پەرلەمانتارێك: عێراق ئاگادارى هێرشەکان نییە

ناوەندی هەواڵەكان

ئەندامێكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، حكومەتی عێراق ئاگاداری كاتی بۆردومانەكانی ئەمریكا، ئێران و توركیا بۆ سەر خاكەكەی نییە، ئەگەر نا عێراق وەڵامی ئەو هێرشانە دەداتەوە، دەشڵێت، ئەو هێرش و ئۆپەراسیۆنانە لە شوێنی نهێنی و كاتی دیاری نەكراودا ئەنجام دەدرێت.

یاسر وەتوت، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق لە بارەی وەڵامی هێرشەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك و ئێران و ئەمریكا بۆ سەر سەروەری عێراق، بۆ میدیا ناوخۆییەكان دەدوێت.

یاسر وتوت ڕایگەیاند، بەدڵنیاییەوە عێراق كاتی بۆردومانەکانى ئەمریكا و ئێرانی و توركیا بۆ سەر خاكەكە نازانێت، ئەگەر ئاگاداربوایە ناڕەزایی دەردەبڕی و ڕێگری لەو هێرشانە دەكرد، چونكە حكومەت ئەم پێشێلكارییە قبوڵ ناكات.

ئاماژەی بەوەشكرد، هێرش و ئۆپەراسیۆنەكان بە نهێنی ئەنجام دەدرێن، بەدڵنیاییەوە هەوڵە هەواڵگرییەكانی عێراق ناتوانێت بچێتە ناو ئەو پلان و جموجۆڵە سەربازییانەوە بۆ ئەوەی ڕێگری لێ بكات، چونكە ئەم هێرشانە سروشتێكی زۆر نهێنییان هەیە، ئەستەمە هەر ئامێرێك هەبێت كاتی هێرشەكە بزانێت، تەنانەت لەلایەن ئەو وڵاتانەشەوە، كە سیستەمی بەرگری بەهێزیان هەیە.

جێگەی ئاماژیە، ئێران و ئەمریكا و دەوڵەتی تورك، بە تایبەتی دەوڵەتی داگیركەری تورك بەردەوامە لە هێرش و داگیركارییەكان بۆ سەر خاكی هەرێم و عێراق، كە لە ئەنجامدا چەند هاوڵاتی مەدەنی كراونەتە ئامانج، هەروەها زیانی زۆریش بە ژینگەی ناوچەكەش كەوتووە.

هـ.ئ

Comments are closed.