کرد، کە دوو هەفتە لەمەوبەر لە کەرەج لە سێداردران.

ش. ئـ

Comments are closed.