ژیان پیران-مەخموور
گابار ناس، زوڵم و زۆرداریی، ئاوارەبوون، بۆردوومان و هەوڵە داگیرکارییە کەلتوورییەکان لە بەرامبەر خەونەکەیدا چۆکی پێنەدا و ئەشقەکەی بۆ ژەنینی ساز، گەیاندی بەو باوەڕییەی کە هەرچیت بوێت دەتوانیت بیکەیت، لەمەشەوە بە هۆی پەنابەرییەوە ناچاربوو لە قوتووی ڕۆن سازێک بۆ خۆی درووست بکات و بگات بە خەونەکەی و لەگەڵ دوو کچەکەیدا کۆبوونەوە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکان ئاوێزان بکات بە هونەر، هەمیشەش پەروەردەکردنی منداڵان بە کەلتوورە کوردەوارییەکان لەسەر زارێتی.
زۆرێک لە منداڵانی پەنابەر خەونەکانیان لە گیرفانە دڕاوەکانیان بەهۆی ئازاریی پەنابەرییەوە کەوت و بوو بە ئازارێک لە دڵیاندا، بەشێک لەو خەونانەش وەک ئازار و خەباتی ئەو منداڵانە وایە کە لە بەرخۆداندان و بوون بە بەشێکی بچووک لە فەرهەنگی کوردەواریی، گابار ناس یەکێک لەو منداڵە پەنابەرانەیە، کە بەهۆی پەنابەرییەوە نەیانتوانی خەونەکانیان لە باوەشی خۆیاندا گەشەپێبدەن، لە بەرامبەر هەموو ئەگەرەکانی ژیاندا، هەمیشە بیری لای ژەنینی تاڵە ژێیەکانی سازەکەی بوو و هەوڵیدا وەک هەموو کەسێک ساز بژەنێت.
ئێستا، گابار ناس، لە کامپی پەرانبەرانی شەهید ڕۆستەم جودی (مەخموور) نیشتەجێیە، چیرۆکی ژیان و ئارەزوو و داواکارییەکانی بەم شێوە بۆ خوێنەرانی ڕۆژنیوز گێڕایەوە.
گابار ناس، لەسەرەتای گێرانەوەی چیرۆکەکەیدا، گەڕایەوە بۆ ساڵی ١٩٩٢، کە ئەو کات بەهۆی زوڵم و زۆردارییەکانی دەوڵەتی داگیرکەریی تورکەوە، وەک هەڵکێشانی دار لە ڕەگەکەیەوە لە زێدی خۆی هەڵدەکەندرێت و بۆ مانەوە و ڕادەستنەبوون بە دەوڵەت لەگەڵ خێزانەکەیدا ڕوو دەکەنە کامپی زەلێ، هەرچەندە ٢٠ خێزان لە کامپەکەدا تێپەڕ ناکەن، لێ فڕۆکە قەلەڕەشە ئاساکەی دەوڵەتی تورک لە شەوێکی تاریکدا ڕایدەچڵەکێنن و لەناو ئاگری چواردەورییدا چاو دەکاتەوە و دەبینێت حەوت کەس لە کامپەکەدا شەهید بوون.
بۆیە ئەو کامپە بەجێ دەهێڵن و ڕوو دەکەنە کامپێکی دیکە کە پەنابەرانی دیکەی باکووری وڵاتی تێدا نیشتەجێن، لەوێدا چاوی بە تەلەفزیۆن دەکەوێت و لە کەناڵی “مەدیا تیڤی”یەوە، کلیپی شۆڕشگێڕانی ئازادیی و هونەرمەندانی ڕەسەنی کوردیی و سازی مۆرکی کوردان دەبینێتەوە، جارێکی دیکە خەونە ساردە لە مێشکدا ماوەکەی دەبێت بە پارچەیەک لە بڵێسەی ئاگر و ئارەزووی بۆ ژەنینی ساز زیاتر پێشدەکەوت، سا بۆ گەشتن بەم خەونەی، پەی دەبات بۆ قوتووی ڕۆن و سازێک درووست دەکات.
وەک خۆی دەڵێت: ڕەنگە سازەکەم دەنگ و شێوەکەی هاوشێوەی ساز نەبێت، بەڵام کاتێک کە دەستم لەسەر دادەنا و دەمژەنیی، ئەو باوەڕییەم لەلا درووست بوو، کە “مرۆڤ چی بوێت دەتوانێت بیکات”.
گابار ناس، سازەکەی درووست کرد، ئەمما پێویستی بەوە بوو کە بتوانێت بیژەنێت، لەبەر پەنابەربوون دەستی نەدەگەشت بە خولێکی پەروەردەیی فێربوونی ساز، بەڵام جۆشدانەما، لێرەوە دەست بە لێگەڕینێک بە مێشکییدا دەکات و دانە دانەی نۆتەکانی سەر سازەکەی لە هەناوی خۆییدا دەتوێنێتەوە، گۆرانی “بوکێ دەلالێ” دەکات بە یەکەم وێستگەی پێگەشتن بە خەونەکەی.
ئەم خەونەی لێرەدا نەوەستا، بەڵکو تا دەهات ئاستی زیاتر بەرەو پێش دەچوو، بۆیە پێویستیی بە سازێکی باشتر هەبوو تا خەیاڵەکانی بخاتە سەر پەردەکانی سازەکەی، لێ بەهۆی پەنابەرییەوە تا ماوەیەک ناتوانێت ببێتە خاوەن سازێکی خۆی، هاوڕێیەکی کە دەزانێت هێندە ئارەزووی بۆ ژەنینی ساز هەیە، فریشتە ئاسا سازێکی بە دیاری بۆ دەهێنێت و بڕیار دەدات کە شایەن بە دیارییەکە ببێت و دەڵێت: چی دەبێت با ببێت، هەر دەبێت بە خۆم فێری ئەم سازە بکەم.
ئێستا گابار، بووە بە سازژەنێکی تەواو و لەگەڵ دوو کچە دەنگ بولبولەکەی پێکەوە گۆرانی دەڵێن و لەناو خێزان و بۆنە کۆمەڵایەتییەکاندا بە گۆرانی و زریکەی ژێیەکانی سازەکەی دەستی، ڕەنگ و کەشێکی جیاوازتر بە دەوروبەریی دەبەخشێت و هەمووان ئاوێزان بە هونەر دەکات.
بە فێربوونی ساز کۆتایی بە خەونەکەی گابار ناس نایەت، بەڵکو هێدی هێدی خەونەکانی زیاتر دەبن و دەخوازێت هەموو دایک و باوکان، منداڵەکانیان بە کەلتوور و هونەری کوردیی پەروەردە بکەن و دەڵێت: داوا لە تەواوی گەل دەکەم، کە منداڵەکانیان لەسەر کەلتووری کوردەواری پەروردەبکەن با ببنە پارێزەر و درێژە پێدەریی نەریتی باوباپیران.
ئەم هونەرمەندە، ئێستا کیژۆڵەکانی بە گۆرانیی و هەڵپەرکیی کوردیی پەروەردە دەکات و دەڵێت: هەستێکی زۆر خۆشە منداڵ و باوک پێکەوە گۆرانی دەڵێن.
گابار، کۆتا بۆنی ئەو ناوچەیەی کە چاوی تێدا هەڵهێنا و لە یادگارییەکانی منداڵی بێبەشکرا، کۆتا بۆنی لەو کاتەوە سەراپای گیانی داگیرکردووە و ئومێدەوارە ڕۆژێک بە سازەکەی دەستییەوە بڕوانێت بەسەر شینایەتیی سرووشتی کوردستاندا و گۆرانیی ئازادیی بژەنێت، بۆیە دەڵێت: ئێستا تەمەنم ٤٠ ساڵە، هێشتا هیوامان هەیە و بە هێزی شەرڤانانی ئازادیی و فکری ڕێبەر ئۆجالان ڕۆژێک هەر دەگەڕێنەوە بۆ باکووری وڵات و لانەی منداڵیم.
ب. جـ
Comments are closed.