ئەمڕۆ دانووستانەکان لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دەست پێدەکات

ناوەندی هەواڵەکان

ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری ئەمنی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ دانووستانی بەرفروان لەنێوان واشنتۆن و بەغدا لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق دەست پێدەکات، دەشڵێت، دەبێت لە دانوستانەکان لەگەڵ لایەنى ئەمریکى هەڵوێستى یەکگرتومان هەبێت.

خالید یەعقوبی
خالید یەعقوبی

خالید یەعقوبی ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانى عێراق بۆ کاروباری ئەمنی لەچاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی عێراقیە لەبارەی پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و دەست پێکردنى دانوستان لەوبارەوە لەنێوان هەردوولا بەمجۆرە زانیارى خستووەتەڕوو:-

لە سەرەتاى قسەکانیدا خالید یەعقوبی وتویەتى، ئەمڕۆ دانوستانی بەرفروان لەنێوان واشنتۆن و بەغدا دەستپێدەکات لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق، ئێمە سوورین لەسەر چوونە دەرەوەی هێزە بیانیەکان لە خاکەکەمان.

باسى لەوەشکردووە، حکومەتی هەرێم دەبێت ئاگاداری ڕاستییەک بێت، کە ئەو بڕیارە ناوەندیانەی دەدرێن پەیوەندییان بە ئاسایشی عێراقەوە هەیە، هەرێمیش بەشێکە لەو سیستەمە.

دەشڵێت، سەرۆکی کۆمار، کە پارێزەری دەستوورە، وەزیری دەرەوەى عێراق، کە کوردن، سەرۆکی ئەرکانی پێشمەرگەش لە شاندی ئەمنیەتى عێراقە لە هەموو دۆخەکاندا لەگەڵمان بوون، هەربۆیە بۆ دانوستانەکانمان لەگەڵ لایەنی ئەمریکییە دەبێت هەموان هەڵوێستی یەکگرتوویان هەبێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، شەوى ڕابردوو پەرلەمانى عێراق بە بێ ئامادەبوونى لایەن کوردى و سونیەکان لەبارەى دەکردنى هێزە بیانیەکان لە خاکى عێراق کۆبونەوە و دواتر پەرلەمانتارانی شیعە وتیان، تۆڵە لە كورد و سوونە دەكەنەوە، هەروەها ڕێگا نادەن یاسای بودجە هەمواربكرێتەوە و پشكی هەرێم زیاد بكرێت.

ئ.م

Comments are closed.