وادەی خۆ کاندید کردن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ڕووسیا کۆتایی هات

ناوەندی هەواڵەکان

ئەمڕۆ ئاژانسی تاس لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوى کردەوە، دەرگای کاندیدبوون بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری ڕووسیا داخرا، کە بڕیارە لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا بەڕێوە بچێت، ئاماژەی بەوەشکردووە، لیستی کاندیدەکان بریتین لە ڤلادیمێر پوتن و سێ سیاسەتمەدارى دیکە، کە هەموویان پشتگیری لەو شەڕى وڵاتەکەیان دژى ئۆکراین دەکەن.

ئاژانسی تاسی ڕووسی لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوى کردەوە، دەرگای کاندیدبوون بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری ڕووسیا داخرا، کە بڕیارە لە مانگی ئازاردا لە ڕووسیا بەڕێوە بچێت.

ئاژانسەکە ناوی کاندیدەکانى بۆ پۆستى سەرۆکى ڕووسیا بلاوکردووەتەوە، کە بریتین لە ڤلادیمێر پوتن، ڤلادیسلاڤ داڤانکۆڤ جێگری سەرۆکی دوما (ئەنجومەنی ڕاوێژکار)ی ڕووسیا و ئەندامی حزبی گەلی نوێ، لیۆنید سلۆتسکی سەرۆکی حزبی لیبراڵ دیموکراتی نەتەوەپەرست و نیکۆلای خاریتۆنۆڤ کاندیدی حزبی شیوعی.

دەشڵێن، ڕۆژی پێنجشەممەى ڕابردوو بۆریس نادژدین سیاسی ناوداری ڕووسی لەخۆ کاندیدکردن بۆ هەڵبژاردنەکان دوورخرایەوە، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، کە پێشتر شەڕی ئۆکراینى بە “هەڵەیەکی ترسناک” وەسف کردووە، لای خۆیەوە ناژدین، ڕایگەیاند، تانە لە بڕیارەکەی کۆمیسیۆنی ناوەندی هەڵبژاردنەکان دەدات لە دادگای باڵای ڕووسیا.

باس لەوەشکراوە، پێشبینی دەکرێت پوتنی تەمەن ٧١ ساڵ لە هەڵبژاردنەکانی مانگی داهاتوودا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت .

ئ.م

Comments are closed.