دیوە تاریکەکەی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتیی لە زاری ڕێبەر ئۆجالانەوە-بەشی یەکەم

ناوەندی هەواڵەکان

ڕێبەر ئۆجالان دەڵێت: پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی، لە سەرەتاوە تا دوایی، لەلایەن ئیسرائیل- ئەمریکا و یەکێتی ئەورووپا و ڕووسیاوە ئامادە کرا، بە ڕەنگێک لە گاشە بەردەکانی ئیمرالی بەند کرام و دووچاری چارەنووسێکی وەها کراوم، ڕووداوەکانی ‘میتۆلۆژیای پرۆمیتۆس’ لە چاویدا بە سەد ئاو شۆردراوەتەوە.”

ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە بەرگرینامەی ‘مانیفێستۆی شارستانییەتی دیموکراتیک’ پەرتووکی یەکەم، دیوە شاراوە و ترسناکەکەی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی ١٥ـی شوباتی ١٩٩٩ دەخاتەڕوو، کە تێیدا بە گەلەکۆمەیەکی هەواڵگریی و سەربازیی و سیاسیی ڕێبەر ئۆجالان لە کینیا ڕفێندرا و لە دوورگەی ئیمرالی خرایە زیندانی تاکە کەسییەوە.

ڕێبەر ئۆجالان دەڵێت: “کاتێک منیان هێنایە دوورگەی ئیمرالی، یەکەمین کەس، کە پێشوازی لێ کردم، ژنێکی حەفتا ساڵە بوو، ئەو نوێنەری دەستەی سەرۆکایەتیی کۆمیتەی ڕێگرتن لە ئەشکەنجەی سەر بە کۆنسەی ئەورووپا بوو، هەر لە سەرەتاوە پێی گوتم: “تۆ لەم بەندیخانەیەدا دەمێنیتەوە، ئێمەش لە ڕێی کۆنسەی ئەورووپاوە چاودێریی دۆخەکە دەکەین و هەوڵی پێشخستنی هەندێک ڕێگاچارە دەدەین.”

“لە سەر بنەمای دووڕوویی خیانەتێک لە دۆستایەتیی، کە هاوتاکەی یەکجار دەگمەنە، دەوڵەت-نەتەوەی یۆنان، کاتێک پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆماری تورکیا تەوەرەی بەرژەوەندپەرستیی بۆ سەربار بوو، منی خستە ژێر چنگی ئەمریکا (سی ئای ئەی)ـیەوە، لە سەردەمی ‘پاشا ڕووت و خوداوەندە بێدەمامکەکان’ـدا، بە ڕەنگێک لە گاشە بەردەکانی ئیمرالی بەند کرام و دووچاری چارەنووسێکی وەها کراوم، ڕووداوەکانی ‘میتۆلۆژیای پرۆمیتۆس’ لە چاویدا بە سەد ئاو شۆردراوەتەوە.”

“ماجەرای ئەو قۆناغەی لە سووریا ڕێگەی لە پێش دەرچوونم کردەوە، زۆر لەمە سەرسووڕهێنەرترە، لە ناوەڕۆکدا ئەو شاهۆکارەی منی لە سووریا دەرخست، خۆی دەسپێرێت بە بایەخپێدانی من بە پەیوەندییەکانی دۆستایەتیی و ناکۆکیی لەگەڵ سیاسەتی ئیسرائیل لەمەڕ کوردان، ئیسرائیل کە بە تایبەت لە پاش جەنگی جیهانیی دووەمەوە خۆی کردووە بە سەرداری پرسی کورد، لە بەرانبەر بەردەوام بەهێزبوون و کاریگەرتربوونی دووەمین شێوازی ڕێگەچارەی پرسی کورد، کە لە کەسێتی مندا بیچمی گرتبوو، هێندە هەستیار بوو؛ بەرگەی نەدەگرت،  مسۆگەر شێواز و ڕێ و ڕێبازی من بۆ چارەسەریی لەگەڵ هاوکێشە و لێکدانەوەکانیاندا نەدەهاتەوە، ناشێت نکۆڵی لە هەوڵەکانیان بکەم، مۆساد بە ناڕاستەوخۆ لەمەڕ چارەسەریی بە ڕێگەی خۆیان بانگهێشتی کردم، بەڵام لە سۆنگەی ئەخلاقیی و سیاسیشەوە من بۆ ئەمە کراوە و ئامادە نەبووم.”

“دەسەڵاتدارێتی عەرەبی سووریا هەرگیز نەیدەویست ئەو شێوە پەیوەندییە تێپەڕ بکات کە زیاتر تاکتیکی بوو، هەروەک دەزانرێت سەرکردایەتی ‘حافز ئەسەد’ لە سایەی نکۆڵی و ململانێی نێوان هەژموونی ئەمریکا- یەکێتی سۆڤییەت، لەسەر پێ ڕاوەستابوو، لەو قۆناغە هەستیارەی پاش هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤییەت هاتە گۆڕێ، لە دۆخێکدا نەبوو هیچ پەیوەندییەکی تاکتیکی خۆی بپارێزێت، لە واتایەکدا؛ هاوسەنگکردنی تورکیا بە من (پەکەکە) گەڕان بوو بە دوای وەڵامی هەڕەشەکانی دوای ساڵی ١٩٥٨ـی کۆماری تورکیا لەسەر سووریا و پشتگیریی بەهێزی بۆ ئیسرائیل، لەبەر ئەوەی پەکەکە لەوبارەیەوە ئامڕازێکی گونجاو بوو، دەرفەتی بە پەیوەندییەکانی تاکتیکی درێژخایەن دا، نەیاندەویست ئەوە ببینن، کە ئەم پەیوەندییە دەبێتە ڕێگەخۆشکەر بۆ دووەمین جۆری سیاسەتی کورد، لەم واتایەدا گشت هەوڵەکانی دەسەڵاتدارانی تورک بێکاریگەر بوو، تەنانەت ئەم باسە کورتە نیشانی دەدات، کە ئەو هێزە سەرەکییەی منی لە سووریا دەرپەڕاند، ئیسرائیل بوو، بێگومان بە پاڵهێزی فشارە سیاسییەکانی ئەمریکا و فشارە سەربازییەکانی تورکیاش.”

“نابێت لە بیری بکەین؛ لە ساڵانی ١٩٥٠ بە دواوە ئیسرائیل ڕێککەوتنی نهێنی و ژێربەژێری لەگەڵ تورکیا هەبوو، دواتر ساڵی ١٩٩٦ واژۆکردنی ڕێککەوتننامەیەکی تریان لە ژێر ناوی “دژەتیرۆر” بۆ پەیوەندییەکانیان سەربار کرد، بەمەش پەیمانی دژە پەکەکە’ـیی (ئەمریکا-ئیسرائیل-تورکیا) مەیسەر بوو.”

لێرەدا دەمەوێت بڵێم: تا مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی شی نەکەمەوە، کە لە پشت ئەو خانمە حەفتا ساڵییەی نوێنەری کۆنسەی ئەورووپاوەیە و بۆ بەندیخانەی ئیمرالی فەرمووی لێ کردم، ناتوانم بە شێوەیەکی درووست چارەنووسی خۆشم شی بکەمەوە، قۆناغی پیلانگێڕیی لە سەرەتاوە تا دوایی، لەلایەن ئیسرائیل-ئەمریکا و یەکێتی ئەورووپا و ڕووسیای پاشماوەی یەکێتی سۆڤییەتی هەڵوەشاوەوە ئامادە کرا، هەرچی ڕۆڵی حکومەتەکانی سووریا، یۆنان و تورکیایە، لە خزمەتکاری بیرۆکراسی پلەدوو بەولاوە تێپەڕ ناکات.”

ب.گ

Comments are closed.